بەرهەم ساڵح گەڕایەوە بەغدا‌و ناكشێتەوە؛ پارتی دەبێت بە دوو لەتەوە

28-12-2019 03:58


پەرەگراف

هەڵوێستەكەی بەرهەم ساڵح‌و ئامادەیی پیشاندان بۆ دەستبەرداربوون لە پۆستەكەی كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوە. لەسەر ئاستی عێراق بەرەی ئێران دژی وەستانەوە تا ئاستی داوای لێپرسینەوەی یاسایی‌و لەكار خستنی، بەڵام بەرەی دژ بە ئێران كە شەقامی عێراقی‌و مەرجەعیەتی ئاینیی لەو بەرەیەن، پشتیوانیی سەرۆك كۆمارە كوردەكە دەكەن.

لەسەر ئاستی هەرێم، هەڵوێستی حیزبە كوردییەكان لە بەرژەوەندیی بەرهەم ساڵح نییە، بەتایبەت پارتی وەك هێزێكی گەورەو كاریگەر دابەشی دوو بەرە بووە.

پەرەگراف لە سەرچاوەی باڵاوە زانیویەتی، بەرهەم ساڵح "ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد‌و لە هەڵوێستەكەشی ناكشێتەوە" ئەوەش دوای مانەوەی لە سلێمانی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، سەرۆك كۆمار ڕۆژی پێنج شەممە بەغدادی بەجێهێشت ئەوەش لە كاتێكدا بوو هەمان ڕۆژ نامەیەكی ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كردو تێیدا كاندیدی هاوپەیمانیی بنیاتنانی بۆ سەرۆك وەزیران ڕەت كردەوەو لە بەرامبەر فشارەكاندا ئامادەیی پیشاندا بۆ پێشكەشكردنی نامەی دەست لەكار كێشانەوە لە پۆستەكەی.

ئەوە یەكەمجارە لە مێژووی عێراقدا سەرۆكی وڵات ئامادە بێت دەست لە پۆستەكەی هەڵبگرێت، تەنانەت عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای ڕشتنی خوێنی سەدان خۆپیشاندەر لە بەغدادو پارێزگاكانی باشوری وڵات، ئامادە نەبوو دەست لە پۆستەكەی بەربدات تا ئەو كاتەی مەرجەعیەتی ئاینیی لە نەجەف دەستیان پێ لەكار كێشایەوە.

پارتی لەت دەبێت

هەڵوێستی گشتیی حیزبە كوردییەكان تائێستا لەبەرژەوەندیی سەرۆك كۆمارە كوردەكە نییە، پارتی وەك گەورەترین‌و كاریگەرترین حیزب دابەشی دوو بەرە بووە، بەرەی نێچیرڤان بارزانی پشتیوانیی بەرهەم ساڵح دەكەن، بەرەكەی دیكە ئەوەیان پیشانداوە كە پاڵپشتیی ناكەن‌و ئاساییە بەلایانەوە ئەگەر دۆخەكە بگاتە "گۆڕینی سەرۆك كۆمار" كە پشكی كوردە.

"ئاڕاستەی كاك مەسعود‌و كاك مەسرور پەیوەندییان بە سەركردەكانی هاوپەیمانیی بنیاتنانەوە كردووەو هەڵوێستێكی بێلایەنانەیان پیشانداوەو گوتویانە ئەوان پشتیوانیی بەرهەم ساڵح ناكەن‌و چاودێریی دۆخەكە دەكەن" سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكارییەكانە بۆ پەرەگراف وای وت، وتیشی "ئەو ئاڕاستەیەی پارتی نایەوێت هەڵوێستەكەی بەرهەم ساڵح ببێت بە دەستكەوت بۆی، بەتایبەت لە كاتێكدا شەقامی ناڕازی‌و مەرجەعیەتی ئاینیی لە نەجەف پشتیوانیی بەرهەم ساڵح دەكەن".

لەلایەكی دیكەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و جێگری سەرۆكی پارتی، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە كە جۆرێك لە پشتگیری بوو بۆ بەرهەم ساڵح‌و تێیدا هاتووە "لە بابەتی ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراقدا، دیارە سەركۆمار بەڕێز د. بەرهەم ساڵح دوور لە میكانیزم و بنەمای دەستووری، كەوتووەتە ژێر فشارێكی زۆرەوە. لێرەدا دووپاتی دەكەینەوە كە هەموو چارەسەرێك دەبێ لەسەر بنەمای دەستوور و بەپێی ڕێوشوێنە یاسایییەكان بێت".

نێچیرڤان بارزانی داوا دەكات لە دەستنیشانكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران، داواكاریی خۆپیشاندەران ڕەچاو بكرێن، ئەوەش هەمان داواكاریی مەرجەعیەتی ئاینیی‌و بەرهەم ساڵحیشە.

