زانیاریی نوێ‌و تایبەت/ نامەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ دوای كۆبوونەوە بووە لەگەڵ ئێرانییەكان

11-02-2020 11:33
كۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

نامەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ بۆ سەركردایەتی یەكێتی كە تێیدا بڕیار دراوە سەركردایەتی كۆبوونەوەكانی هەڵپەسێرێت، دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئێرانییەكان بووە لەگەڵ جەمسەرە جیاوازەكانی یەكێتی.

سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری كۆبوونەوەكانە بۆ پەرەگراف وتی"ئەمڕۆ وەفدێكی ئێران لە سلێمانی لەگەڵ ئاڕاستە جیاوازەكانی یەكێتی كۆبووەتەوە لە پێناو چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە دوای كۆنگرەی ئەو حیزبە سەریان هەڵداوە كە گرنترینیان سیستمی هاوسەرۆكییە كە سەركردایەتی پەسەندی كردووە".

3 ڕۆژ لەمەوبەر كاتێك سەركردایەتی یەكێتی هاوسەرۆكیی پەسەند كرد، پەرەگراف وەك یەكەم میدیا ئەوەی بڵاوكردەوە كە پلانی ئێران بووە لە دژی بەرهەم ساڵح و ئێران پێیوایە لە پۆستی سەرۆك كۆماری‌و كێشەكانی بەغدادا بە خواستی ئەوان مامەڵەی نەكردووە.

گۆڕینی سیستمی یەكێتی بۆ هاوسەرۆكیی، وایكرد بەرهەم ساڵح ناڕازیی بێت‌و دووربكەوێتەوە لە وەرگرتنی پۆستی یەكەمی یەكێتی، لە كاتێكدا لە دوای كۆنگرەی ئەو حیزبە چاوەكان لەسەر ناوبراو بوون‌و كاندیدی بەهێز بوو بۆ سەرۆكی ئەو حیزبە، دوای بەرهەم ساڵح چەند سەركردەیەكی دیكەی نزیك لە ناوبراو و ئاڕاستەی كۆسرەت ڕەسوڵیش ناڕەزاییان لە هەنگاوەكانی سەركردایەتی پیشانداو بایكۆتی كۆبوونەوەكانی سەركردایەتییان كرد.

سەرچاوەكەی پەرەگراف كە ئاگاداری كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆی ئێرانییەكانە لەگەڵ یەكێتی، دەڵێت"ئێران بە ڕوونی گوتویانە كە سیستمی هاوسەرۆكیی پەسەندكراوی ئێمەیە، بەڵام ئاڕاستەی كۆسرەت ڕەسوڵ ناڕەزاییان پیشانداوەو گوتویانە ئێمە خۆمان دەزانین دۆخی یەكێتی ئەوە هەڵناگرێت".

لەدوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئێرانییەكان‌و نەگەیشتنە ئەنجام، ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی ئەو بڕیارانەی دەركردووە كە كۆسرەت ڕەسوڵ لە نامەكەیدا ئاڕاستەی سەركردایەتی كردووە.

ئێران بە ڕادەیەك لە یەكێتی نزیكە، زۆركەس وەك فریادڕەسی ئەو حیزبە ناوی دەبەن بۆ دەربازكردن لە تەنگژەو قەیرانەكان، بەهۆی نزیكیی‌و هاوسنوریی پارێزگا سلێمانی‌و هەڵەبجەو گەرمیان‌و ڕاپەڕین لە ئێران‌و باڵادەستیی‌و هەژموونی یەكێتی لەو ناوچانە، هەردوولایەن بەرژەوەندیی هاوبەشیان پێكەوە هەیە.

ناوەڕۆكی نامەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ

نامەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ چەند بڕیارێكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای یەكێتییە كە ئاڕاستەی سەركردایەتی كراوە.

نامەكە 3 بڕیاری لەخۆ گرتووەو پیشاندانی ناڕەزاییە بەرامبەر ئەو ماددانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە چەند ڕۆژێكە سەركردایەتی ئەو حیزبە پەسەندیان دەكات، گرنگترین ماددەی پەیڕەوەكەش پەسەند كردنی سیستمی هاوسەرۆكییە بۆ یەكێتی كە ناڕەزایی لەناوخۆی ئەو حیزبە دروست كردووەو لە بڕیاری یەكەمدا داوای هەڵپەساردنی كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی دەكات.

"تەواوی ئەو بڕیارانەی داوتانن، بۆ دەسەڵات و ئۆرگانەكان، مەترسی لەسەر هاوسەنگی ڕیزەكانمان هەیە، بۆیە پێش بەكاڵاكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی باڵا، لەلایەن لیژنەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەوە شەرعیەتی ئۆرگانیكی وەرناگرێت" بڕیاری دووەمی نامەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ وادەڵێت.

لە بڕیاری سێیەمیشدا بە پێویست زانراوە كۆبوونەوەی تایبەتی و بەرپرسیارانە بۆ گفتوگۆی چارەسەركردنی گرفت و كێشەكان و بۆچوونە جیاوازەكان بكرێت، "پاش ئەم كۆبوونەوەیە و لێكتێگەیشتن، بڕیاربدرێ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەردەوام بێت. داوامان وایە لە هەموو بارێكەوە دۆخی یەكێتی وردتر لێكبدەنەوە و تەواوی ئەگەرەكان لەبەرچاو بگرن".

دەقی نامەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ كە دەست پەرەگراف كەوتووە