پارێزەر و خێزانەكەی نازانن شێروان شێروانی لەكوێیە و بۆچی دەستگیر كراوە

08-10-2020 05:23
شێروان شێروانی

پەرەگراف

"ئەو هێزەی هاتبوون بۆ دەستگیركردنی شێروان، هیچ مۆڵەتیان نەدەدا من قسە بكەم. لە كاتی هاتنە ژوورەوەدا چوار پیاو پێكەوە خۆیان بە دەرگای ماڵەكەدا كێشا. 10 كەس هاتنە ژوورەوە كە شەشیان جلوبەرگی سەربازیی ڕەشیان لەبەردا بوو، چواریشیان ئاسایش بوون و جلوبەرگی مەدەنییان لەبەردا بوو"، ئەمە گێڕانەوەی ڕووگەش عیززەدین ھاوسەری شێروان شێروانییە بۆ پەرەگراف.

ئێوارەی دوێنێ، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدنیی شێروان شێروانی، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە لە ماڵەكەی خۆیدا لە ھەولێر دەستگیر كرا. پێچەوانەی ڕێكارە یاساییەكانیش، تا ئێستا پارێزەر و خێزانەكەی نازانن ناوبراو لەكوێیە و لەسەر چی دەستگیر كراوە.

هاوسەری شێروان شێروانی دەڵێت، پارێزەرەكەی ئەمڕۆ پەیوەندیی پێوە كردووە و پێی ڕاگەیاندووە كە "جارێ لە هەولێرە، بەڵام دادوەری ئاسایشی هەولێر گوتوویەتی كە فەرمانی دەستگیركردنەكەی لە دهۆكەوە هاتووە، واتە ڕادەستی دهۆك دەكرێت، بەڵام نازانین كەی".

وەكو هاوسەرەكەی شێروان باسی كرد، هێزەكە توندووتیژییەكەی ئەوتۆیان نەنوواندووە، بەڵام پاڵیان بەوەوە ناوە بەرەو چێشتخانەی ماڵەكەیان و پێیان گوتووە "لەوێ دابنیشە و بێدەنگ بە".

هێزە ئەمنییەكە فەرمانێكی دەستگیركردنیان پیشانی هاوسەری ئەو ڕۆژنامەنووسە داوە كە "بە دەستنووسی عەرەبی نووسرابوو. ناو و واژووی دادوەرەكەی لەسەر بوو". بەڵام ڕووگەش عیززەدین دەڵێت "لە فەرمانەكەدا پاساوی دەستگیركردنەی تێدا نەبوو".

ئەو هێزەی شێروان شێروانیی دەستگیر كردووە، شەش ئۆتۆمبێلی پێ بووە. "دوانیان جامڕەش بوون، دوانیان ئۆتۆمبێلی پۆلیس و دوانەكەی دیكە ئۆتۆمبێلی مەدەنیی ئاسایی بوون".

ئەمڕۆ دوو پارێزەری خۆبەش بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەكەی شێروان شێراونی كردووە، بەڵام لایەنە ئەمنییەكان هیچ زانیارییەكیان پێ نەداون. "بەدواداچوونمان بۆ دۆسیەكە كرد، بەڵام هیچ زانیارییەكی ئەوتۆمان دەست نەكەوت. تەنیا دەزانین كە لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە لە ماڵەكەیدا دەستگیر كراوە"، هەرێم ڕەفعەت عەبدوڵڵا، پارێزەری دۆسیەكە، بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو پارێزەرە وەكالەتێكی تایبەتی بۆ ڕۆژنامەنووسی دەستگیركراو كردووەتەوە و لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە ڕێگەیان پێ دراوە پەنجەمۆری شێراون شێروانی وەربگرن. بەڵام دەڵێت "لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ پێنج شەممەیە و نیوە دەوام دەكرێت، بۆیە لە هەفەتەی داهاتوودا ڕێكارەكان دەگرینە بەر".

هەرێم ڕەفعەت عەبدوڵڵا جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسەكە "بە شێوازێكی ئاسایی نەبووە". ئەو ئاماژە بەوە دەكات كە "دەستگیركردنی ئاسایی بە شێوەیەكە كە تۆمەتبار تۆمەتێكی ئاراستە دەكرێت لەلایەن دادوەرەوە و بۆ دادگا بانگ دەكرێت. ئەگەر بڕیاری دەستگیركردنیشی هەبێت، دەبێت لە كاتی لێكۆڵینەوە پارێزەرەكەی ئامادە بێت، بەڵام ئێمە تا ئێستا نازانین لە كوێ دەستبەسەر كراوە".

تا ئیستا هیچ وردەكاری و زانیارییەك سەبارەت بە دۆسیەكە، لەلایەن ئاسایش و پۆلیسی هەولێرەوە بە خێزان و پارێزەرەكەی شێروان شێروانی نەدراوە.

"پێویستە هەر كەسێك دەستگیر دەكرێت، شوێنەكەی دیار بێت. لە كاتی لێكۆڵینەوەدا پارێزەكەكەی ئامادە بێت. هەروەها خێزانەكەی بزانن لەسەر چی دەستگیر كراوە و بۆ كوێ بردراوە، بەڵام لایەنە ئەمنییەكان هیچ وەڵامێكی ئێمەیان نەداوەتەوە"، هەرێم ڕەفعەت عەبدوڵڵا بۆ پەرەگراف وای وت.

دەستگیركردنی شێروانی شیروانیی ڕۆژنامەنووس، پاش ئەوە دێت لە ماوەی ڕابردوودا هەڵمەتێكی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس، مامۆستا و چالاكانی مەدەنی لە پارێزگای دهۆك بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتێك كە پێشتر پەرەگراف بڵاوی كردەوە، تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەدا لە دوای ناوەڕاستی مانگی ئابەوە، لە بادینان نزیكەی 100 كەس دەستگیر كراون.

ئەو بارودۆخەی لە دهۆك گوزەرا، گەنجانی شارەكە بە ڕەشبگیری ناویان برد، چونكە وەك ئەوان دەڵێن؛ بە بێ فەرمانی دادوەر هەڵدەكوتنە سەر خەڵك.

"ئەوەی لە بادینان دەگوزەرێت دەستگیركردن نییە، بەڵكو ڕەشبگیرییە، چونكە بە دەیان هاوڵاتی لە ڕۆژنامەنوس و چالاكوان دەستبەسەركراون بێ بڕیاری دادگا" ئەیهان سەعید، ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان وای وت.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، هێزە ئەمنییەكانی دهۆك، بە ڕێگەی عەشایەری و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، هەوڵی بێدەنگكردنی چالاكوان و خەڵكانی ناڕازیی دەدەن، بەتایبەت ئەوانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ڕەخنە دەگرن یان بانگەوازی خۆپیشاندان دەكەن.

دەڤەری بادینان، لە مێژوی حوكمڕانی كوردیدا بەردەوام لە قازانج و هێزی پارتیدا یەكلابۆتەوە، پێش چەندین ساڵ یەكێتی و دواتریش یەكگرتوو، دوو ڕكابەری لاوازی ئەو حیزبە بوون، بەبێ زیادبون و هەڵكشان لە دەنگ‌و سەنگیاندا.