دوایین نانی شێوان لە تاران؛ گەشتی بێ گەڕانەوەی پاشای ئێران

16-01-2020 09:56


پەرەگراف- سەڵاح سالار

ڕۆژی 16ی كانوونی دووەمی 1979 محەمەد ڕەزا پەهلەوی شاهەنشای ئێران و فەرەح دیبا (فەرەح پەهلەوی)ی هاوسەری، بەناوی گەشتێكی چەند ڕۆژەوە تارانیان بەرەو میسر بەجێهێشت. ئەوە دوایین جاریان بوو تاران ببیننەوەو كۆتا نانی ئێوارەیان لە كۆشكی نیاوەران لە تاران خوارد، ئیتر نە تاران و نە كۆشك و نە دەسەڵاتیان نەبینییەوە.

"هەركات یادی سەرلەبەیانی ڕۆژی (26ی دی 1357) 16ی كانوونی دووەمی 1979 دەكەمەوە خەمێكی قووڵ دڵ و دەروونم داگیر دەكات و دڵم دەكەوێتە پاڵەپەستۆ. ئەو بەیانییە بێدەنگیی باڵی بەسەر تاراندا كێشابوو، پایتەختمان كە چەند مانگێكبوو لە ناو ئاگر و خوێندا دەگوزەرا، ئەو بەیانییە زۆر بێدەنگ و هەناسەی ئارامیی هەڵدەمژی" ئەمە وتەی شاژنە فەرەح پەهلەوییە كە لە بیرەوەرییەكانیدا باسی دەكات.

ئەو ڕۆژەی كە دوا پاشای ئێران تارانی بەجێهێشت

جێهێشتنی تاران لە لایەن شاهەنشاوە دە ڕۆژ دەبوو بڕیاری لێدرابوو، شاژن لە كتێبەكەیدا دەڵێت "شا مەیلی وابوو هەواڵی گەشتەكەی بۆ دەرەوەی ئێران بەجۆرێك بڵاوببێتەوە كە شاهەنشا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك بە مەبەستی پشوودان تاران بەجێدەهێڵێت. ئایا خۆی باوەڕی وابوو؟ من ناوبەناو ئەو هەڵچوون و بێ ئۆقرەییەم لەناوچاوییدا دەخوێندەوە كە تەماشای دەكردم. بەڵام خۆم بەبێ ئەوەی ئەو باوەڕەم هەبووبێت دڵەخورپەم هەبوو".

ڕۆژی ڕۆیشتن لە تاران وەك فەرەح پەهلەوی دەڵێت بۆ ئەو كۆكردنەوەی یادگارییەكان و بیرەوەرییەكانی ناو كۆشكەكەی بوو. شاژن دەڵێت "لەنێوان بێهیوایی و ئومێدبەخشییدا دەهاتم و دەچووم، دەنگی خۆپیشاندەران هەراسانی كردبووین تووڕەیی ئەوانم دەهێنایە پێشچاوی خۆم كە چۆن دەست دەگرن بەسەر تاراندا و چۆنچۆنی كۆشكی نیاوەران دەكەوێتە بەر پەلاماری ئەوان. بەڵام نەمدەویست ئەوان وابزانن من هەموو كەلوپەلەكانی خۆمم بردووە. بەسەرپەرشتیاری مۆزخانەی كۆشكم گوت: بەشێك لەو دیارییانەی لەلایەن پاشا و سەرۆكەكانی جیهانەوە بۆ پاشای ئێران هاتبوون بهێنێتە ناو كۆشك و هەروەها بە ئەنقەست جلوبەرگەكانی خۆمم لە كۆشك بەجێهێشت، دەمویست دوای خۆم بەشێك لە یادەوەرییەكانم لەناو كۆشك بمێنێتەوە".

بەڵێ، تا ئێستاش بەشێك لەو پۆشاكە بەنرخ و ئەو جلوبەرگە نایابانەی لە تاران بۆیان دوریبوو دوای چوار دەیە لە كۆشك ماونەتەوە و بوونەتە بەشێك لە مۆزخانەی كۆشكی ماڵی شای ئێران.

