پەیكەرێكی شەهید مەغدید هەركی زیاتر لە ساڵێكە چاوەڕێی مەترێك زەوییە

29-03-2017 07:31
عەمید مەغدید هەركی‌، 16-12ی 2015 لە چیای زەرتك دوای‌ شەڕێكی‌ قورس دژ بە داعش شەهید بوو

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

پەیكەرێكی شەهید مەغدید هەركی كە زیاتر لە ساڵێكە لەسەر ئەركی گەنجێك دروستكراوە لەلایەن بەرپرسانی دهۆكەوە ڕێگەی پێنادرێت لەو شارە دابنرێت، ئەوەش كەسوكاری شەهیدی نیگەران كردووە، بەرپرسانیش پاساوی خۆیان هەبووە بۆ ڕێگرییەكەیان.

 

عەمید مەغدید هەركی‌، 16-12ی 2015 لە چیای زەرتك دوای‌ شەڕێكی‌ قورس دژ بە داعش، لەتەمەنی 46 ساڵیدا شەهید بوو، ئەو فەرماندەیەی هێزی زێرەڤانی، تەمەنی 16 ساڵ بووە كاتێك چەكی پێشمەرگایەتی لەشان كردووە.

 

نەقیب سەروان، برای شەهید مەغدید باسلەوەدەكات براكەی سادەو دڵسۆزو ڕاستگۆبووە لەگەڵ خەڵك‌و پێشمەرگەكانی، خەڵك زۆر خۆشیان ویستووە، وتی"دوای ئەوەی مەغدید شەهید بوو، گەنجێكی دهۆك زیاتر لە ساڵێكە پەیكەرێكی جوانی بۆ دروست كردووەو پێیەوە ماندوو بووەو پارەی تێدا خەرج كردووە، گەنجەكانی دهۆك چەندجارێك داوایان لەپارێزگاری دهۆك كردووە لەهەر شوێنێك بێت دابنرێت، بەڵام ڕێگەی نەداوە لەهیچ شوێنێك دابنرێت."

 

ئەو برایەی شەهید مەغدید كە لەكاتی قسەكردنی بۆ پەرەگراف لە ئەركی پێشمەرگایەتیدا بوو لە شاقوڵی میحوەری خازر، نیگەرانە لە هەڵوێستی بەرپرسانی دهۆك‌و ڕێگریی لەدانانی پەیكەری براكەی، وتی"پارێزگار دەڵێت مەحاڵە دابنرێت"، لەبارەی هۆكارەكەیەوە سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی‌و وتی"دز نییە بۆیە، قارەمان‌و ڕاستگۆو دەستپاك بووە بۆیە."

 

مەغدید هەركی، سێ كوڕی بەناوەكانی‌ (فەرمان، شیفاو جەفا)و دوو كچی بەناوەكانی‌ (رۆنیاو ئاریا) هەن، لەبنەماڵەكەی‌ مەغدید، نزیكەی 20 كەسیان پێشمەرگەن كە براو برازاو خزمی یەكترن.

 

پەیكەرەكەی شەهید مەغدید لەسەر ئەركی گەنجێك لەلایەن پەیكەرسازێكی بە ئەزمونەوە دروستكراوە.

 

 

جەلیل محەمەد، تەمەن 32 ساڵ، ئەو گەنجەیە كە لەسەر ئەركی خۆی پەیكەرەكەی دروست كردووە، بۆ پەرەگراف وتی"حەمید عەجیل، پەیكەرسازی دێرین‌و بەتوانا دروستی كردووەو دەڵێت هەقدەستی دروستكردنەكەی وەرناگرم، منیش 10 بۆ 12 ملیۆن دینارم داوە بە مواد بۆ پەیكەرەكە."

 

ئەو گەنجەی شاری دهۆك كە كاری كڕین‌و فرۆشتنی شوقە دەكات، داوای لە زۆر بەرپرسی شارەكەی كردووە لەناویاندا پارێزگارو شارەوانی‌و ئەنجومەنی پارێزگا هەتا ڕێگەبدەن پەیكەرەكە لە شوێنێك دابنرێت، "لەدەرگای هەركەسێكمانداوە وتویانە دەبێتە جیاوازی لەنێوان شەهیدەكان، هیچیان بۆ ئێمە فەرقیان نییە، بەڵام ئەگەر ئەوەدابنێین بنەماڵەی شەهیدەكانی دیكەش داوای ئەوەدەكەن‌و گلەییمان دێتەسەرو كێشە دروستدەكات."

 

جەلیل ڕەخنەی نە لەحكومەت‌و نە لەحزب نییە لەوبارەیەوە، وتی"ئەوەی ئەوان دەیڵێن ڕاستە، چونكە هەموو شەهیدان ڕێزی تایبەتیان هەیە، ئەگەر ئەو پەیكەرە دابنرێت حكومەت ڕوبەڕوی ڕەخنە دەبێتەوە."

 

ئەو گەنجەی دهۆك شەهید مەغدیدی نەبینیوەو قسەشی لەگەڵدا نەكردووە، بەڵام مامۆستایەكی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی دهۆك ئەوەی بۆ گێڕاوەتەوە كە ڕۆژێك مەغدید هەركییان میوانداریی كردووەو ئەویش تابلۆیەكی خۆیی بینیوە كە خوێندكارەكان دروستیان كردووە، مەغدید هەركی وتویەتی بۆ تابلۆی من دروست دەكەن بۆ هی شەهیدێك دروست ناكەن، مامۆستاكانیش وتویانە پێیانخۆش بووە تا لەژیاندایە تابلۆیەكی بۆ دروستبكرێت نەك دوای شەهیدبوونی، ئەو گێڕانەوەیەش وای لە جەلیل كردووە دوای شەهیدبوونی مەغدید هەركی ئەو پەیكەرەی بۆ دروست بكات.

 

"پەیمانگای هونەرە جوانەكانی دهۆكیش داوایان لە پارێزگار كردووە پەیكەرەكە لەناو پەیمانگا دابنرێت لەبەرئەوەی پێشتر میوانداریی مەغدیدیان كردووە، ئەوەش ڕەتكرایەوە، یەك مەتر زەوی بە هەقی مەغدید نازانن، بەڕاستی پێمان سەیرە."سەروانی برای شەهید مەغدید وای وت.

 

براكەی مەغدید هەركی ئەوەشی خستەڕوو، هەموو شوێنەكانی پارتی هەتا مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەش ئاگاداری ئەو پرسەیەو لە میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بەردەوام باسدەكرێت.

 

ئێستا پەیكەرەكەی مەغدید هەركی لەماڵی پەیكەرسازەكەیە لە كۆمەڵگای شاریا، وەك جەلیل دەڵێت، ئەگەر هەر ڕێگە نەدرێت لە شوێنێك دابنرێت، ئەوا بەنیازن لە بەشی پەیكەرسازی لەناو زانكۆ دایبنێن.

 

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی ڕای فەرمی بەرپرسانی دهۆك، چەندجارێك پەیوەندیكرد بە فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆك، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.