یەكێتی بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕێت؛ بڕیارەكەی سەركردایەتی "ئیحراجیی" بۆ دروست دەكات

26-07-2020 08:12
هاوسەرۆكانی یەكێتی.

پەرەگراف

فشارەكەی یەكێتی بۆسەر پارتی بە هەڵپەساردنی بەشداریی لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان جێی خۆی نەگرت، بە پێچەوانەوە دۆخێكی "ئیحراجیی" بۆ ئەو حیزبە دروست كردووەو بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕێت، بەوپێیەی ئەو خاڵە نایەتەدی كە كرابووە پێش مەرجی بەشدارییان لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان كە ئەوەش كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی یە بۆ گفتوگۆی كێشەكانی نێوانیان.

بافڵ تاڵەبانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا داوای دواخستنی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی لە مەسرور بارزانی كردووە، تا ڕێگەچارەیەك بۆ ئەو دۆخە بدۆزنەوە كە بڕیارەكەی سەركردایەتی حیزبەكەی دروستی كردووە، كۆبوونەوەیەكی "نمایشیی" نێوان پارتی‌و یەكێتی بەرلە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، تاكە ڕێگای دەربازبوونی یەكێتییە لەو دۆخەی تێیدایە.

"یەكێتی نازانێ چی بكات ‌و بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕێت" ئەمە وتەی بەرپرسێكی باڵای یەكێتییە بۆ پەرەگراف.

ئەو بەرپرسە باڵایە كە خۆی بەشدار نەبووە لەو كۆبوونەوەیەی سەركردایەتی یەكێتی كە ئەو بڕیارەی تێدا درا، وتیشی "بڕیارەكە یەكێتی تووشی ئیحراجیی دەكات، ناكرێت سەرۆكی پەرلەمان‌و فراكسیۆنەكەت بەشداریی كۆبوونەوەكە نەكەن‌و وەزیرەكانت لەوێ بن، ئەو بڕیارە هەر لەسەرەتاوە پەلەپەلی پێوەبووەو بە باشی دیراسە نەكراوە، ئێستا هەوڵێك هەیە هەرچۆنێك بێت دیدارێكی حیزبیی لە نێوان پارتی‌و یەكێتی سازبكرێت تا وادەرنەكەوێت بڕیارەكە شكستی هێناوە، بەڵام هەر دیدارێك ڕێكبخرێت بۆ یەكتربینین‌و جۆرێكە لە نمایش‌و هیچ پرسێكی جددی تێدا تاوتوێ ناكرێت".

سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، لە دواین كۆبونەوەیدا هەفتەی ڕابردوو بڕیاریدا كاری فراكسیۆنە پەرلەمانییەكەی ‌و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی هەڵپەسێرێت، ئەو كۆبونەوەیە بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی حزبەكە و بێ ئامادەبونی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆك و چەندین ئەندامی دیاری سەركردایەتی یەكێتی بوو.

بڕیاربوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بە بەشداریی چەند وەزیرێك ئەنجام بدرێت كە هەندێكیان یەكێتی بوون، هەربۆیە شەوی ڕابردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەزیرەكانی حیزبەكەی ئاگادار كردووەتەوە كە نابێت بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیە بكەن.

"وەزیرەكان ئەو پەیامەیان بە سەرۆكی حكومەت گەیاندووە كە پابەندی بڕیاری حیزب دەبن، ئەوەش مەسرور بارزانی نیگەران كردووەو گوتویەتی وەزیرەكان دەبێت پابەندی بڕیاری حكومەت بن نەك حیزب بە پێچەوانەوە بەرپرسیارێتی هەر ڕووداوێك دەكەوێتە ئەستۆیان"، سەرچاوەكەی پەرەگراف وایوت.

لەو سەروبەندەدا بۆ ڕێگریی لە تێكچوونی تەواوەتیی دۆخەكەو دۆزینەوەی دەرچەیەك، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی پەیوەندیی بە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە دەكات.

نووسینگەی مەسرور بارزانی ناوەڕۆكی پەیوەندییەكەی ئاشكرا كردو دەڵێت "بافڵ تاڵەبانی داوای دواخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ 24 كاتژمێر كرد بەبێ ھیچ مەرجێك، تاكو دەرفەت بۆ سەركردایەتیی ھەردوولا ھەبێت بە تێگەیشتنێكی ھاوبەش بگەن. ئەم داوایە بە چارەسەرێكی پەسەند زانرا و بە دانوستان لە نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەركردایەتیی ھەردوولا كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ 24 كاتژمێر دواخراوە بە بێ ھیچ مەرجێك و بوار ڕەخسێندراوە لەو ماوەیەدا بەربەست و كێشەكان چارەسەر بكرێن".

دوای ڕاگەیاندنی دواخستنی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ كە لەسەر بانگهێشتی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ڕێكخرابوو، ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان بانگهێشتی پەرلەمانتارانی كرد بۆ ئامادەبوون لە كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان.

بڕیارە كۆبوونەوەكەی سبەینێی پەرلەمان بە سەرۆكایەتی سەرۆكی پەرلەمان‌و ئامادەبوونی فراكسیۆنی یەكێتی‌و وەزیرەكانی ئەو حیزبە بەڕێوەبچێت، ئەگەر تاكاتی كۆبوونەوەكە گۆڕانكاریی نوێ لە هەڵوێستی یەكێتی ڕوونەدات.

پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، بڕیارەكەی سەركردایەتی یەكێتی بە خواستی لاهور شێخ جەنگی بووە كە زۆرینەی سەركردایەتی حیزبەكەی لەگەڵدایە، كۆدەنگیی لەسەر نییە لەناو ئەو حیزبەداو ناڕەزایی دروست كردووە، هەربۆیە بە فەرمیی ڕانەگەیەندرا.

ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی لە دوای كۆنگرەی یەكێتی كە كۆتایی ساڵی ڕابردوو بەسترا زیاتر تەشەنەیان سەند، بەهۆی ئەوەی لاهور شێخ جەنگی بووە هاوسەرۆك‌و چووە لوتكەی دەسەڵاتی حیزب‌و پارتی تا ئێستاش ئامادە نییە دانی پێدا بنێت‌و ئەو دۆخە نوێیەی ناو یەكێتی قبووڵ بكات.

بەهۆی كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتی‌و بەتایبەت نێوانی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، هەر لەسەرەتای ئەم كابینەیەوە ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی لەناو یەكێتی وەك ئۆپۆزسیۆنی حكومەت دەردەكەون‌و قسە دەكەن.