لە شەڕی دژ بە كۆرۆنادا، مرۆڤایەتی پێویستی بە ڕابەرایەتی هەیە

17-03-2020 07:49


یوڤاڵ نوح هەراری*

وەرگێڕانی (لە ماڵپەڕی تایمی ئەمریكییەوە) تایبەت بە پەرەگراف: ڕێنوار نەجم

خەڵكانێكی زۆر لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بە جیهاندا لۆمەی جیهانگیریی دەكەن، ئەوان دەڵێن تاكە ڕێگا بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای لەو شێوەیە بریتییە لە بە نا-جیهانگیرییكردنی جیهان، بە دروستكردنی دیوار، كۆتوبەندكردنی گەشت، كەمكردنەوەی بازرگانی. بەڵام لەكاتێكدا كەرەنتینەكردنێكی كورت-مەودا زۆر گرنگە بۆ وەستاندنی پەتا جیهانییەكە، گۆشەگیركردنێكی درێژخایەن سەردەكێشێت بۆ داڕمانی ئابووری بەبێ خستنەڕووی هیچ پارێزێكی ڕاستەقینە دژ بە نەخۆشییە درمییەكان. بەڵكو ڕێك پێچەوانەكەیەتی. دەرمانی ڕاستەقینەی پەتا جیهانییەكە خۆبەدوورگرتنی نەژادیی نییە، بەڵكو هاوكاریی و هەماهەنگیكردنە.

پەتا جیهانییەكان زۆر پێش سەردەمی ئێستای جیهانگیریی ملیۆنان كەسیان كوشتووە. لە سەدەی 14دا نە فڕۆكە هەبووە نە كەشتییە گەورەكان، بەڵام تاعونی ڕەش لە ماوەی كەمتر لە دەیەیەكدا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە بۆ ڕۆژئاوای ئەوروپا بڵاوبووەوە. نەخۆشییەكە 75 ملیۆن تا 200 ملیۆن كەسی كوشت- زیاتر لە چواریەكی دانیشتوانی ئیوراسیا. لە ئینگلتەرا، لە دە كەس چواریان مردن. شاری فلۆرەسنا لە كۆی دانیشتوانە 100 هەزار كەسییەكەی، 50 هەزاری لەدەست دا.

لە ئاداری ساڵی 1520، تاكە هەڵگرێكی ئاوڵە -فرانسیسكۆ دی ئیگویا- گەیشتە مەكسیك. لەو كاتەدا، ئەمەریكای ناوەڕاست شەمەندەفەر، پاس و تەنانەت گوێدرێژیشی نەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا تا كانوونی یەكەم، پەتای ئاوڵە هەموو ئەمەریكای ناوەڕاستی كاول كرد، بەپێی هەندێك خەمڵاندن سێیەكی دانیشتوانەكەی لەناوچوون.

لە ساڵی 1918 جۆرێكی دیارییكراوی بەهێزی ئەنفلۆنزا لە ماوەی چەند مانگێكی كەمدا تا دوورترین شوێنەكانی جیهان بڵاوبوویەوە. نیو ملیار كەس تووشی نەخۆشییەكە بوون- زیاتر لە چواریەكی مرۆڤایەتی. مەزەندە دەكرێت كە ئەنفلۆنزاكە لەسەدا 5ی دانیشتوانی هیندستانی كوشتبێت. لەسەدا 14ی دانیشتوانی دوورگەی تاهیتی مردن. لە سامۆوایش لەسەدا 20. بە كۆی گشتی، پەتاكە لە كەمتر لە ساڵێكدا دەیان ملیۆن خەڵكی كوشت- ڕەنگە ژمارەكە 100 ملیۆن بێت. ئەوەش زیاترە لە ژمارەی كوژراوانی چوار ساڵی شەڕی دڕندانەی جەنگی جیهانیی یەكەم.