شاژن تا ئێستاش دڵی لای گوڵەكانی كۆشكەكانی تارانە و ئاگادارە كە بەرپرسان بڕیاریانداوە بە شێوە كۆنەكەی بمێنێتەوە، لەو بارەیەوە بەو ڕۆژنامەنوسەی گوتووە كە دیداری لەگەڵ ساز دەكرد، ئایا گوڵەكان نەژاكاون؟ تەنانەت بەرلەوەی كۆشك بەجێبهێڵن شاژن داوای لە كامێرامانەكانی كەناڵە بیانییەكان كردبوو وێنەی هەموو گۆشە و شوێنەكانی كۆشكی بۆ بگرن تا وەك یادگاریی لای بمێنێتەوە.

پەیامنێری ئاژانسی ئاسۆشێتدپرێس لە ڕۆژانی شۆڕش لە تاران ڕاپۆرتی ئامادە كردووە و دەڵێت: جلوبەرگەكانی شاژن لەناو كۆمێدەكەیدا وەك خۆی مابوونەوە و دەستكاریی نەكرابوون، كتێبخانەكەی پاشا و كەلوپەلە هونەرییەكانی شاژن كەس دەستی بۆ نەبردن و پارێزران.

بەرلەوەی شا و شاژن لە تاران دەرچن منداڵەكانیان ئێرانیان بەجێهێشتبوو، فەرەحنازی كچەگەورەی شا یەك مانگ پێشتر ڕۆشتبوو بۆ لای شازادە ڕەزای برای كە لە ئەمریكا خوێندكاربوو، عەلیڕەزا و لەیلا ڕۆژێك بەرلە دایك و باوكیان، بەسەرپەرشتی نەنكیان (فەریدە دیبا) گەیشتبوونە ئەمریكا.

دوایین شەو پاشا و شاژن لە تاران لە كۆشكی نیاوەران بوون. ولیام سالیوان دوایین باڵیۆزی ئەمریكا لە ئێران دەڵێت "كۆتا شەوی شا لە تاران، من لە كۆشكی شابووم، دەستی پاشام بەگەرمی گوشیی من دەمزانیی و خۆیشی دەیزانی كە ئەو گەشتەی دەیكات ئیدی ناگەڕێتەوە بۆ تاران، بەڵام هەردووكمان وامان پیشان دەدا كە گەشتێكی كورتە و پاش چەند ڕۆژێك دەگەڕێتەوە".

هەمان شەو فەرەح دیبا بڕیاریدا یادگاریی منداڵەكانی لەگەڵ خۆی ببات. ئەو دەڵێت "تەلەفۆنم كرد بۆ فەرەحناز بەبێ ئەوەی بهێڵم بزانێت دەڕۆین و ناگەڕێینەوە، ئایا چی كەلوپەلێكی یادگاریی خۆی بۆ بهێنم؟ فەرەحناز گوتی: پۆستەری ئەستێرە و یاریزانەكانی ئێران كە لە چەكمەجەكانیدا داینابوو بۆی ببەم. بەڵام ئەو شەوە كۆشك هێندە قەرەباڵغ بوو نەمتوانی بڕۆم بۆ كۆشكی شازادە ڕەزا ـ كە ئێستا بە كۆشكی ئەحمەد شا ناسراوەـ تا ددانە شیرییەكانی و یەكەم دەنگی لەدایكبوونی كە تۆمارم كردبوو بۆی بەرم".

یەكێك لە بەرپرسانی مۆزەخانەی كۆشك بە ڕۆژنامەنووسێكی بی بی سی ڕاگەیاندووە ئەو شتانەی شاژن باسی دەكات مابوون، بەڵام دوایی بەهۆی جێگۆڕكێ و نۆژەنكردنەوەی كۆشكەوە لەناو چوون.

دەربارەی ڕۆیشتی شا لە ئێران

دەربارەی سەفەری یەكجاریی پاشای ئێران زۆر نووسراوە و گوتراوە. پەیامنێری ئەوكاتەی بی بی سی ئەو ڕۆژەی بە ڕۆژێكی ساماڵ و زۆر سارد ناوبردووە. ئەو لە ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت "كەسی نەیدەزانی دەبێت ئەمڕۆ شا ئێران بەجێبهێڵێت، ئەو بەیانییە تاران بایەكی زۆر ساردی هەبوو بەفری لووتكەكانی شاخی (ئەلبورز)ی لەگەڵ خۆی دەهێنا بۆ ناو شار. ئەو بەیانییە ڕادیۆی تاران مارشی جۆراوجۆری پەخش دەكرد، كەشی شار بە گشتیی ئارام بوو، تا ئەو كاتەی لە هەواڵەكانی كاتژمێر: 14 باسی ڕۆشتنی شای كرد و كورتە گفتوگۆیەكی شای بڵاوكردەوە. ئیتر ڕۆژنامەكانی چاپی ئێواران بە مانشێتی گەورە هەواڵەكەیان بڵاوكردەوە و نووسییان: شا ڕۆیی".

