بەرهەم ساڵح دەخرێتە نێوان دوو بەرداش؛ سەرۆكی حیزب یان سەرۆكی عێراق

18-12-2019 07:40


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

باڵەكانی یەكێتی هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی‌و ململانێكانیان بەردەوامە، بەودۆخەوە بڕیارە 3 ڕۆژی دیكە لە سلێمانی كۆنگرەی ئەو حیزبە ببەسترێت، چاوەكان لەسەر بەرهەم ساڵحن بۆ بوون بە سەرۆكی حیزب، بەڵام چەند بەربەستێكی لەبەردەمدایە‌و یەكێك لەوانە ئەوەیە، خراوەتە نێوان دوو بژاردە؛ یان سەرۆكی حیزب یان سەرۆك كۆماری عێراق، هەردووكیان پێكەوە ڕێگەپێنەدراوە.

پەرەگراف لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە زانیاریی وردی لەبارەی دواین پێشهات‌و گفتوگۆی باڵەكانی یەكێتی پەیوەست بە كۆنگرە دەستكەوتووە، سەرچاوەكان تەئكد لەوە دەكەنەوە؛ هێشتا ڕێككەوتنی كۆتایی نەكراوە، "كەسی یەكەم‌و جێگرەكانی‌و شێوازی دیاریكردنیان بۆچوونی جیاوازی لەسەر".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی"هێشتا بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان كاك كۆسرەت‌و ماڵی مام جەلال، چانسی بەرهەم ساڵح بەهێزە كە ببێتە كەسی یەكەم، بەڵام هێشتا چەند بەربەستێكی لەبەردەمدایە، یەكێكیان ئەوەیە خۆی داوای كردووە بە تەوافوق دابنرێت‌و كۆدەنگیی لەسەر بێت، بەڵام هەردوو باڵەكە بەتایبەت ماڵی مام جەلال دەڵێن دەبێت بە هەڵبژاردن بێت‌و سەرەتا خۆی بۆ سەركردایەتی هەڵبژێرێت‌و دواتر لە سەركردایەتیش هەربە هەڵبژاردن ببێتە سەرۆكی حیزب".

هاوكات سەرچاوەیەكی دیكەی باڵا‌و ئاگادار دەڵێت"پێشنیارێك هەیە لە د.بەرهەمەوە كە خۆی‌و شێخ جەعفەر جێگری سەرۆكی هەرێم‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت‌و ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان بەوپێیەی چوار پۆستی باڵای یەكێتییان هەیە لە هەرێم‌و عێراق بەبێ هەڵبژاردن ببنە ئەندامی سەركردایەتی گشتیی‌و لە 121 كەسەكە بن، بەڵام قوباد تاڵەبانی ڕەتیكردووەتەوە بەبێ هەڵبژاردن بچێتە سەركردایەتی".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش كرد، لە هیچ كۆنگرەیەكی ڕابردووی یەكێتیدا بەرهەم ساڵح نەچووەتە هەڵبژاردنەوەو پۆستی پێ بەخشراوە.

بەپێی ڕەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە پێشنیار كراوە بۆ كۆنگرەو ئەگەری هەیە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، ئەنجومەنێكی 121 كەسیی بۆ سەركردایەتی گشتیی یەكێتی لە كۆنگرەوە هەڵدەبژێرێت‌و لە نێویاندا سەرۆكی حیزب‌و ئەنجومەنی جێبەجێ كردن هەڵدەبژێردرێن‌و ئەندامی سەركردایەتیی ناوچەكانیش دیاریی دەكرێن كە كوردستان دابەشی 9 ئەنجومەنی سەركردایەتی كراوە.

هەروەها یەكێتی ئەنجومەنێكی دیكەی دەبێت بەناوی ئەنجومەنی باڵای دانایان یاخود دەستەی پاراستنی یەكێتی، ئەوەش دامەزرێنەران‌و ئەو سیاسییانە پێكی دەهێنن كە خۆیان بۆ ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی هەڵنابژێرن‌و چاوەڕوان دەكرێت كۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆكایەتی ئەم ئەنجوومەنە بكات، ئەگەر بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی لەبارەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتیی‌و سەرۆكی حیزبەكە.