لەو سەدەیەی كە لەساڵی 1918ـەوە تێپەڕیوە، مرۆڤایەتی لاوازتر بووە بەرامبەر پەتاكان، ئەویش بەهۆی هەریەك لە گەشەسەندنی دانیشتوان و ئامرازی گواستنەوەی باشتر. شارە گەورە مۆدێرنەكانی وەك تۆكیۆ یان مەكسیكۆ سیتی، زەمینەی ڕاوكردنی زۆر باشتر لە فلۆرەنسای سەدەكانی ناوەڕاست بۆ هۆكارەكانی نەخۆشی دەڕەخسێنێت. هاوكات ئامرازی گواستنەوەی جیهانیی لەمڕۆدا ئێجگار خێراترە لەوەی لە ساڵی 1978دا هەبووە. ڤایرۆسێك دەتوانێت لە پاریسەوە بڕوات بۆ تۆكیۆ و مەكسیكۆ سیتی لە كەمتر لە 24 كاتژمێردا. بۆیە دەشێت ئێمە چاوەڕێ بكەین لە دۆزەخی پەتادا بژیین، كە تاعونی كوشندە یەك لە دوای یەك ئێخەمان پێ بگرن.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، لە ڕاستیدا ڕوودان و كاریگەریی پەتا جیهانییەكان بەشێوەیەكی دراماتیكی دابەزیوون. سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ترسناكی نەخۆشییەكانی وەك ئایدز و ئیبۆلا، پەتاكانی سەدەی 21 بەشێكی ئێجگار كەمی مرۆڤ لەناودەبەن بەراورد بە هەر كاتێكی ڕابردوو لە چاخی بەردینەوە. هۆكارەكەشی ئەوەیە كە بەهێزترین بەرگریی مرۆڤ دژی نەخۆشییەكان دابڕان نییە، بەڵكو زانیارییە. مرۆڤایەتی لەشەڕی دژ بە پەتاكاندا براوەبووە، چونكە لە جەنگی پێشبڕكێی نێوان نەخۆشییەكان و پزیشكەكان، نەخۆشییەكان پشتیان بەستووە بە بازدانی كوێرانە، لە كاتێدا پزیشكەكان پشتیان بەستووە بە شیكاریی زانستیی زانیارییەكان.

كەمپێكی چارەسەركردنی ئەو كەسانەی تووشی پەتا بوون/ ساڵی 1918

سەركەوتن بەسەر نەخۆشییەكاندا

كاتێك لە سەدەی 14دا تاعوونی ڕەش بڵاوبووەوە، خەڵك نەیدەزانی هۆكارەكانی چین و دەبێت چی بكرێت. تا سەردەمی مۆدێرنە، بەشێوەیەكی گشتی مرۆڤ لە كاتی نەخۆشییەكاندا لۆمەی خوداوەندە توڕەكان، شەیتانە بەدەكان و هەوای پیسیان دەكرد، تەنانەت گومانیشیان لە بوونی بەكتریا و ڤایرۆس نەدەكرد. خەڵك بڕوای بە فریشتە و چیرۆكە خەیاڵییەكان دەكرد، بەڵام ئەوان نەیاندەزانی كە دەشێت یەك دڵۆپ ئاو كەشتییەكی پڕ لە ئاژەڵی دڕندەی تێدا بێت. بەو پێیە، كاتێك تاعوونی ڕەش یاخود ئاوڵەیان بۆ هاتووە، باشترین شتێك لە دەسەڵاتداران توانیویانە بیری لێ بكەنەوە، ڕێكخستنی نوێژ و دوعای دەستەجەمعی بووە بۆ خوداوەند و شەیتانە جیاوازەكان. بەڵام ئەوە هیچ هاوكار نەبووە. لەڕاستیدا، كاتێك خەڵك پێكەوە كۆبوونەتەوە بۆ نوێژی دەستەجەمعی، زۆرجار بووەتە هۆكاری بڵاوبووەنەوەی زیاتری نەخۆشییەكان.

لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، زانا، پزیشك و پەرستارەكان لە هەموو جیهاندا زانیارییان كۆكردووەتەوە و پێكەوە توانیویانە لە میكانیزمی پشت پەتاكان و ئامڕازەكانی بەرەنگاربوونەوەیان تێبگەن. تیۆریای پەرەسەندن ڕوونی كردوەتەوە كە بۆچی و چۆن نەخۆشییە تازەكان سەرهەڵدەدەن و نەخۆشییە كۆنەكان زیاتر زیانبەخش دەبن. زانستی جینەكان وای لە زاناكان كردووە كە بتوانن زانیاریی كۆبكەنەوە لەسەر پێكهاتەی خودی هۆكارەكانی نەخۆشی [ڤایرۆس و بەكتریا]. لە كاتێكدا خەڵكی سەدەكانی ناوەڕاست هەرگیز هۆكاری تووشبوون بە تاعوونی ڕەشیان نەدۆزییەوە، بەڵام تەنها دوو هەفتە بەس بوو بۆ زاناكان بۆ ناسینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و زنجیرە پێكهاتەی جینەكانی، هەروەها توانییان پەرە بدەن بە تاقیكردنەوەیەكی جێ متمانە بۆ دیارییكردنی ئەو كەسانەی تووشبوون.

ئەو كاتەی زاناكان لە هۆكاری پەتاكە تێگەیشتن، بەرەنگاربوونەوەیان زۆر ئاسانتر دەبێت. پێكوتە، دژەبەكتریا، پاكژیی پەرەپێدراو، هەروەها ژێرخانی دەرمانسازیی زۆر باشتر پێكەوە وای لە مرۆڤایەتی كردووە كە باڵادەست بێت بەسەر دوژمنە دڕندە نادیارەكانی. لە ساڵی 1967، هێشتا ئاوڵە 15 ملیۆن كەسی توشكردبوو و دوو ملیۆنیشیانی كوشتبوو. بەڵام لە دەیەكانی دواتردا هەڵمەتی جیهانیی بۆ پێكوتەی ئاوڵە زۆر سەركەوتووبوو، بەشێوەیەك لە ساڵی 1979 ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند كە مرۆڤایەتی بردوویەتییەوە و ئاوڵە بەتەواوی قەڵاچۆكراوە. لەساڵی 2019 تەنانەت یەك كەسیش نە تووشی ئاوڵە بوو نە بەو نەخۆشییە مرد.

پاسەوانیكردنی سنوورەكانمان
ئەم مێژووە چیمان فێردەكات بۆ ئەم پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنایە؟

یەكەم، ئەو مێژووە ئەوە دەگەیەنێت كە ناتوانیت بە داخستنی سنوورەكانت بۆ هەمیشە، خۆت بپارێزیت. بیرت بێت كە پەتاكان تەنانەت لە سەدەكانی ناوەڕاستیشدا، زۆر بەر لە سەردەمی جیهانگیری، بەخێرایی بڵاوبوونەتەوە. كەواتە گەر پەیوەندییە جیهانگیرییەكانیشت بۆ ئاستی ئینگلتەرای ساڵی 1348 كەم بكەیتەوە، هێشتا بەس نییە. بۆ ئەوەی بەڕاستی خۆت بپارێزیت لەڕێگەی دابڕانەوە، گەڕانەوە بۆ سەدەكانی ناوەڕاست بەس نییە. دەبێت بەتەواوی بگەڕێیتەوە چاخی بەردین، دەتوانی ئەوە بكەیت؟

دووەم، مێژوو ئەوە دەردەخات كە پاراستنی ڕاستەقینە بڵاوكردنەوەی زانیاریی زانستیی متمانەپێكراو هەروەها هاوپشتیی جیهانییە. كاتێك پەتایەك لە وڵاتێكدا بڵاودەبێتەوە، دەبێت ئەو وڵاتە ڕاستگۆیانە زانیاریی لەبارەی نەخۆشییەكەوە بڵاوبكاتەوە بەبێ بوونی ترس لە كارەساتی ئابووری- لەهەمانكاتدا دەشبێت وڵاتانی دیكە بتوانن متمانە بەو زانیارییانە بكەن و پێویستیشە دەستی یارمەتیی بۆ درێژ بكەن نەك وڵاتە قوربانییەكە پەراوێز بخەن. ئەمڕۆ چین دەتوانێت وانەگەلی گرنگ لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە فێری هەموو وڵاتانی دیكەی جیهان بكات، بەڵام ئەمە پێویستی بە ئاستێكی بەرزی متمانەی نێودەوڵەتی و هەماهەنگی هەیە.

