دەستگیركراوانی بادینان؛ ئەو دۆسیەیەی هەمووان بیستیان و كەس زانیاریی لەسەری نییە

05-12-2020 06:36
چەند مانگێكە ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی بادینان لە زیندانن‌و ئازاد نەكراون. وێنە؛ ڕۆژ نیوز

پەرەگراف

ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان، چەندین هەفتەیە كەسوكار و هاوڕێكانیان، بە پەرلەمانتارانی كوردستانیشەوە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەوەن؛ بۆچی دەستگیركراون و بەڵگەكانی تۆمەتباركردنیان چین؟.

وەڵامی ئەو پرسیارە لای كەسوكاری دەستگیركراوان و زۆرینەی پەرلەمانتارانیش نییە، كەمترین زانیاری لەسەر دۆسیەكانیان بڵاوكراوەتەوە و تەنانەت بەشێكیان هەر بێسەروشوێنن.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، لە مانگی ئابەوە تا سەرەتای تشرینی دووەمی 2020، زیاتر لە 100 كەس لە بادینان دەستگیركراون، لە نێویاندا ڕۆژنامەنوس، چالاكوان، مامۆستاو هاوڵاتی دیكە هەن، بەشێك لەوانە هێشتا لە زیندانەكاندان.

"هێزێكی چەكداری دەمامكدار، بێ خۆ ناساندن، بە زۆر كوڕەكەیان ِراپێچكردم و ڕفاندیان، بە ئێستاشەوە هەر نەمزانی كام هێز و بۆچی كوڕەكەیان بردم، یان نازانم لە چ زیندانێك و لە كوێیە" محەمەد ئەمین، باوكی گوهدار زێباری بۆ پەرەگراف وای وت.

گوهدار زێباری ڕۆژنامەنوس، لەگەڵ سێ هاوپیشە و چالاكوانی دیكەی بادینان، 22ی تشرینی یەكەمی 2020 دەستگیركران، تائێستا هیچ زانیارییەك لەسەر تۆمەتەكانیان و شوێنی دەستبەسەركردنیان، ئاشكرانەكراوە.

محەمەد داوای ئازادكردنی كوڕەكەی ناكات، ئەو لانیكەم بەپێویستی دەزانێت ئەگەر تاوانێكیشی كردووە، پارێزەری هەبێت یان وەك كەسوكار، بزانن لە كوێ زیندانیكراوە.

ئەو باوكە لە تاو كوڕەكەی ڕوویكردۆتە زۆر شوێن، بەڵام هێشتا پرسیارەكانی بێوەڵامن، باوكی گوهدار كە دانیشتوی قەزای ئاكرێ-ن، ئەمجارەیان داوای بەهاناوەهاتنی ڕێكخراوە بیانییەكان دەكات و دەڵێت "كوڕەكەمان لەسەر قسەی ڕاستیی دەستگیركراوە و داكۆكی لە مافی مووچەخۆران كردووە،.. ئەو پەیوەندی بە هیچ لایەنێكی نایاساییەوە نەبووە".

سەرباری ڕەخنەو فشاری ناوخۆیی‌و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە دەستگیركردن‌و هەڵكوتانەسەر ماڵی ڕۆژنامەنو‌وس‌و چالاكان، بەڵام حكومەتی هەرێم گوێ بە فشارەكان نادات‌و تەنانەت كەمترین زانیاریی لەبارەی هەڵمەتەكانی دەستگیركردن‌و دۆخی ژیان‌و چارەنووسی چالاكانی دەستگیركراو بڵاودەكاتەوە.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم چەند ڕۆژێك لەمەوبەر و لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا دەربارەی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان وتی، ڕێكاری یاساییان بەرانبەر گیراوەتەبەر و بەپێی بڕیاری دادگا دەستبەسەرن، جەختیكردەوە ئەوان ڕێگە بە "پیلان و تێكدانی ئارامی كوردستان و ئاژاوەگێڕیی" نادەن.

جگە لە گوهدار زێباری، هەریەك لە شڤان سەعید، چالاكوان لە ناوەندی دهۆك و ئەیاس كەرەم، ڕۆژنامەنوس لە ئاكرێ و هارون عیسا، چالاكوان لە قەزای سێمێل بێسەروشوێنن.

ئەیهان سەعید، ڕۆژنامەنوس و برای شڤان سەعید بۆ پەرەگراف وتی، براكەی لەلایەن هێزێكی دەمامكدارەوە و لە كاتی خەودا ڕفێنراوە، "لەبەردەم منداڵەكانیدا هەڵیانكوتاوەسەر ماڵەكەیی و ڕفاندویانە، تائێستاش هیچ هەواڵێكی نییە، زۆر هەوڵمانداوە، بەڵام بێ سود بووە".