بەربەستێكی دیكەی بەرهەم ساڵح ئەوەیە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پێشنیار كراو بۆ كۆنگرەی یەكێتی كە بە وەرگرتنی بۆچوونی سەرجەم باڵەكانی یەكێتی ئامادە كراوە، ئەو كەسانەی لە دوای كۆنگرەی یەكێتی پۆستی باڵای حیزبییان هەبێت، نابێت پۆستی دیكەی حكومیی‌و پەرلەمانییان هەبێت، وەك؛ سەرۆكی حیزب، ئەندامانی دەستەی جێبەجێ كردن، سەرۆك‌و ئەندامانی دەستەی پاراستنی یەكێتی(ئەنجومەنی باڵای دانایان).

ئەم مەرجە زیاتر بەرهەم ساڵح دەكاتە ئامانج كە لەگەڵئەوەی پۆستی باڵای لەسەر ئاستی عێراق هەیە، هاوكات چاوی لە پۆستی یەكەمی یەكێتیی‌و سەرۆكایەتیی حیزبەكەشە، بەوەش دەخرێتە نێوان دوو بەرداشی؛ سەرۆكی حیزب یان سەرۆكی عێراق.

"مەرجی پۆست وەرنەگرتنی حكومیی‌و پەرلەمانیی بۆ بەرپرسانی باڵا، ئەگەری هەیە بگۆڕدرێت، چونكە بەتایبەت ماڵی مام جەلال بەوجۆرە ڕازین بەرهەم ساڵح سەرۆكی حیزبەكە بێت كە ئەو لە بەغداد سەرۆك كۆمار بێت‌و یەكێتی بۆ ئەوان بەجێبهێڵێت، بەڵام هەموو ئەمانە لەبەردەم ئەندامانی كۆنگرەدا كراوەن كە ئایا بە چ گۆڕانكارییەكی پەیڕەوەكە ڕازی دەبن‌و چی ڕەت دەكەنەوە" سەرچاوەیەكی باڵای ناو یەكێتی بۆ پەرەگراف وای وت.

بەپێی بەدواداچوون‌و پرسیاری پەرەگراف لە بەرپرس‌و كادیرو ئەندامانی كۆنگرەی یەكێتی، زۆربەی بەرپرسان لەگەڵ ئەوەدان ئەو مەرجە هەبێت‌و ئەو كەسانەی پۆستی باڵای حیزبیی وەربگرن لە داهاتووی یەكێتی، پۆستی حكومیی‌و پەرلەمانیی وەرنەگرن‌و خۆیان بۆ كاری حیزبی یەكلایی بكەنەوە، لە دۆخێكی لەو جۆرەدا ئایا بەرهەم ساڵح واز لە كورسیی سەرۆكایەتی عێراق دەهێنێت‌و بۆ كورسیی سەرۆكایەتی حیزب؟ لە كاتێكدا لە پێناو ئەو كورسییەدا وازی لە حیزبەكەی هێنا(هاوپەیمانی)‌و گەڕایەوە ناو یەكێتی بۆئەوەش باجێكی زۆریدا لە ناو خەڵكداو لەسەر سومعەی سیاسیی كەوت.

كۆنگرەكەی یەكێتی، دوای مێژویەكی دورودرێژ دێت لە دواخستن بەهۆی ناكۆكیی كوتلە جیاوازەكانەوە، كۆنگرە گرنگترین كۆبوونەوەی ڕێكخراوەیی ئەو حیزبەیە بۆ خۆنوێكردنەوەو گۆڕانكاریی لە شێوازی بەڕێوەبردن‌و لوتكەی دەسەڵاتی حیزب، ئەوەش وایكردووە لەسەر ئاستی ئۆرگانەكانی ئەو حیزبە بازاڕی تەكەتول‌و گروپ دروستكردن گەرم ببێت‌و هاوكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەردەوام لە گۆڕاندان.

یەكێتی لە 1975وە دامەزراوە، تائێستا سێ كۆنگرەی ئەنجامداوە، كۆنگرەی چوار بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبو لە 2013دا بوایە، بەڵام بەچەند هۆكارێك دواخرا؛ سەرەتا بەهۆی نەخۆشكەوتنی مام جەلال و دواتر تەقینەوەی ناكۆكییەكان لەگەڵ كۆچی دوایی ئەودا وەك سكرتێری گشتی.

لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی، پڕكردنەوەی شوێنی تاڵەبانی ‌و دانیشتنی كەسێكی دیكە لەسەر كورسیی سكرتێری گشتی‌و دەسەڵاتەكانی، خاڵی جەوهەریی ناكۆكییەكانی نێوان باڵە جیاوازەكانە، پێناچێت چیتر كەسی یەكەمی حیزب لە ژێر هەمان ناونیشان "سكرتێری گشتیی"‌و بەهەمان دەسەڵاتەكانی مام جەلال پۆستەكە وەربگرێت.