لەهەمانكاتدا هەماهەنگیی نێودەوڵەتی پێویستە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنێكی كاریگەری كەرەنتینەكردن. كەرەنتینە و ڕاگرتنی هاتووچۆ گرنگن بۆ وەستانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكان. بەڵام كاتێك وڵاتەكان متانەیان بە یەكتر نییە و هەر یەكەیان هەست دەكات بەتەنها خۆیەتی، حكومەتەكان دوودڵ دەبن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند. ئەگەر تۆ 100 حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەی خۆتدا بدۆزیتەوە، ئایا دەستبەجێ هاتووچۆ لەتەواوی شارەكان و هەرێمەكەدا قەدەغە دەكەیت؟ تا ڕادەیەكی زۆر، ئەوە دەكەوێتەوە سەر ئەوەی تۆ چی لە وڵاتەكانی دیكە چاوەڕێ دەكەیت. دەشێت داخستنی شارەكانی خۆت سەربكێشێت بۆ داڕمانی ئابووری. ئەگەر پێت وابێت وڵاتەكانی دیكە دواتر دێن بە هاناتەوە- زیاتر ئەگەری ئەوەی هەیە ئەو ڕێوشوێنە توندە بگریتەبەر. بەڵام ئەگەر پێت وابێت وڵاتانی دیكە فەرامۆشت دەكەن، ئەگەر زۆرە دوودڵ بیت تا ئەو كاتەی زۆر درەنگ دەبێت.

ڕەنگە گرنگترین شت كە پێویستە خەڵك لەبارەی پەتای لەم شێوەیەوە دركی پێ بكات ئەوە بێت كە بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە هەر وڵاتێكدا هەموو مرۆڤایەتی دەخاتە مەترسییەوە. هۆكاری ئەمەش ئەوەیە كە ڤایرۆسەكان پەرەبەخۆیان دەدەن. ڤایرۆسی وەك كۆرۆنا لە ئاژەڵی وەك شەمشەمەكوێرەوە سەرچاوە دەگرن. كاتێك دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ، لە بنەڕەتەوە ڤایرۆسەكان بەشێوەیەكی لاواز خۆیان لەگەڵ مرۆڤی خانەخوێدا دەگونجێنن. كاتێك خۆیان بەرهەمدەهێننەوە لەناو مرۆڤدا، هەندێكجار ڤایرۆسەكان بازدان دەكەن. زۆربەی بازدانەكان بێ زیانن. بەڵام جار نا جارێك بازدانێك وا لە ڤایرۆسەكە دەكات كوشندەتر بێت، یاخود زیاتر بەرەنگاری سیستمی بەرگریی مرۆڤ ببێتەوە، دواتر ئەم گۆڕانكارییەی ڤایرۆسەكەش بەخێرایی بۆ مرۆڤەكانی دیكە بڵاودەبێتەوە. لە كاتێكدا كە ڕەنگە تاكە كەسێك خانەخوێی ترلیۆنان گەردیەی ڤایرۆس بێت كە خەریكی بەرهەمهێنانەوەی نەگۆڕە، هەموو كەسێكی توشبوو ترلیۆنان دەرفەتی نوێ دەبەخشێتە ڤایرۆسەكە تا بتوانێت زیاتر خۆی لەگەڵ مرۆڤدا بگونجێنێت. هەموو مرۆڤێكی هەڵگر وەك ئامێرێكی قوماركردن وایە كە ترلیۆنان بلیتی قومار دەبەخشێتە ڤایرۆسەكە- ڤایرۆسەكەش تەنها پێویستی بەیەك بلیتی بردنەوە هەیە تا بكەوێتە نەشونما.