بەرهەم ساڵح لە نێوان بەرەی ئێران‌و شەقامی ناڕازییدا

شەقامی ناڕازیی‌و خۆپیشاندەران ناڕازایی تووندیان پیشانداوە بەرامبەر هەژموون‌و سیاسەتەكانی ئێران لە عێراق، چەندینجار كونسوڵخانەی ئەو وڵاتەیان لە باشوری عێراق سوتاندووەو هەڵیانكوتاوەتەسەر بارەگای ئەو هێزانەی نزیكن لە ئێران، هەربۆیە نادیدەگرتنی داواكاریی‌و مەرجی خۆپیشاندەران بۆ دیاركردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران پێدەچێت ئاڵۆزییەكان زیاتر بكات، ئەوەش وایكردووە بەرهەم ساڵح نایەوێت پێچەوانەی خواستی شەقام هەنگاو بنێت.

دژ وەستانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ بەرەی ئێران لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە ڕۆڵ‌و كاریگەری فراوانی هەیە لەسەر دۆخی عێراق‌و گۆڕانكارییەكان، هاوپەیمانیی بنیاتنان گەورەترین هاوپەیمانییە لە پەرلەمانی عێراق‌و نزیكە لە ئێران، هادی عامری، نوری مالیكی، فالح فەیاز، محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر دیارترین سەركردە باڵاكانی هاوپەیمانییەكەن، ئەوان شوێنگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی بە مافی خۆیان دەزانن، بەڵام بەهۆی ڕەتكردنەوەی شەقامی ناڕازیی عێراقەوە تائێستا بەرهەم ساڵح سەرجەم كاندیدەكانی ئەو هاوپەیمانییەی ڕەتكردووەتەوە كە ڕایان بسپێرێت بۆ سەرۆك وەزیران، دواینیان ئەسعد عیدانی پارێزگاری بەسرە بوو كە سەرۆك كۆمار تا ئاستی دەست لەكار كێشانەوە لەگەڵیدا ڕۆیشت.

گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بە شیعەو سوننەوە بێبەش نییە لە پشتیوانیكردن لە بەرهەم ساڵح، موقتەدا سەدر، حەیدەر عەبادی، عەممار حەكیم‌و ئەیاد عەلاوی دیارترین ئەو سەركردانەن كە پشتیوانیی بەرهەم ساڵح دەكەن، لەوانەش كاریگەرتر مەرجەعیەتی ئاینییە كە بەوتەی كەسانی نزیكن لە بەرهەم ساڵح بۆ پەرەگراف "مەرجەعیەتی پشتیوانیی سەرۆك كۆمار دەكات هاوكات لەگەڵ پشتیوانیی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران".

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، وڵاتانی ڕۆژئاوا ناڕاستەوخۆ پشتیوانیی سەرۆك كۆمار عێراق دەكەن، ئەوەش بەهۆی ناكۆكییەكانیان لەگەڵ ئێران‌و دژ وەستانەوەیان لە فراوانیی هەژموونی تاران لە دەرەوەی سنورەكانی وڵاتەكەی.

سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح بۆ پەرەگراف وتی "تائێستا بەرەی پشتیوانیی سەرۆك كۆمار بەهێزترن، هەربۆیە دۆخەكە بەرەو ئەوە دەڕوات فشار بخرێتەسەر هاوپەیمانیی بنیاتنان كە ئەسعەد عیدانی بكشێننەوەو كەسێكی دیكە دیاریی بكەن كە شەقام پەسەندی بكات".

بەرهەم ساڵح لە نامەكەیدا بۆ سەرۆكی پەرلەمان، تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی كە ڕاسپاردنی ئەسعەد عیدانی بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەركێكی دەستوورییە، بەڵام داوای لێبوردنی كردووە كە بەهۆی ئەو بەرپرسیارێتییەی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق لە ئەستۆیدایە و ئەو بارودۆخەی لەئارادایە، ناتوانێت عیدانی بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕابسپێرێت.

لە كاردانەوەی ئەو هەڵوێستەشدا هاوپەیمانیی بنیاتنان داوای لە پەرلەمان كرد ڕێكاری یاسایی بگرێتەبەر لە دژی بەرھەم ساڵح بەھۆی"شكاندنی سوێندی یاسایی و پێشێلكردنی دەستور".

ھاوپەیمانییەكە لە بەیاننامەیەكدا سەرسامیی خۆی پیشاندات لەوەی بەرھەم ساڵح كاندیدەكەی ئەوانەی ڕانەسپارد بۆ پێكھێنانی حكومەت و دەڵێت: سەرۆك كۆمار سیاسەتی كات كوشتن پەیڕەو دەكات، ھەروەھا تۆمەتباری دەكات بەوەی "سیاسەتەكانی خزمەتی لایەنێكی دەرەكیی دەكات كە دەیەوێت شەڕ لە عێراق ڕووبدات".