ئێران لە نزیكەوە چاودێریی كۆنگرەی یەكێتی دەكات؛ لە یەكەم ڕۆژدا چی ڕوویدا؟

22-12-2019 12:38
كۆسرەت ڕەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح لە یەكەم ڕۆژی كۆنگرەی یەكێتی دا.


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

یەكێتی یەكەم ڕۆژی كۆنگرەی تێپەڕاند، دانانی سێ كەس بە تەزكییە لە سەركردایەتی نوێی حیزب ناڕەزایی لێكەوتەوەو جاری یەكەمی خستنە دەنگدان "پەسەند نەكرا"و لە دووەم جاردا بووە بڕیاری كۆنگرە دوای ئەوەی دەنگی زۆرینەی بۆ مسۆگەر كرا.

هێشتا كێشەی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی كۆتایی نەهاتووەو لە یەكەم ڕۆژی كۆنگرەدا كە كەمترین هەڵبژاردنی بەخۆوە بینی، كێشەكان ڕەنگدانەوەیان هەبوو، ئێرانییەكان كە دۆستی نزیكی یەكێتین‌و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەو حیزبەیان بەلاوە گرنگە، بە شاندێكی باڵاوە چەند ڕۆژێكە لە سلێمانین ‌و تا دوای تەواوبوونی كۆنگرە دەمێننەوە، ئەوان فشاری بەهێزیان لەسەر بەرهەم ساڵحە بۆ یەكلایی كردنەوە پرسی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق لە بەرژەوەندیی وڵاتەكەیان، بۆئەوەش كۆنگرەی یەكێتی كارتێكی دیكەی فشارە بە دەستیانەوە.

بەرهەم ساڵح‌و تووڕەبوونەكەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

ئەو دوو كەسایەتییە لە دیارترین دژەكانی ناو یەكێتین، كێشەو ناكۆكییەكانیان ڕەگێكی قووڵی هەیەو هێشتا وەك خۆی ماوەتەوە، كاتێك پێشنیاری دانانی سێ بەرپرسی باڵای یەكێتی بۆ سەركردایەتی نوێ كە پۆستی سیادییان لە عێراق و هەرێم‌ هەیەو بریتین لە؛ بەرهەم ساڵح(سەرۆك كۆمار)، قوباد تاڵەبانی‌(جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم)و ڕێواز فایەق(سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان)، خرایە بەردەم ئەندامانی كۆنگرە، لە یەكەم كاردانەوەدا ئەوانەی كارتی سووریان بەڕووی پێشنیارەكەدا بەرزكردەوە زۆرینە بوون. لەناو ئەو ناوانەشدا جەعفەر شێخ مستەفا هەبوو بەهۆی پۆستەكەیەوە كە جێگری سەرۆكی هەرێمە، بەڵام ئەو "خۆی كشایەوەو پۆستی وەرنەگرت".

دواتر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هەستاوەتەوە بەڕووی ئەو پێشنیارەداو گوتوویەتی "كەس مام جەلال نییە تا بتوانێت بە تەزكییە خەڵك بباتە سەركردایەتی.. عەیبە كەسێك قبوڵی بكات بە تەزكیە دابنرێت، ئەگەر ئەو كەسە متمانەی بەخۆی هەیە با خۆی بخاتە بەردەم دەنگی ئەندامانی كۆنگرە" سەرچاوەیەك لەناو هۆڵی كۆنگرەی یەكێتی بۆ پەرەگراف وای وت.

شاناز ناوی كەسی نەهێناوە، بەڵام قسەكانی ئاماژەبوون بۆ بەرهەم ساڵح، هەربۆیە هەندێك لەو سەركردەو كەسایەتییانەی نزیكی بەرهەم ساڵحن وەڵامیان داوەتەوەو نزیك بووە پشێویی ڕووبدات، لەو دۆخەدا داوای پشوو كراوە بۆ ماوەی 20 خولەك‌و ئەو پرسە بە هەڵواسراویی ماوەتەوەو بەرهەم ساڵح هۆڵی كۆنگرەی جێهێشتووەو نەگەڕاوەتەوە ژوورەوە.

لە ماوەی پشووەكەدا كەسایەتییە دیارەكان هەردوو باڵی سەرەكیی یەكێتی(ماڵی مام جەلال‌و كۆسرەت ڕەسوڵ) بەناو ئەندامانی كۆنگرەدا گەڕاون‌و داوایان لێكردوون دەنگ بەو پێشنیارە بدەن "لەپێناو یەكێتی ناو یەكێتی"، ئەوەش كاریگەریی هەبووەو دوای پشووەكە پێشنیارەكە خراوەتە دەنگدانەوەو ئەنجامی ئەمجارە كارتی سەوز زۆرینە بووەو ئەو سێ كەسایەتییە بوونەتە یەكەم ئەندامەكانی سەركردایەتی گشتیی نوێی یەكێتی.

ئێرانییەكان فشار دەخەنەسەر بەرهەم ساڵح

ئێران بە ڕادەیەك لە یەكێتی نزیكە، زۆركەس وەك فریادڕەسی ئەو حیزبە ناوی دەبەن بۆ دەربازكردن لە تەنگژەو قەیرانەكان، بەهۆی نزیكیی‌و هاوسنوریی پارێزگا سلێمانی‌و هەڵەبجەو گەرمیان‌و ڕاپەڕین لە ئێران‌و باڵادەستیی‌و هەژموونی یەكێتی لەو ناوچانە، هەردوولایەن بەرژەوەندیی هاوبەشیان پێكەوە هەیە.

