نێچیرڤان بارزانی: بێگومان ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەین

24-03-2017 11:50
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

 

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، ئەمساڵ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدەن‌و عێراقی دوای ڕزگاركردنی موسڵ لەدەست داعش عێراقەكەی پێشتر نابێت، باسلەوەشدەكات ڕیفراندۆم پیشانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەدات كە خەڵك چی دەوێت، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر مەسعود بارزانی بە باشی نەزانی كات دیاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

 

ڕۆژنامەنوسی ئەمەریكی ترودی ڕۆبین چاوپێكەوتنێكی بۆ ماڵپەڕی فیلیی ئەمەریكی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام داوەو لەبارەی ڕیفراندۆمەوە بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت"بێگومان ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەین."

 

هەروەها نێچیرڤان بارزانی باسلەوە دەكات لەدوای ڕیفراندۆمەكە مەرج نییە یەكسەر سەربەخۆیی ڕابگەیەنن، دەشڵێت"ئەوە پیشانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەدات كە خەڵك چی دەوێت."

 

ڕۆژنامەنوسە ئەمەریكییەكە پێیوایە كە كورد ناتوانێت بەبێ پشتیوانی ئەمەریكا سەركەتوو بێت‌و تا ئێستاش واشنتۆن سورە لەسەرئەوەی عێراق بەیەكگرتوویی بمێنێتەوە.

 

لەبارەی داهاتووی عێراقەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت"ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژە كۆنەكان." هەروەها دەڵێت"عێراقی دوای موسڵ هەمان عێراقی پێش موسڵ نییە."

 

ڕۆژنامەنوسەكە پێیوایە كە كورد دەزانێت پێویستی بە جیابوونەوەیەكی ئاشتییانە هەیە ئەویش بۆ چارەسەركردنی بابەتە گرنگەكانی وەك سنور، نەوت، بۆری نەوت‌و دارایی.

 

"پێویستە گفتوگۆی جددیمان لەگەڵ بەغدا هەبێت‌و بگەینە ڕێككەوتنێكی ئاشتیانە" نێچیرڤان بارزانی وادەڵێت. ئاماژە بەوەشدەكات تائێستا "هیچ پێشكەوتنێك" لەكۆبوونەوەكانی بەرپرسانی كوردو عێراقدا نەبووە.

 

لەبارەی هەڵوێستی توركیاوە بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كە ئێستا پەیوەندییەكی باشی ئابوریی‌و سیاسیی لەنێوان ئەنقەرەو هەولێردا هەیە، نیچیرڤان بارزانی دەڵێت"بەشێوەیەكی فەرمی ئەم بابەتەمان لەگەڵ توركیا باس نەكردووە." دەشڵێت "بەڵام پێمانوایە ئامادەن بۆ گوێگرتن."

 

ئایا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت یاخود دەخوازێت یارمەتی كوردەكان بدات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانیان؟ ڕۆژنامەنوسە ئەمەریكیەكە ئەم پرسیارە دەكات‌و هەرخۆیشی وەڵام دەداتەوەو دەڵێت: ئەوە ڕوون نییە.

 

هەروەها باسلەوەدەكات پێدەچێت كۆشكی سپی ئەو ڕاستییە سەرنجی ڕابكێشێت كە كوردستان بنكەیەكی ئارام بۆ هێزە ئەمەریكییەكان دابین بكات، لەو بارەیەشەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت"ئەگەر ئەمەریكا پێویستی بەبوونی بنكەیەك هەبوو لە كوردستان، سەركردەكانی ئێمە پێشوازی لێ دەكەن."

 

هەروەها نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "ئەگەر ئەمەریكا عێراقێكی یەكگرتووی دەوێت، لەئەرزی واقعدا ئەوە چیتر بوونی نییە. ئەگەر سەقامگیرییان دەوێت، پێویستە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی سەرەكیی كوردستاندا بكەن."

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی كوردستان، یەكێكە لە پرسە گەرمەكانی گۆڕەپانی سیاسی‌و دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتایبەت مەسعود بارزانی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەو پرسەی باسكردووەو سووربوونی هەرێمی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دووپاتكردوەتەوە.

 

مەسعود بارزانی هەرچەندە مانگی سێی ساڵی ڕابردوو لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند، لەو ساڵەداو بەرلە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا(مانگی تشرینی دووەم) ڕیفراندۆم ئەنجامدەدەن، بەڵام لەو ساڵەدا ڕیفراندۆم نەكراو لە مانگی یەكی ئەمساڵ لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، مەسعود بارزانی دیاریكردنی كاتی بە شتێكی باش نەزانی بۆ ئەنجامدانی ئەوپرسە.