توركیا سەدان هاوڵاتی هەرێمی كوردستان لە زێدی خۆیان دەكات

08-08-2020 01:35
خانوویەكی خاپووربوو بەهۆی بۆردومانی توركیاوە لە گوندی زارگەلی سەربە قەزای ڕەواندوز، 18-1-2015.

پەرەگراف- مەسعود هادی

سەدان هاوڵاتی هەرێمی كوردستان زێدی خۆیان بەرەو ئاوارەیی بەجێدەهێڵن، بەهۆی دروستبونی مەترسی لەسەر گوندەكانیان، دوای هێرشە زەمینی و ئاسمانییەكانی توركیا بە پاساوی لێدان لە گەریلاكانی پەكەكە.

ئەو گوندانەی چۆڵبون یان ژمارەیەكی دیاریكراو خەڵكیان تێداماوە، دەكەونە ناوچەكانی قەزای زاخۆ و ئامێدی، لە نزیك سنورەكانی نێوان عێراق و توركیا، كە زیاتر لە مانگێكە ناوچەی گەرمی شەڕی نێوان جەندرمە و گەریلایە.

"ئێستا چەندین گوند كە خەڵكیان تێداماوە، مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە و ئەو گوندانەش بەرەو چۆڵبون دەڕۆن" بەوتەی نازك محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف.

ئەو دەڵێت، ساڵ بە ساڵ چۆڵبونی گوندەكانی پارێزگای دهۆك بەهۆی شەڕی توركیا و پەكەكەوە لە زیادبوندایە، بێئەوەی لایەنی پەیوەندیدار بتوانن تەنانەت بەدواداچونیش بكەن.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، لە یەك مانگی ڕابردوی دەستپێكی هێرشەكانی توركیاوە بۆ ناو خاكی هەرێم، زیاتر لە 10 گوند لە ناوچە سنورییەكان چۆڵبون‌و خەڵكەكەیان ئاوارەی ناو زاخۆ و دهۆك بون.

توركیا لە ناوەڕاستی حوزەیرانی 2020ـەوە، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی دەستپێكردووە بە پاساوی بە ئامانجگرتنی پەكەكە لەناو خاكی هەرێم، سەرەتا بە بۆردومان و دواتر بە هێرشی زەمینی، بە ئێستاشەوە شەڕ لە چەند ناوچەیەكی بادینان لە نێوان جەندرمەی تورك و گەریلاكانی پەكەكەدا بەردەوامە.

لەو شەڕەدا، پشكی شێری قوربانیی بەر گوندنشینان دەكەوێت، كە مێژویەكی دورودرێژیان لەگەڵ ئەو نەهامەتییەدا هەیە.

"سەرباری لەدەستدانی خانوو، ساڵانێكە بەهۆی بۆردومانەوە ڕەز و باخەكانمان دەسوتێن، زەوییەكان مینڕێژكراون لەلایەن توركیاوە و ناوچەكە ئاوەدانی تێدا نەماوە" شێرزاد سەگڤان وای وت.

شێرزاد سێ ساڵە لە گوندی چەمچۆ لە ناحیەی شیلادزێی دهۆكەوە ئاوارە بووە، بەهۆی شەڕ و ناكۆكییەكانی پارتی و پەكەكە لەلایەك و توركیا و پەكەكە لەلایەكی ترەوە.

ئەو بۆ پەرەگراف وتی "زۆرێك لە گوندەكان چەند خانوویەكی تێدایە، تەنیا بۆ ئەوكاتانەیە كە خەڵك دەچنە سەردانی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان تا لەوێ بمێننەوە، ئەوانەش زۆرجار بەر هێرش و بۆردومانی توركیا دەكەون".

شێرزاد دەڵێت "بە داخەوە كەس گوێی لێنەگرتین، ساڵانێكە دادوبێدادمانە، بە دەممانەوە نایەن و حكومەت قەرەبوی زیانەكانمان ناكاتەوە".

لە زۆربەی هێرش و بۆردومانەكانی توركیادا خەڵكی مەدەنیی دەبنە قوربانی، دوایینجار 26ی مانگی ڕابردوو دوو هاوڵاتی لە بامەڕنێ شەهید بوون، پێشتریش لە 19ی حوزەیران لە شیلادزێ چوار هاوڵاتی شەهید بون، لە ناوچەكانی تری بادینان، سلێمانی، مەخمور، زینی وەرتێ و قەندیل دەیان هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردومانی توركیاوە شەهید و برینداربون.

وارشین سلێمان، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی، كە ناوچەیەكی گەرمی هێرشەكانی توركیایە بۆ پەرەگراف وتی "لە ناحیەكەی ئێمەدا بەهۆی شەڕی توركیا و گەریلاوە لە 1995ـەوە 85 گوند چۆڵبون بە تەواوەتی".

هەر لەوكاتەوە، زیانی گیانی لە شیلادزێ گەیشتۆتە 23 شەهید و زیاتر لە 10 بریندار.

"چەندین ساڵە چاوەڕێین ڕەوشەكە ئارام ببێتەوە، بۆ ئەوەی بچینەوە گوندی خۆمان، بەڵام ساڵ بە ساڵ ڕەوشی ئەمنی لە ناوچەكە خراپتر دەبێت" شڤان حسێن وای وت.

شڤان خەڵكی گوندی پێپەرخاـیە و لە 1996ـەوە گوندەكەیان بەجێهێشتووە، بۆیە لەوكاتەوە لە ناوەندی شیلادزێ نیشتەجێن بە هیوای ئەوەی شەڕ كۆتایی بێت.

شڤان بۆ پەرەگراف وتی "ئێستا كاتێك جوتیار دەچێتە زەوییەكانی دەبێتە قوربانی بۆردومانی توركیا... لەكاتێكدا حكومەت بێدەنگە بەرانبەر بە هێرشەكانی ئەو وڵاتە".

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ "سەركۆنەی شەهیدكردن و زیان گەیاندن بە ھاووڵاتییان"، ڕووی دەمی كردۆتەوە توركیا و پەكەكە، بە یەك ئاست داوایان لێدەكات پشێوی نەهێننە خاكی هەرێمەوە.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، لە ساڵی 1996و بەردەوامیی شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە، لە دهۆك 392 گوند چۆڵكراون، كە 293 گوند لە سنوری ئامێدی، 70 گوند لە زاخۆ و 29 گوندی لە سنوری قەزای ئاكرێ بون.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك وتی، زیاتر لە 300 گوند لە ساڵانی ڕابردودا چۆڵكراون و خەڵكەكەیان تائێستا نەیانتوانیوە بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.

نازك محەمەد دەشڵێت، چەند ساڵێك لەمەوبەر ئەنجومەنی پارێزگا سێ لیژنەی پێكهێناوە بۆ بەدواداچون و دەرخستنی زیانەكانی هێرشی توركیا و شەڕی لەگەڵ پەكەكە لە ناوچەكەدا، بەڵام هێشتا بەدواداچونی تەواو نەكراوە بەهۆی بەردەوامیی شەڕەوە.

لە ڕاپۆرتێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، باس لە زیانی زیاتر لە 50 ملیار دینار كراوە لە ناوچەكەدا بەهۆی شەڕەوە، بەڵام وەك نازك محەمەد دەڵێت، دەرخستنی ئەو دەرئەنجامە بێ سود بوو، چونكە ساڵانێكە تائێستاش شەڕ هەر بەردەوامە و زیانەكان لە زیادبوندان.