ئەوانەو پرسی یەكلاییكردنەوەی كاندید بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق كە ئێستا لە دەست بەرهەم ساڵح دایەو ئێران دەیەوێت كەسێكی نزیكی ئەو وڵاتە كاندید بكرێت، وایان كردووە شاندێكی باڵای ئێران بە سەرۆكایەتی حەسەن دانایی فەڕ باڵۆزی پێشووی ئێران لە عێراق(ئێستا كەسی یەكەمی دۆسیەی هەرێمی كوردستانە لە ئێران) ماوە چەند ڕۆژێكە لە سلێمانین‌و تا دوا تەواوبوونی كۆنگرەی یەكێتی دەمێننەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، ئێرانییەكان "ڕۆڵی سەرەكییان هەبووە لە نزیك كردنەوەو ڕێككەوتنی باڵەكانی یەكێتی ڕۆژانی بەرلە كۆنگرە" ئەوەش كاتێك ناكۆكی قووڵ هەبووە لە نێوان ماڵی مام جەلال‌و كۆسرەت ڕەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح هەریەكەیان لەگەڵ ئەوی دیكەو هەرسێكیان پێكەوە، "ئێران سەقامگیریی ئەم ناوچەیەو ناوخۆی یەكێتی بەلاوە گرنگە".

هەرچەندە بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ بووە ئەندامی سەركردایەتی نوێی یەكێتی‌و كاندیدی بەهێزو تەوافوق لەسەر كراوی تائێستایە بۆ سەرۆكی حیزبەكە، بەڵام هێشتا كورسیی كەسی یەكەمی یەكێتی مسۆگەر نەكردووەو بەربەستی ئێرانییەكان ماوە.

"ئێران زۆر لە بەرهەم ساڵح نیگەرانە، بەڕادەیەك فشارو هەڕەشەی لابردنیان لێكردووە لە سەرۆك كۆماری عێراق ئەگەر كەسێكی دڵخوازی ئەوان كاندید نەكات بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بۆ ئەوەش چاویان لەوەیە سبەینێ قوسەی سوهەیل ڕابسپێرێت یاخود بەڵێنی ڕاسپاردنی بدات، بە پێچەوانەوە بەربەستی بۆ دروست دەكەن بۆ گەیشتن بە كورسیی كەسی یەكەمی یەكێتی‌و لە بەغدادیش لە پرسی سەرۆك كۆمارییدا دژایەتی تووندی دەكەن" سەرچاوە ئاگادارەكە وای وت.

سەرۆكی یەكێتی لەناو 121 كەسەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتیی ئەو حیزبە هەڵدەبژێردرێت، ئەگەر بەرهەم ساڵح دڵی ئێرانییەكان ڕانەگرێت، پێدەچێت ئەو وڵاتە فشار بكات بۆ هێنا ئارای كاندیدێك لە بەرامبەر بەرهەم ساڵح لەناو سەركردایەتی نوێی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی حیزبەكە.

دانایی فەڕ ئەمڕۆ لە سلێمانی لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود كۆبووەتەوە. وێنە؛ ڕاگەیاندنی حیزبی سۆسیالیست.

كۆسرەت ڕەسوڵ بووە سەرۆكی ئەنجومەنێكی نوێ

لە یەكەم ڕۆژی كۆنگرەدا وەك پێشتر چاوەڕوان دەكرا، سەرۆك‌و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەكێتی هەڵبژێردران، ئەنجومەنەكە كۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆكایەتی دەكات كە بە دەنگی ئەندامانی كۆنگرە هەڵبژێردرا، بەڵام ئەندامەكانی كە حەوت كەس دەبن بە دانان دادەنرێن‌و ئەوانەنە كە پێشووتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوون.

كۆسرەت ڕەسووڵ لە وتاری یەكەم ڕۆژی كۆنگرەدا، داوای لە هەموو لایەك كرد لاپەڕەكی نوێ لە ژیانی سیاسییان هەڵبدەنەوە، وتی"یەكێتی بۆ هەمووانە و هی كەسێك و دوو كەس و سێ‌ كەس نییە".

كۆسرەت ڕەسووڵ هیوای خواست كۆنگرە سەركەوتوو بێت و ڕوو لە ئەندامانی كۆنگرە وتی "ئایندەی یەكێتی لە دەستی ئێوەدایە و پێویستە دەستكەوتەكان بپارێزن، چونكە پاراستنی دەستكەوت لە بەدەستهێنانی گرنگترە".

كۆنگرەكەی یەكێتی دوای مێژوویەك لە دواخستن هات بەهۆی ململانێی ناوخۆییەوە، بڕیارە لە دووەم ڕۆژدا ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتیی هەڵبژێردرێن.

‎یەكێتی لە ساڵی 1975وە دامەزراوە. تا ئێستا سێ كۆنگرەی ئەنجام داوە، كۆنگرەی چوار بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، دەبوو لە 2013دا ببەسترایە، بەڵام بە چەند هۆكارێك دواخرا؛ سەرەتا بەهۆی نەخۆشكەوتنی مام جەلال و دواتر تەقینەوەی ناكۆكییەكان لەگەڵ كۆچی دوایی ئەودا لە 3-10-2017.