بەرهەم ساڵح لە ململانێی بوون بە كەسی یەكەمی یەكێتی "دەچێتە دەرەوە"

08-02-2020 06:26
سێڵفییەكی بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح. وێنە؛ پەرەگراف.


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

سەركردایەتی گشتیی یەكێتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا سیستمی هاوسەرۆكیی بۆ بەڕێوەبردنی حیزبەكەی پەسەند كرد، بەرهەم ساڵح ئەو پۆستە وەرناگرێت‌و لە ململانێكە چووەتە دەرەوە.

سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكارییەكانە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیەكی دوو ڕۆژ لەمەوبەری بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی بۆلای بەرهەم ساڵح بۆ پەرەگراف ئاشكرا دەكات.

"بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی گوتویانە هەلومەرجەكە گۆڕاوەو پێمان باشە سیستمی هاوسەرۆكیی بۆ یەكێتی جێگیر بكەین، لە بەرامبەردا بەرهەم ساڵح پێی گوتوون من ئەو پۆستە وەرناگرم، چونكە پاشگەزبوونەوەیە لەو ڕێككەوتنەی هەبووە كە من ببمە سەرۆك‌و دوو جێگر هەبێت، كێ دەیكات با بیكات، من كێشە دروست ناكەم‌و ڕێگرییش ناكەم" سەرچاوە ئاگادارەكە وای وت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی"ئەمڕۆش قسەیان لەگەڵ د.بەرهەم كردووەتەوەو پێیان گوتووە ئەگەر ڕازی ببێت بە سیستمی هاوسەرۆكیی دەیكەن بە سەرۆكی كۆنسەی هاوسەرۆكایەتییەكە، بەڵام بەوەش ڕازیی نەبووەو گوتوویەتی من ئەو پۆستە وەرناگرم‌و ڕەتی كردووەتەوە".

سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف، گۆڕینی ئەو هاوكێشەیەی ناوخۆی یەكێتی بەستەوە بە دۆخی عێراق‌و گۆڕانكارییەكانی بەغداوەو وتی"ئەوەی پلانەكەی یەكێتی تێكدا ئێرانە كە لە بەرهەم ساڵح ناڕازییە بەهۆی دۆخی بەغدادەوە كە بەرهەم ساڵح لە بەرەی شەقام‌و خۆپیشاندەرانە نەك بەرەی لایەنە شیعەكانی سەربە ئێران".

لە دوای ئەو كۆبوونەوەیەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ بەرهەم ساڵح، ڕای زۆرینەی سەركردایەتی گشتیی یەكێتی بە ئاڕاستەی سیستمی هاوسەرۆكایەتیی گۆڕاوەو تا ئەمڕۆ لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبەدا جێگیر كرا.

بەپێی یەكێك لە مەرجەكانی بوون بە هاوسەرۆك كە لە پەیڕەوی ناوخۆدا پەسەند كراوە، پێویستە ئەو كەسەی دەبێت بە هاوسەرۆكی یەكێتی لە 10 ساڵی ڕابردوودا لەو حیزبە دانەبڕابێت، هەرچەندە بەرهەم ساڵ ساڵی 2017 حیزبێكی نوێی دامەزراندو لە دەرەوەی یەكێتی بەشداریی هەڵبژاردنی كرد، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكە وتی"تا ئێستا ئەو دەستلەكار كێشانەوەیەی ئەوكاتە بەرهەم ساڵح پێشكەشی یەكێتی كردو چووە دەرەوەی ئەو حیزبە پەسەند نەكراوە، هەربۆیە بە دابڕاو لە یەكێتی هەژمار ناكرێت".

بەڵام سەرچاوەیەكی دیكە كە بەهەمان شێوە ئاگاداری وردەكارییەكانی ناو یەكێتییە بۆ پەرەگراف وتی"ئەو بڕگەی 10 ساڵ دانەبڕانە بە مەبەست‌و لە دژی بەرهەم ساڵح دانراوە لەناو پەیڕەوەكەدا كە ڕێگریی لێ بكات ببێتە كەسی یەكەم"، ئەو سەرچاوەیە وتیشی"بەپێی دواین گۆڕانكارییەكان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی دەبنە هاوسەرۆكی یەكێتی، ئەگەر كۆنسەی هاوسەرۆكایەتیی لە دوو كەس زیاتر بن ئەوكاتە شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵیش دەبێتە یەكێك لە هاوسەرۆكەكان".

