شێخ جەعفەر بۆ پەرەگراف: هەیكەلێكی نوێ بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دادەنرێ‌و چاكسازی‌و گۆڕانكاریی بنەڕەتی دەكرێت

27-03-2017 06:51
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی یەكەكانی 70ی هێزی پێشمەرگە. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت، وەزارەتی پێشمەرگە‌و ڕاوێژكارانی هێزەكانی هاوپەیمانان سەرقاڵی ئەوەن هەیكەلێكی نوێ بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابڕێژن كە بگونجێت لەگەڵ ئەم سەردەمە، "بۆ چاكسازی‌و پاكسازی‌و گۆڕانكاریی بنەڕەتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە."

 

ئەو وتانەی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی یەكەكانی 70ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان(سەربە یەكێتی) لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا دێت لەگەڵ پەرەگراف كە سبەینێ بڵاودەكرێتەوەو تێیدا تیشك دەخرێتەسەر گۆڕانكارییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەو پڕۆسەی چاكسازی لەناو وەزارەت.

 

فەرماندەی یەكەكانی 70ی هێزی پێشمەرگە باسلەوەشدەكات فەرماندەییەكی گشتی دروست دەكرێت لە پێشمەرگەی ئەو حزبانەی لەشاخ هێزی چەكداریان هەبووە، دەڵێت"ئێستا لەوەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ ڕاوێژكارانی هێزەكانی هاوپەیمانان كارلەسەر ئەوەدەكرێت كە هەیكەلێكی نوێ بۆ وەزارەت دابڕێژرێت كە بگونجێت لەگەڵ ئەم سەردەمە، بۆ چاكسازی‌و پاكسازی‌و گۆڕانكاریی بنەڕەتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە."

 

بەوتەی شێخ جەعفەر پڕۆسەكە تەنها گۆڕانكاریی‌و دانانی هەیكەلێكی نوێ نییەو لێپرسینەوەش دەكرێت، وتی" ئەوەی نوقسانی‌و كەموكورتی هەبێت بەدڵنیاییەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت."

 

لەبارەی ڕۆڵ‌و دەستی حزب لە گۆڕانكارییەكاندا، شێخ جەعفەر دەڵێت"بتەوێ‌و نەتەوێ هەردەبێت لەو حزبانە كەسانێك بهێنیت لە وەزارەت دایانبنێیت بۆئەوەی ئیش‌و كارەكان بكەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە حزبەكە كەسانێك كاندید بكات بۆئەو شوێنە كە بەتوانابن‌و دەستپاك‌و لێهاتوو، دڵسۆزی وەزارەت‌و میللەت‌و دەستكەوتەكان بن."

 

لەچوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازیی لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە‌و سلكی سەربازیی یەكێك بوو لەو كەرتانەی مانگی 4ی ساڵی ڕابردوو لیژنەی تایبەتی بۆ پێكهێنرا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.

 

لە ناوەڕاستی مانگی 2ی ئەمساڵیش كاتێك سەرۆكایەتی هەرێم ڕاپۆرتی تایبەت بە هەنگاوەكانی چاكسازیی بڵاوكردەوە، تەوەرێكی تایبەت بوو بە وەزارەتی پێشمەرگەو تێیدا هاتبوو"زیاتر لە (12) دۆسیەی گەندەڵی تایبەت بە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە دراونەتە دەستەی نەزاهە و لێكۆڵینەوە لەسەر بەشێكی ئەم دۆسیانە دەستی پێكردوە و ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەكان گیراوەتە بەر بەبێ ڕەچاوكردنی پلە و پۆستی سەربازی كە هەڵیان گرتووە. هەروەها پلانی گۆڕانكاری گەورە و گرنگ لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە لە بەردەست دان و لە ئایندەیەكی نزیكدا جێبەجێدەكرێن."