ئەمە بەتەنها مەزەندەكردن نییە. كتێبەكەی ڕیچارد پریستۆن بەناویشانی "قەیرانەكان لە زۆنی سووردا" بە وردی باسی زنجیرەی ڕووداوەكانی بڵاوبوونەوەی خێرای ئیبۆلا لە ساڵی 2014دا دەكات. بڵابوونەوەكە ئەو كات دەستی پێ كرد كە هەندێك ڤایرۆسی ئیبۆلا لە شەمشەمەكوێرەیەكەوە گواسترانەوە بۆ مرۆڤێك. ئەو ڤایرۆسانە خەڵكیان زۆر نەخۆش خست، بەڵام هێشتا ڤایرۆسەكان زیاتر بە ژیان لەناو شەمشەمەكوێرەكاندا ڕاهاتبوون وەك لە لەشی مرۆڤ. ئەوەی كە ئیبۆلای لە نەخۆشییەكی تاڕادەیەك دەگمەنەوە گۆڕی بە پەتایەكی كوشندە، تاكە بازدانێك بوو لە تاكە جینێكی یەك ڤایرۆسی ئیبۆلادا كە كەسێكی توشكردبوو لە شوێنیك لە ناوچەی ماكۆنا لە ڕۆژئاوای ئەفەریقا. بازدانەكە وای لە زینجیرەی ئیبۆلا گۆڕدراوەكە- كە پێی دەڵێن زنجیرەی ماكۆنا- كرد بلكێت بە گوێزەرەوەی كۆرستڕۆڵی خانەكانی مرۆڤ. ئێستا، لەبری كۆرستڕۆڵ، گوێزەرەوەكان ئیبۆلایان دەبردە ناو خانەكانەوە. ئەم زنجیرە نوێیەی ماكۆنا چوار جار زیاتر مەترسیداربوو بۆ مرۆڤ.

لە كاتێكدا تۆ ئەم دێڕانە دەخوێنیتەوە، ڕەنگە بازدانێكی هاوشێوە ڕووبدات لە تاكە جینێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە تووشی كەسێك بووە لە تاران، میلان یاخود ووهان. ئەگەر ئەمە بەڕاستی ڕووبدات، ئەوا هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە نەك تەنها بۆ ئێرانی، ئیتاڵی و چینییەكان، بەڵكو بۆ ژیانی تۆیش. خەڵك لە هەموو جیهاندا بەرژەوەندییەكەی ژیان-یاخود-مردنی هەیە كە دەرفەتێكی لەو شێوەیە نەبەخشێتە ڤایرۆسی كۆرۆنا. ئەمەش واتای ئەوەیە كە پێویستە پارێزگاری لە هەموو كەسێك لە هەموو وڵاتێكدا بكەین.

مرۆڤایەتی لە ساڵانی 1970ـكاندا توانی شكست بە ڤایرۆسی ئاوڵە بهێنێت، چونكە هەموو خەڵك لە هەموو وڵاتەكاندا پێكوتەیان دژ بە ئاوڵە وەرگرتن. تەنانەت ئەگەر یەك وڵاتیش نەیتوانیایە پێكوتە بداتە دانیشتوانەكەی، دەكرا هەموو مرۆڤایەتی بخستایەتە مەترسییەوە، چونكە تا ئەو كاتەی ڤایرۆسی ئاوڵە بوونی هەبێت و لە شوێنێكدا پەرەبسێنێت، هەمیشە دەكرێت دووبارە لە هەموو شوێنێك بڵاوببێتەوە.

لە شەڕی دژ بە ڤایرۆسەكاندا، پێویستە مرۆڤایەتی بە وردی چاودێریی سنوورەكانی بكات. بەڵام سنووری نێوان وڵاتەكان نا، بەڵكو پێویستە چاودێریی سنووری نێوان جیهانی مرۆڤ و جیهانی ڤایرۆس بكات. هەسارەی زەوی لەگەڵ بێهەژمار ڤایرۆسدا یەكی گرتووە، ڤایرۆسە نوێیەكانیش بەشێوەیەكی جێگیر گەشە دەسەنن بەهۆی بازدانە جێنێتیكەكانەوە. ئەو هێڵە سنوورییەی جیهانی ڤایرۆس لەگەڵ جیهانی مرۆڤ جیادەكاتەوە بەناو لەشی هەموو تاكێك لە مرۆڤدا تێدەپەڕێت. ئەگەر ڤایرۆسێكی مەترسیدار لەهەر شوێنێكی سەر زەوی توانی ئەو سنوورە ببەزێنێت، هەموو مرۆڤایەتی دەخاتە مەترسییەوە.