لە دوای كۆنگرەی یەكێتی چاوەكان لەسەر بەرهەم ساڵح بوون كە ببێتە كەسی یەكەمی یەكێتی، ئەو كە دوای بەتەواوی بێئومێدبوونی لە هەوڵەكانی ساڵانی ڕابردووی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كە خۆی جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی بوو، هەروەها شكستهێنانی ئەو هەوڵانەی بۆ گەڕانەوەی ناوبراو دران بۆ ناو حیزبەكەی، لە مانگی 10ی 2017 دامەزراندنی حیزبێكی نوێی ڕاگەیاندو لە دەرەوەی یەكێتی بەشداریی لە هەڵبژاردن كرد.

هاوپەیمانیی دیموكراسی‌و دادپەروەریی بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح، مانگی 5ی ساڵی 2018 بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كردو 2 كورسی بەدەستهێنا، هەرچەندە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ڕەتكردەوەو ڕایگەیاند"ساختەكاریی گەوری لێكراوە"، ئەو حیزبە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی بایكۆت كرد‌و ساڵێكی تەمەنی تێنەپەڕاند كاتێك بەرهەم ساڵح لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێك بۆ بوون بە سەرۆك كۆماری عێراق گەڕایەوە بۆناو یەكێتی‌و كورسیی سەرۆكایەتی كۆماری وەرگرت.

مەرج‌و دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی

دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی، مستەفا چاوڕەش سەرۆكی كاتیی ئەنجومەنەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەی ئاشكرا كرد كە سیستمی هاوسەرۆكییان پەسەند كردووە، وتی"بەڵام چەند كەس دەبن‌و كێ دەبن هێشتا بڕیاری لێ نەدراوە".

مستەفا چاوڕەش ئەوەشی خستە ڕوو، گفتوگۆی زۆریان لەسەر دەسەڵاتەكان‌و سەرۆكی ئەنجومەن‌و كۆنسەی سەرۆكایەتیی یەكێتی كردووە‌و ئەوەشیان تاوتوێ كردووە كە ئایا هاوسەرۆكەكان جێگریان هەبێت یان نا، بەڵام وردەكاریی زیاتری ئاشكرا نەكرد.

لەبارەی مەرجەكانی ئەو كەسانەی كە دەبنە هاوسەرۆك، مستەفا چاوڕەش وتی"دەبێت ناوبانگیان باش بێ‌و ساڵی خەباتیان لە 10 ساڵ كەمتر نەبێ‌و لە دۆسیەی گەندەڵییەوە نەگلابن‌و دەبێت ئەم سیفاتانەیان تێدابێت".

لەبارەی دەسەڵاتی هاوسەرۆكانی یەكێتی، مستەفا چاوڕەش وتی "بەرپرسن بەرامبەر سیاسەتی یەكێتی‌و یەكلاییكردنەوەی كێشەكان، هەماهەنگی دەكەن لەگەڵ مەكتەب‌و ئۆرگانەكانی ناو یەكێتی‌و ڕێككەوتنە سیاسییەكان ئەوان دەتوانن واژۆی بكەن، چونكە بەرپرسی یەكەمی ڕاستەوخۆن، ڕاپۆرتی ساڵانە ئامادە دەكەن، بەرپرسن بەرامبەر بە سامان‌وداهات‌و موڵكی یەكێتی‌و بۆیان هەیە لێپرسینەوە بكەن لە هەموو ئەوانە، بەرپرسن لە جێبەجێكردنی ئەو شتانەی ڕۆژانی داهاتوو دێنە پێشەوە بە هەماهەنگیی ئەنجومەنی سەركردایەتی".

سبەینێش كۆبوونەوەی سەركردایەتی گشتیی یەكێتی بەردەوام دەبێت لە ماددەی 41ی پەیڕەوی ناوخۆوە گفتوگۆكانیان دەستپێدەكاتەوە.