چاوەكانی شا ئەشكی لێ هەڵوەری

شاژن دەربارەی ساتەكانی بەیانیی دەڵێت "من و پاشا ئەو بەیانییەمان بە پێچەوانەی هەموو بەیانییەكانی ترەوە بەسەربرد، شا تەواوی ئەو بەیانییە لە شوێنی كارەكانی خۆی لە كۆشكی جەهان ئارا، كە ئێستا ناسراوە بە كۆشكی (صاحبقرانیە) دیدارەكانی كرد و كارەكانی خۆی ڕاپەڕاند، تەنانەت لە بیری كۆكردنەوەی كەلوپەلەكانی خۆیشیدا نەبوو. خزمەتكار و كارگوزارەكانی كۆشك گریان و تكایانكرد كە ئێران بەجێنەهێڵین، من دڵمدەدانەوە و هێورم دەكردنەوە بە هەریەكەیان ئەندازەیەك پارە و هەندێك جەواهیری كۆشكم بە دیاریی پێدان و هەندێكیانم ماچكرد. هەوڵمدا بەسەرخۆمدا زاڵ ببم و كەس هەست بە خەمبارییەكانم نەكات، دواجار كاتی ڕۆیشتن هات و هەموو لەسەر پلەكانەكان ئامادەبوون بۆ دواماڵئاوایی پاشا و شاژن، كە تا ئێستاش بەشێك لەو بیرەوەرییە ناڕەحەتەم لەیادە".

لە كۆشكی نیاوەرانەوە لە باكووری تاران شا و شاژن بە دوو هێلی كۆپتەری جیاواز ڕۆیشتن بۆ فڕگەی پایتەخت، فەرەح پەهلەوی، فڕگەی میهرئاباد بەبێ جۆش و خرۆشەكەی جاران وێنا دەكات. ئەو دەڵێت "هاوسەرم بەوپەڕی نائارامییەوە ڕاوەستابوو لەگەڵ چەند كەسێك لە دۆستان و وەفادارانی قسەی دەكرد، لەناكاو یەكێك لە ئەفسەرانی گاردی پاشایی خۆیدا بەسەر پێڵاوەكانی پاشادا و بەكوڵ گریا، ئەو ڕووداوە پاشای نەختێك توڕەكرد و لە زەوی بەرزی كردەوە لەگەڵ ئەوەشدا دڵی شا خەمگین بوو فرمێسك بە چاوەكانیدا هاتنە خوارەوە".

ڕێگە بە پەیامنێرانی بیانی نەدرابوو بێنە فڕگە و هەواڵ بگوازنەوە، بەڵام چەند پەیامنێرێكی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران لەوێ ئامادەبوون و دوایین وتوێژی نێوان شا و شاژن و ئامادەبوانیان تۆمار دەكرد، شا ئامۆژگاریی كردن ئارامیی و ئاساییش بپارێزن.

شاژن لە گفتوگۆیەكی ڕادیۆی تاران گوتی "مێژووی ئێران هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و چەندجار هێرشی كراوەتەسەر و داگیركراوە، بەڵام هەمیشە لە قەیرانەكان دەرباز بووە، بۆ چوار دەیەی دوای دەسەڵاتی خۆیشیان هەر ئەو بڕوایەی هەیە".

كۆتا دیداری دوایین پاشا و دوایین سەرۆكوەزیرانەكەی

بەهۆی خۆپیشاندان و نارائامییەكانی تارانەوە هێڵی تەلەفۆنیش بچڕابوو، لەو كاتەدا كە دەیانویست بڕۆن و تاران بەجێبهێڵن پەرلەمان لە كۆبوونەوەدا بوو بۆ گفتوگۆكردن لەسەر متمانە بەخشین بە شاپوور بەختیار كە تازە شا دەستنیشانی كردبوو بۆ سەرۆكوەزیران، پاشا دەیویست نەڕوات تا دڵنیا دەبێت لەوەی كە پەرلەمان متمانە بە شاپوور بەختیار دەبەخشێت، ناچاربوو بە ئامێری بێ سیم پەیوەندی بە پەرلەمانەوە كرد، دواجار بەختیار خۆی گەیاندە فڕگە و چاوی بە شا كەوت. شاپوور بەختیار لەسەر پلەكان لە پشتی شا ڕاوەستا و چاوەكانی پڕ فرمێسك بوون.

