هەڵپەساردنەكەی یەكێتی دانیشتنەكانی پەرلەمان پەكدەخات؟

21-07-2020 08:24

پەرەگراف- هەڤاڵ زەنگەنە

بڕیارەكەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ هەڵپەساردنی پەرلەمانی كوردستان، پێناچێت جیی خۆی بگرێت و كارەكانی پەرلەمان پەكبخات، بەوپێیەی پارتی و لایەنەكانی تر توانای درێژەپێدانی دانیشتنەكانیان هەیە و هەوڵی ئەوەش دەدەن.

سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە دواین كۆبونەوەیدا بڕیاریدا كاری فراكسیۆنە پەرلەمانییەكەی ‌و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی هەڵپەسێرێت.

ئەو كۆبونەوەیە بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی حزبەكە و بێ ئامادەبونی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆك و چەندین ئەندامی دیاری سەركردایەتی یەكێتی بوو.

"ناكرێـت ناكۆكییەكانی ناو حیزبێكی دیاریكراو ببێتە هۆی پەكخستنی پەرلەمان، بۆیە ئەكید كۆبونەوەی پەرلەمان دەكرێت، بەڵام تائێستا بە ڕەسمی پێمان نەوتراوە یەكێتی بەشداردەبێت یان نا" بەهمەن عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پارتی وای وت.

ئەو بڕیارەی یەكێتی هاوكاتە لەگەڵ ئامادەكاری بۆ كۆبونەوەی پەرلەمان لەسەر چەند پرسێكی پەیوەست بە هەرێم، هێرشەكانی توركیا و بارودۆخی ناوچەكانی جێناكۆك.

بەهمەن عەبدوڵا بۆ پەرەگراف وتی "كۆبونەوەی پەرلەمان داواكاری خەڵكە، هەركاتێك ژمارەیەك پەرلەمانتار داوای كۆبونەوە بكەن و نیسابی یاسایی تەواو بێت كۆبونەوە دەكرێت، بۆ ئەوەش چەند بابەتێك لیژنەی تایبەتمەند ڕاپۆرتی بۆ ئامادەكردووە لەوانە قەرزەكانی هەرێم، تۆپبارانی سنورەكان، ناوچە جێناكۆكەكان و تەندروستی".

ئەو دەڵێت، لەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوودا كۆبونەوەی پەرلەمان دەكەن.

بڕیارەكەی یەكێتی كۆدەنگیی لەسەر نییە لەناو ئەو حیزبەدا و ناڕەزایی دروست كردووە، هەربۆیە بە فەرمیی ڕانەگەیەندرا، سەرۆكی پەرلەمانیش چووەوە نووسینگەكەی لە پەرلەمانی كوردستان ‌و دەوامی فەرمیی دەستپێكردەوە، بەڵام دیارنییە لە ئەگەری كۆبوونەوەی پەرلەماندا بەشداریی دەكات یاخود نا.

ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتیدایە كە چەندین مانگە بەردەوامی هەیە و پەیوەندییەكانیان لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە.

ئاشنا عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی "لە ڕووی پەیڕەوییەوە بایكۆتكردنی پەرلەمان نابێتە هۆی پەكخستن، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە ئەگەری زۆر هەیە ئەو ناكۆكیەی نێوان پارتی و یەكێتی ببێتە هۆی پەكخستنی پەرلەمان".

یەكێتی خاوەنی 21 كورسی پەرلەمانە لە كۆی 111 كورسی، لە ئامادەنەبونیاندا دانیشتنی پەرلەمان دەكرێت، كە پێویستی بە 56 پەرلەمانتار هەیە.

"وەك گۆڕان هەڵوێستمان دەبێت لەسەر ئەو كەرەنتینە سیاسییەی خراوەتە سەر پەرلەمان بەهۆی ناكۆكی پارتی و یەكێتییەوە" ئاشنا وای وت.

دواین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان لە كۆتایی حوزەیراندا بووە، لەكاتێكدا وەرزی یاسادانان بۆ مانگێك درێژكراوەتەوە، سەرباری هەبونی چەندین كێشەو دۆسیە، كۆبونەوەی دیكەی پەرلەمان نەكراوەو 21 ڕۆژ لەو مانگە ڕۆیشتووە كە وەرزی یاسادانانی تێدا درێژكرایەوە.

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان وتی "لە وەرزی درێژكراوەی یاسادانان یەك دانیشتنی پەرلەمان نەكراوە بەمەرجێك هەموو فراكسیۆنە جیاوازەكان ئامادەبون و ڕاپۆرت ئامادەكراوە و زیاتر لە 10 ئەندامی پەرلەمان لە خاڵی پەیڕەوی داوای كۆبونەوەیان كردوە لەسەر موچە و تۆپبارانەكان و ڕێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغداد".

بەوتەی ئاشنا عەبدوڵا "هۆكاری سازنەكردنی كۆبونەوەكەی پەرلەمان ئەوەندەی من ئاگاداربم تیمی حكومەت ئامادەنەبوون بێنە پەرلەمان و هەروەها ئەو ناكۆكیە سیاسییەی نێوان پارتی و یەكێتییە".

یەكێتی هەرچەندە سەرۆكی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، بەڵام پارتی‌و پێكهاتەكان كە نزیكن لەو حیزبە زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنن‌و بەهۆی پۆستی جێگری سەرۆك و لایەنگرێتی سكرتێری پەرلەمانەوە بۆ پارتی، دەتوانێت بێ گەڕانەوە بۆ لایەنەكانی دیكە و بە بەشداری كەمینەكان دانیشتنی زۆرینە سازبكات.