لەسەدەی ڕابردوودا، مرۆڤایەتی لە هەر ساتێكی ڕابردوو زیاتر ئەو سنوورەی پاراستووە. سیستمی تەندروستیی مۆدێرن وەك دیوارێك لەسەر ئەو سنوورە دانراوە، هەروەها پەرستار، پزیشك و زاناكانیش ئەو پاسەوانانەن كە ئێشك دەگرن و بەرپەرچی هەر دەستدرێژیكارێك دەدەنەوە. بەڵام بەداخەوە مەودای درێژی ئەم سنوورە بە چۆڵی جێهێڵدراوە. سەدان ملیۆن خەڵك لە جیهاندا هەن كە تەنانەت دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان ڕاناگات. ئەمە هەموومان دەخاتە مەترسییەوە. ئێمە وا ڕاهاتووین كە لەسەر ئاستی نیشتمانی بیر لە تەندروستی بكەینەوە، بەڵام دابینكردنی خزمەتگوزارییەكی تەندروستیی باشتر بۆ ئێرانییەكان و چینییەكان لەهەمان كاتدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی ئیسرائیلییەكان و ئەمریكییەكان لە پەتا جیهانییەكان. دەبێت ئەم ڕاستییە سادەیە بۆ هەمووان ڕوون بێت، بەڵام بەداخەوە تەنانەت هەندێك لە كەسە زۆر گرنگەكانی جیهانیش دركی پێ ناكەن.

دۆناڵد ترەمپ باری نائاسایی لە ئەمریكا ڕاگەیاند بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە/13-3-2020

جیهانێكی بێ سەركردە

جیهان ئەمڕۆ ڕووبەڕووی قەیرانێكی توند دەبێتەوە نەك بەتەنها بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بەڵكو لەهەمان كاتدا بەهۆی نەبوونی متمانە لەنێوان مرۆڤەكاندا. بۆ سەركەوتن بەسەر پەتایەكدا، پێویستە خەڵك متمانە بە پسپۆڕانی زانست بكەن، هاونیشتمانیان متمانە بە دەسەڵاتدارانی گشتی بكەن، هەروەها وڵاتەكان متمانە بەیەكتر بكەن. لەم ساڵانەی دواییدا، سیاسەتمەدارە نابەرپرسەكان بە مەبەست متمانەیان بە زانست، دەسەڵاتدارانی گشتی و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی لاوازكردووە. لە ئاكامدا، ئێمە ئێستا ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە دەبینەوە لە نەبوونی سەركردە جیهانییەكان كە بتوانن وەڵامدانەوەیەكی جیهانیی هەماهەنگ ڕێك بخەن و پشتیوانیی دارایی بۆ پەیدا بكەن.