بەوتەی ئەیهان بەشێك لە دەستگیركراوان؛ لە نێویاندا براكەی ئەو، كەس نازانێت تۆمەتەكانیان چین، "لەكاتێكدا ئەگەر تاوانباریش بن مافی هەبونی پارێزەریان هەیە، بەڵام پارتی لەبەر دروستكردنی ترس لەناو خەڵكیدا، كەسانی بێتاوان دەستبەسەر دەكات".

بەشێك لە كەمتەرخەمییەكە، وەك ئەیهان سەعید دەڵێت، لە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەكانە، لە نێویاندا ئەوانەی بەناوی مافەكانی مرۆڤەوە قسە دەكەن.

ئەوە لەكاتێكدایە زیاتر لە سێ مانگە بەدەل بەرواری ‌و ئومێد بەرۆشكی دوو چالاكوانی ناسراوی بادینان دەستگیركراون، نزیكەی دوو مانگیشە چارەنوسی ڕۆژنامەنووس‌ شێروان شێروانی بە نادیاری ماوەتەوە.

گوڵستان سەعید، جێگری لیژنەی داكۆكیكار لە مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "كاتێك سەرۆكی حكومەت هاتە پەرلەمان بە نوسراوێك ئاگادارمانكردەوە كە خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی مافی سەرەكی هاوڵاتیان و چالاكوانانە، لەسەر دەستبەسەرەكراوەكانیش پرسیارمان كرد، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراوینەتەوە".

زیاتر لە مانگێك لەمەوبەر، ئەو پەرلەمانتارە پرسیاری ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە، ئەویش هەر بێوەڵامە.

"نوسراوێكم كردووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان كە زیندانیكراوانی بادینان ڕوبەڕوی ئەشكەنجە بوونەتەوە، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە وەڵامدا دەڵێت: بەڵگەت چییە؟، لەكاتێكدا منیش لەڕێی ڕایگشتییەوە دەیزانم، ئەگەرنا نازانم لە چ زیندانێكن" گوڵستان وادەڵێت.

ژمارەی یاسایی پەرلەمانتارانی كوردستان، لە نوسراوێكدا داوایان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی مەدەنی لە هەولێرو دهۆك بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنێكی پەرلەمانەوەو وەزیری ناوخۆ بانگهێشت بكرێت.

شاخەوان ڕەئوف، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان بە پەرەگراف-ی وت "لیژنەكەمان بەردەوامە لە بەدواداچوون، بەشێك لە گیراوەكان لە ژێر لێكۆڵینەوەدان و بەشێكیش دانیان ناوە بە هەندێك شتدا، .. بەڵام نازانین لەسەرچی و بۆچی دەستگیركراون.. ئەوەی گرنگە لەسەر خەتین".

ئەو دەڵێت، بڕیارە بۆ ئەو دۆسیەیە سەردانی دهۆك بكەن، تا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا باسی دەستگیركراوەكان بكەن.

هەڵمەتی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان، لە 19ی ئابی 2020ـەوە دەستیپێكرد، ئەوەش دوای خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی، كە لە زاخۆوە سەریهەڵدا و هەرزوو گۆڕا بۆ بارگرژی و بەهۆی تەقەكردن و پێكداهەڵپژانەوە، چەندین كەس لە مەدەنی و پۆلیس برینداربوون.

ئەو خۆپیشاندانە هاوكات بوو لەگەڵ خراپیی گوزەرانی خەڵك و كێشە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە نێویاندا دواكەوتن و لێبڕینی مووچە.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، هێزە ئەمنییەكانی دهۆك، بە ڕێگەی عەشایەری و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، هەوڵی بێدەنگكردنی چالاكوان و خەڵكانی ناڕازیی دەدەن، بەتایبەت ئەوانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ڕەخنە دەگرن یان بانگەوازی خۆپیشاندان دەكەن.

دەڤەری بادینان، لە مێژووی حوكمڕانی كوردیدا بەردەوام لە قازانج و هێزی پارتیدا یەكلابۆتەوە، پێش چەندین ساڵ یەكێتی و دواتریش یەكگرتوو، دوو ڕكابەری لاوازی ئەو حیزبە بوون، بەبێ زیادبون و هەڵكشان لە دەنگ‌و سەنگیاندا.