ئەرتەشبەند عەباس قەرەباغی سەرۆكی هێزەكانی سوپا دەڵێت "ڕۆشتمە ناو فڕۆكە تایبەتییەكەی پاشا و دەستەكانی پاشام گوشیی و پێم گوت: كێشەكانی ئێران سیاسییە نەك شتی تر، بۆیە بێخەمبە مەگەر ئەفسەرەكان شێتیی بنوێنن. دووبارە دەستەكانیم گوشی و هیوای گەشتێكی سەلامەت و خۆشم بۆ خواستن و لە فڕۆكەكە هاتمە دەرەوە".

فڕۆكەكە شای هەڵگرت و فڕیی و ئیتر نەگەڕایەوە

ئەو فڕۆكەیەی شا و شاژنی هەڵگرتبوو لە تارانەوە بەرەو قاهیرە فڕی، شا خۆیشی نەیدەزانی چارەنووس بۆ كوێی دەبات، ڕەنگە نەیزانیبێت ئەو گەشتەی لە میسرەوە بۆ ئەمریكا بەتەمایبوو هەڵوەشێنراوەتەوە، ئایا ئەو بڕوای دەكرد ئەو سوپایەی ساڵانێكە بە دڵ و بەگیان دایمەزراندووە دوای خۆی بێلایەنیی ڕادەگەیەنێت؟ ئایا لە دڵەوە دەیزانی ئەو گەشتەی دەیكات ئیتر دواجارە و بۆ ئێران ناگەڕێتەوە؟ شاژن ئێستاش دەڵێت: دوای چوار دەیە بەئومێدەی ڕۆژێك بۆ تاران بگەڕێتەوە.

فەرەح دیبا دەڵێت: لەكاتێكدا لە وڵاتی مەراكیش (مەغریب) بووین ڕادیۆی تاران هەواڵی بێلایەنی سوپا و كەوتنی دەسەڵاتی شاهەنشایی ڕاگەیاند، شا بەتەواوی شڵەژا و خەمگین بوو، زۆر تووڕەبوو بە سەرۆكی سوپای گوت ئەو گەمژەیە چۆن شكستی بە دەوڵەتی شاهەنشایی هێنا.

دوای كەوتنی دەسەڵاتەكەی ئیتر ژیانی شاهەنشای ئێران بوو بە ئاوارەیی و لەوپەڕی دەسەڵاتی وڵاتەوە بوو بە میوانی ئۆتێل و پەناهەندی وڵاتان، ئەمریكا ڕێگەی نەدا بچێتە ئەو وڵاتە و دوایین ساتەكانی ژیانی كە گیرۆدەی نەخۆشیی شێرپەنجەبوو لەوێ بەسەربەرێت و بحەوێتەوە، وڵاتانی خۆرئاوایش دەرگایان بە ڕوویدا دادەخست و مافی مانەوەیان پێنەدەدا، ناچاربوو بگەڕێتەوە بۆ میسر و لە ژێر دەسەڵاتی ئەنوەر سادات و جیهان ساداتی هاوسەریی، بە ئارامیی دوایین ڕۆژەكانی ژیانی تەواو بكات.

هەمیشە دڵی لای ئەو كۆشكە جوانەی نیاوەران بوو كە لە دڵڕفێنترین شوێنی تاراندا دروستی كردبوو، یازدە ساڵ تێیدا ژیانی بەسەر برد و حوكمڕانیی كرد، بەڵام سەرئەنجام كۆشكەكانی كرانە مۆزەخانە و خۆیشی بە ماوەیەكی كەم لە كەوتنی دەسەڵاتەكەی، لە 27ی تەمووزی 1980 بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە قاهیرە كۆچی دوایی كرد و هەرلەوێش بەخاك سپێردرا.

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:

سایتی بی بی سی فارسی.

چەند دیدارێكی شا و شاژن لە كەناڵی بی بی سی.

هەندێك دیمانەی محەمەد ڕەزاشا لە یوتیوب.

كتێبی: كهن دیارا، بیرەوەرییەكانی فەرەح پەهلەوی.

كتێبی: پاسخ بەتأریخ، بیرەوەرییەكانی محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی.

كتێبی: دخترم فرح، بیرەوەرییەكانی فەریدە دیبا، دایكی فەرح پەهلەوی.