لەكاتی پەتای ئیبۆلا لە ساڵی 2014، ویلایەتە یەكگرتووەكان بەشێوەیەك لە شێوەكان وەك ڕابەر مامەڵەی دەكرد. ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕۆڵێكی هاوشێوەی بینی لەكاتی قەیرانە داراییەكەی ساڵی 2008، كاتێك ئەو وڵاتە لە پشت چەند وڵاتێكەوە وەستا بۆ بەرگرتن لە هەرەسی ئابووریی جیهانی. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، ویلایەتە یەكگرتووەكان كشاوەتەوە لە ڕۆڵەكەی خۆی وەك ڕابەری جیهان. ئیدارەی ئێستای ئەمریكا پاڵپشتییەكانی بڕیوە بۆ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، هەروەها زۆر بەڕوونی بەجیهانی وتووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان چیتر هیچ دۆستێكی ڕاستەقینەی نییە – تەنها بەرژەوەندیی خۆی هەیە. كاتێك قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەری هەڵدا، ویلایەتە یەكگرتووەكان لە پەراوێزدا مایەوە، هەروەها تا ئێستاش خۆی بەدوور گرتووە لە گێڕانی ڕۆڵێكی ڕابەری. تەنانەت گەر لە كۆتاییشدا هەوڵ بدات ڕۆڵی ڕابەریی بگرێتەدەست، متمانەكردن بە ئیدارەی ئێستای ویلایەتە یەكگرتووەكان بە ڕادەیەك داخوراوە كە تەنها ژمارەیەكی كەم لە وڵاتان دەخوازن شوێنی بكەون. ئایا تۆ شوێنی ڕابەرێك دەكەویت كە دروشمەكەی بریتی بێت لە "سەرەتا خۆم"؟

ئەو بۆشاییەی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە جێهێڵدراوە لەلایەن كەسی دیكەوە پڕ نەكراوەتەوە. بەڵكو ڕێك بەپێچەوانەوە. ئێستا فۆبیای بێگانە، دابڕانگەرایی و بێمتمانەیی خەسڵەتی زۆربەی سیستمی نێودەوڵەتییە. بەبێ بوونی متمانە و هاوپشتیی جیهانی، ناتوانین پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بوەستێنین، هەروەها ئەگەر هەیە لە داهاتوودا پەتای زیاتری لەم شێوەیە ببینین. بەڵام هەموو قەیرانێك دەرفەتێكیشە. هیوادارم ئەم پەتایەی ئێستا یارمەتیی مرۆڤایەتی بدات كە درك بەو مەترسییە توندە بكات كە لە نایەكگرتوویی جیهانی دەكەوێتەوە.

گەر نموونەیەكی بەرچاو وەربگرین، ئەم پەتایە دەكرێت هەلێكی زێڕین بێت بۆ یەكێتیی ئەوروپا تا دووبارە پشتیوانیی هاوڵاتیان بەدەست بهێنێتەوە كە لەم ساڵانەی دواییدا لەدەستی دا. ئەگەر ئەندامە داراكانی یەكێتی ئەوروپا، بە خێرایی و بەدەستودڵ فراوانانە، پارە، كەلوپەل و كەسی تەندروستیی بنێرن بۆ یارمەتیدانی ئەو هاوڕێیانەی زۆرترین زیانیان بەركەوتووە، ئەوە بەهای ئایدیاڵی ئەوروپییەكان باشتر لە هەر قسەكردنێك دەسەلمێنێت. لەلایەكی دیكەوە، ئەگەر هەر وڵاتێك بەجێ بهێڵدرێت تا خۆی خۆی بپارێزێت، ئەوا ڕەنگە ئەم پەتایە زەنگی مردنی یەكێتییەكە بێت.

لەم ساتی قەیرانەدا، كێشمەكێشە جەوهەرییەكە لەناو خودی مرۆڤایەتیدا ڕوودەدات. ئەگەر پەتاكە ببێتە هۆی نایەكگرتویی زیاتر و بێ متمانەیی لەنێو مرۆڤەكاندا، ئەوە گەورەترین سەركەوتنی ڤایرۆسەكە دەبێت. كاتێك ڤایرۆسی شەڕەدەمی مرۆڤەكان دوو هێندە دەبێت. بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر پەتاكە ببێتە هۆی هەماهەنگییەكی نزیكتری جیهانی، ئەوا نەك بەتەنها سەركەوتن دەبێت بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنادا، بەڵكو سەركەوتنە بەسەر هەموو نەخۆشییەكانی داهاتوویشدا.

*یوڤاڵ نوح هەراری، مێژوونووس و نووسەری ئیسرائیلی، خاوەنی كتێبی بەناوبانگی "ساپیێنز: چەردەیەك لە مێژووی مرۆڤایەتی". لە ئێستادا پرۆفیسۆری زانكۆی هێبروە لە شاری ئۆرشەلیم.