"سەردەمی بێدەنگیی كۆتاییهات"، یەكێتییەكانی بادینان بەدوای سەركردایەتییەوەن

08-12-2019 09:19
یەكێتییەكانی بادینان دەیانەوێت لە كۆنگرەی ئەمجارەدا جیاوازبن


پەرەگراف- مەسعود هادی

كادیرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بادینان، لە هەوڵی ئەوەدان ببنە هێزێكی یەكگرتووی چاوەڕواننەكراو لە كۆنگرەی حیزبەكەیاندا، لەگەڵ شكاندنی بێدەنگیدا، كاربكەن بۆ گەیشتن بە سەركردایەتی و وەرگرتنەوەی هەموو ئەو مافانەی حیزب‌ لێی زەوت كردوون.

كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی، بڕیارە لە 21ی كانونی یەكەمی 2019دا بەڕێوەبچێت، ئەوەش دوای مێژویەكی دورودرێژ لە دواخستن بەهۆی ناكۆكیی كوتلە جیاوازەكانەوە، كە نەك هێشتا وەك خۆی ماوەتەوە، بەڵكو ململانێیەكە چڕتریش بووەتەوە.

عادل گۆران، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی لە دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "بادینان بێدەنگ نییە و لەزۆر بابەتیشدا ناكۆك بوین لەگەڵ سەركردایەتی، ئێمە داوای مافی ڕەوای كادیرانی خۆمان كردووە، بەڵام دوور لە ڕاگەیاندن".

لە ململانێی ناو كوتلەكانی یەكێتی، بە تایبەت لەگەڵ نزیكبونەوە لە وادەی كۆنگرە، كەمترین باس لەسەر بادینانە‌و هیچ كەسێكی خەڵكی ئەو ناوچەیەش ئێستا لە سەركردایەتی یەكێتییدا نەماوە.

پێشتر و بەپێی دەرەنجامی كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی، لە 2010دا، عارف ڕوشدی وەك تاكە ئەندامی سەركردایەتی لە پشكی یەكێتی بە تەزكیە و بە كەمترین دەنگ دانرا، تا دواتر وازیهێنا و ئێستا لەگەڵ پارتیدایە.

"لەوانەیە نەبونی سەركردایەتی كە خەڵكی بادینان بێت هۆكار بێت بۆ ئەوەی كەس نییە بەرگری لە مافی كادیرانی ناوچەكە بكات"، بەرپرسەكەی مەڵبەند دەڵێت، ئەوان توانا و قسەی كۆتایی خۆیان هەڵگرتووە بۆ كۆنگرە، "تا ببێتە كۆنگرەیەكی وا مافی كەس نەسوتێت و ئەوانەی خەباتی زۆریان هەیە هەوڵبدەن ڕێگە بكەنەوە بۆ گەنجەكان و دەموچاوی تازە بێنە پێشەوە".

بڕیارە لە بادینانەوە، بە مەڵبەندەكانی دهۆك، موسڵ و شنگالی یەكێتییەوە، زیاتر لە 50 ئەندام بچنە كۆنگرە، ئەوەش دوای كۆنفرانسی مەڵبەندەكان، كە بڕیارە سبەینێ ئەنجامبدرێت.

عەلی ئورەماری، كاندید بۆ كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لە بادینان بۆ پەرەگراف وتی "لە هەر سێ كۆنگرەی ڕابردوی یەكێتی، بادینان بێ دەنگ نەبووە و چیتر بێدەنگیش نابێت، بەڵكو چاوەڕێی كۆنگرەی چوارەمن تا بە یەك تیم و بە یەكگرتوویی بەشداری بكەن".

یەكێتی لە 1975وە دامەزراوە، تائێستا سێ كۆنگرەی ئەنجامداوە، كۆنگرەی چوار بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبو لە 2013دا بوایە، بەڵام هێشتا نەكراوە و بەچەند هۆكارێك دواخراوە؛ سەرەتا بەهۆی نەخۆشكەوتنی مام جەلال و دواتر تەقینەوەی ناكۆكییەكان لەگەڵ كۆچی دوایی ئەودا وەك سكرتێری گشتی.

یەكێتییەكانی ناوچەی بادینان، نایانەوێت لەگەڵ هیچ كوتلەیەكی جیاوازی نێو حیزبەكەدا هەژماربكرێن، "هاوڕێیانی بادینان بە پڕۆژەیەكی ناوخۆیی دەچنە كۆنگرەوە و لەگەڵ هیچ باڵێكدا نیین"، لەگەڵ ئەوەشدا ئورەماری نەیشاردەوە دەستوەردانی كوتلەكان بۆ ناوچەكەی ئەوانیش هەیە.

عەلی ئورەماری نیگەرانییەكانی بە بیر كادیرانی حیزبەكەی هێنایەوە، لە نمونەی فەرامۆشكردنی بادینان، لە كۆنگرەكانی ڕابردودا، بۆیە هیچ ڕۆڵێكیان نەبووە لە ناوەندی بڕیاری یەكێتیدا.

كۆنگرە گرنگترین كۆبوونەوەی ڕێكخراوەیی یەكێتی-یە بۆ خۆنوێكردنەوەو گۆڕانكاریی لە شێوازی بەڕێوەبردن‌و لوتكەی دەسەڵاتی حیزب، ئەوەش وایكردووە لەسەر ئاستی ئۆرگانەكانی ئەو حیزبە بازاڕی تەكەتول‌و گروپ دروستكردن گەرم ببێت‌و هاوكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەردەوام لە گۆڕاندان.

ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی بەجۆرێكن هەر گروپەو دەیەوێت لە بەرژەوەندیی خۆی گۆڕانكاریی بكرێت‌و جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی حیزبیی لای خۆی بێت وەك؛ پۆستی یەكەمی حیزب، پارەو هێز‌و میدیا.

"ئەمجارە جیاواز لە كۆنگرەكانی دیكە، بادینان بە یەك تیم خۆیان ئامادەكردوە تا بگەنە ناوەندی بڕیاری یەكێتی، بادینان بێدەنگ نابێت و بەپێ قورسایی خۆی قسەی دەبێت، لە كۆنگرەی چوارەمدا ئەو مافانەی لەكۆنگرەكانی تردا پێشێلكراوە یان پێیاننەدراوە وەریدەگرینەوە" عیماد شكور وای وت.

عیماد كاندیدە بۆ ئەندامێتی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لە بادینان و دەڵێت، پێشنیاری ئەوەهەیە چۆن بادینان سەرچاوەیەك بووە بۆ دامەزراندنی یەكێتی، بەوشێوەیە سەنگ و قورسایی لە نێو حیزبەكەدا بۆ بگەڕێندرێتەوە.

لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی، پڕكردنەوەی شوێنی تاڵەبانی ‌و دانیشتنی كەسێكی دیكە لەسەر كورسیی سكرتێری گشتی، خاڵی جەوهەریی ناكۆكییەكانی نێوان باڵە جیاوازەكانە، هەرچەندە بەپێی پێشنیارە دزەپێكراوەكان بۆ كۆنگرە، پێناچێت چیتر كەسی یەكەمی حیزب لە ژێر هەمان ناونیشان "سكرتێری گشتیی"‌و بەهەمان دەسەڵاتەكانی مام جەلال پۆستەكە وەربگرێت.