ڕێواز فایەق ڕیسەكەی پارتی دەكاتەوە بە خوریی‌و هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە هەڵدەوەشێنێتەوە

15-06-2020 07:50

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێنێتەوە كە بەهۆیەوە پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی هەڵگیرا، پارتی ناڕازییەو بە "نایاسایی" لە قەڵەمی دەدات. ڕاوێژكارێكی یاسایی پەرلەمانی هەنگاو و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە ڕوون دەكاتەوە.

"سەرۆكی پەرلەمان بە بڕیارێك ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندووەتەوە" سەرچاوەیەك بۆ پەرەگراف وای وت، هاوكات سەرچاوەیەكی دیكەی ئاگادار وتی "بەڵێ د.ڕێواز دوێنێ ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندووەتەوە".

پەرەگراف پەیوەندیی بە سۆران عومەرەوە كرد لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە، ناوبراو وتی "چاوەڕێی دەرچوونی بڕیارەكەم"، لە وەڵامی ئەوەی ئایا بڕیارەكە دەرچووە؟ وتی "دەبێ سەرۆكی پەرلەمان بە ڕەسمی ڕایبگەیەنێت، هێشتا بە ڕەسمی هیچ شتێك لای من نییە".

هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە لەلایەن پارتی‌و پێكهاتەكانەوە لە دانیشتنێكدا بە دەنگدان ئەنجامدرا، سەرۆكی پەرلەمان‌و فراكسیۆنەكانی دیكە ناڕازی بوون‌و بایكۆتیان كرد، دواتر سۆران عومەر لای سەرۆكی پەرلەمان تانەی لە بڕیارەكەداو بە پێچەوانەی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ لەقەڵەمیدا.

"تانەكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەیە، چونكە نایاسایی بووەو لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان هەموو ڕێكارەكان گیراوەتەبەر" سۆران عومەر وای وت.

هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر ناڕەزایی فراوانی بەدواداهات‌و گەیشتە سڕ بوون‌و ڕاوەستانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان، دوای ئەو كۆبوونەوەیەی پارێزبەندییەكەی تێدا هەڵگیرا، سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند، ئامادە نییە كۆبوونەوەی پەرلەمان بكات تا ئەو كاتەی پەرلەمان بە شكۆو متمانەی تایبەتەوە دەگەڕێتەوە.

سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی بڕیارەی هەڵگرتنی پارێزبەندییەكەیەو سەرۆكایەتی بەرەی دژ بە سۆران عومەر دەكات، پێیوایە سەرۆكی پەرلەمان ئەگەر ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە كارێكی "نایاسایی" دەكات، بەڵام ڕاوێژكارێكی یاسایی پەرلەمان دەڵێت، سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت ئەو بڕیارە ڕابگرێت یاخود هەڵبوەشێنێتەوە.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمانەوە دەڵێت "بڕیارەكە 100% نایاساییە، چونكە بە دەنگدانی پەرلەمانتاران ئەو پارێزبەندییە لابراوە و ئێستاش هیچ یاسایەك نییە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پشتگیریی ئەو بڕیارە بكات".

گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی بۆ ڕووداو قسەی كردووەو ئاماژە بەوەدەكات سەرۆكی پەرلەمان لەژێر فشاردا ئەو كارە دەكات، "ئەگەر وا نەكات (سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان) لە پۆستەكەی لا دەدرێت"، پێشەوا دەشڵێت، ئەو بڕیارەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پشت بە هیچ دەقێكی یاسایی نابەستێت، بۆیە دوای دەرچوونی بڕیارەكە ئاراستەی ئەنجوومەنی شورا دەكرێت و لەوێش ڕەتدەكرێتەوە، بەوەش "ئیحراجی زیاتر هیچ بۆ سەرۆكی پەرلەمان نامێنێتەوە".

بەڵام ڕاوێژكارێكی یاسایی پەرلەمان قسەی جیاوازی هەیەو باسلەوە دەكات، مادەم ئەوەی پەرلەمان كردوویەتی لەبارەی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر، بڕیارەو یاسا نییە، ئەوە سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت بە بڕیارێك هەڵیبوەشێنێتەوە یاخود لە ئێستادا ڕایبگرێت.

دانا دارا، ڕاوێژكاری یاسایی پەرلەمانی كوردستان، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، ئاگاداری هەوڵێكی لەوشێوەیە بۆ هەڵوەشانەوەی بڕیارەكەی پەرلەمان، لەبارەی ڕێكارە یاساییەكان لەسەر ئەو پرسە وتی "وەرگرتنی بڕیارەكە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە خۆی عەیبدار و نوقسان بووە، ئێستا دەتوانرێت ئەو ناتەواوییانە ئیجرائاتیان لەبارەوە بكرێت".

"پێدانەوەی پارێزبەندیی پێویستی بە دەنگدان نییە، ئەم پرسە سەرۆك دەتوانێت لەكاتی ئێستادا بە بڕیارێك ئەم پرسە بوەستێنێت‌و بڕیارەكە بوەستێنێت مادەم بڕیارێكی ئیدارییەو تەشریعی نییە‌و یاسا نییە تا بڵێی پێویستی بە دەنگدانە" دانا دارا وای وت، وتیشی "بڕیاری ئیداریی ئەو دەسەڵاتەی هەڵیگرتووە دەسەڵاتی سەرووی خۆی دەتوانێت دەستكاریی بكات یاخود هەڵیبوەشێنێتەوە یاخود بیوەستێنێت، بەگشتی لە ئێستادا بۆئەوەی كەمترین كێشەی هەبێت، وەستاندنی زۆر باشترە".

لەبارەی ڕۆڵی ئەنجومەنی شورای هەرێم لەم پرسەدا كە وتەبێژەكەی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت ئەوان پەنا بۆ ئەو ئەنجومەنە دەبەن، ڕاوێژكارە یاساییەكەی پەرلەمان وتی "بڕیارێكی دەستەی باڵای ئەنجومەنی شورا هەیە كە دەڵێت بە هیچ شێوەیەك كاروباری پەرلەمان ئەوەی بە دەنگدان بووە ناچێتە چوارچێوەی كاروباری ئەوان وەكو ئەنجومەنی شورای هەرێم‌و كاری ئەوان نییە، نە تانەدان لە بڕیارو یاسای پەرلەمان‌و پارێزبەندیی، لەو ڕوەوە هیچ ناكرێت‌و ئەوەیان بڕیوەتەوە".

بەپێی ئەو وتەیەی دانا دارا، پارتی ئەو دەرگایەی لێ داخراوەو ناتوانێت لەڕێی ئەنجومەنی شوراوە كار لەسەر ئەو پرسە بكات.

بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر بە واژۆی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بڵاوكرایەوەو تێیدا ئەوە خراوەتە ڕوو كە لەسەر 4 داوای یاسایی لە دادگاكانی هەولێرو سلێمانی‌و ڕێگە دراوە بە وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی لەبارەیانەوە لە بەرامبەر سۆران عومەر.

7ی مانگی ڕابردوو پەرلەمان بە سەرۆكایەتی هێمن هەورامی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر چوار پەرلەمانتار خستە دەنگدانەوە، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی تەنها 3 پەرلەمانتار لەگەڵ ئەوەدا بوون پارێزبەندیی لەسەر هەڵبگیرێت، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان 4 پەرلەمانتارو شیرین ئەمین پەرلەمانتاری گۆڕان بەهەمانشێوە 4 پەرلەمانتار، بەڵام سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی 57 پەرلەمانتار دەستیان بۆ بەرزكردەوەو پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیرا.