ئەو ڕۆژنامەنوسەی لە شەڕی هێزە كوردییەكان لە شەنگال برینداربوو، گیانیلەدەستدا

23-03-2017 12:36
نۆژیان ئاریان، دوای ئەوەی لەشەڕی نێوان لەشكری ڕۆژو هێزەكانی یەبەشە برینداربوو، ئەمڕۆ گیانیلەدەستدا. فۆتۆ: راگەیاندنەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان.


پەرەگراف- كەركوك ناو

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕۆژنامەنووس نۆژیان ئارهان، كە لە شەڕی نێوان لەشكری ڕۆژ‌و هێزەكانی یەبەشە لەسەرەتای ئەم مانگە لە شەنگال برینداربوو، گیانی لەدەستدا.

 

زەردەشت شەنگالی، فەرماندەی یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال(یەبەشە)، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوای 20 ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی شاری حەسەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان (سوریا)، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-3 ڕۆژنامەنوس نۆژیان ئارهان گیانیلەدەستدا."

 

لە 3-3 شەڕ لە نێوان پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوای كوردستان(لەشكری ڕۆژ) كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە مەشقیان پێكراوەو پڕچەككراون، لەگەڵ یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال(یەبەشە) كە لەئێزدییەكان پێكهێنراون‌و نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەستیپێكردو بەهۆیەوە فیشەكێك بەر سەری نۆژیان كەوت‌و بەسەختی برینداربوو.

 

شەڕەكە بەپێی هەردوو لایەنەكە كاتێك دروستبووە، پێشمەرگەكانی لەشكری ڕۆژ ویستویانە بچنە ناو ناحیەی سنونێ، بەڵام چەكدارانی یەبەشە ڕێگرییان كردووەو بەهۆیەوە نزیكەی پێنج كاتژمێر شەڕو پێكدادان بەردەوامبوو، كە ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.

 


نۆژیان ئارهان كێیە؟

 

– ناوی تەواوی (تۆما ئایكڵماس)ە.


– لە شاری ڕوحای باكوری كوردستان(توركیا) ساڵی 1984لەدایكبووە.

 

– ساڵی 2005 لەگەڵ كۆمەڵێك لە گەنجانی باكور بۆ ڕێگریكردن لە شەڕی نێوان گەریلاكانی پەكەكەو سوپای توركیا وەك قەڵغان چوونە سەنگەری گەریلاكانی پەكەكە.

 

– لەوكاتەوە پەیوەندی بە گەریلاكانی پەكەكەوە كردووە.

 

– لە دەزگا ڕاگەیاندنەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كاریدەكرد، لەوانە ئاژانسی هەواڵی ژوژن، ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، تەلەفزیۆنەكانی نەورۆز، ستێرك تیفی، مەد نوچە.

 

– لە 3-3ی 2017 لەشەڕی نێوان لەشكری ڕۆژو هێزەكانی یەبەشە فیشەكێك بەر سەریكەوت‌و بۆ چارەسەر گەیەنرایە شاری حەسەكەو لە 23-3 گیانیلەدەستدا.