ئیدارەی كەركوك پابەندی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق نابێت لەسەر ئاڵای كوردستان

02-04-2017 12:22
كەركوك، 20-3-2017، هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەسەر قەڵا. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

 

پەرەگراف

 

ئیدارەی پارێزگای كەركوك ڕەتیدەكاتەوە پابەندی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بێت بۆ هێنانە خوارەوەی ئاڵای كوردستان لەو پارێزگایە، تەئكیدیش لەسەر بە بەرزی مانەوەی ئاڵاكە دەكاتەوە.

 

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"دەمەوێت دڵنیاتان بكەمەوە، ئەم ئاڵایەی ئێمە هەر بەرز دەمێنێتەوە."

 

پارێزگاری كەركوك تەئكیدی كردەوە پابەندی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق نابن‌و بەپێی دەستوور هەق بەوانە‌و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان دەستوورییە‌و بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەركراوە، وتیشی"ئێمە دڵنیاین بچینە دادگایەكی عادل ئاڵای كوردستان لێرە دەمێنێتەوە."


پەرلەمانی عێراق دوێنێ پرسی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە پارێزگای كەركوك خستەدەنگدانەوەو بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا تەنیا ئاڵای عیراق هەڵبكرێت، فراكسیۆنە كوردییەكان بەتوندی دژی ئەو بڕیارە وەستانەوەو بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمانیان كرد.

 

دوای بڕیارەكەی پەرلەمانیش، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك (بەوەكالەت)، بەهەمان شێوە ڕەتیكردەوە پابەندی بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق بن‌و وتی"مەحاڵە جارێكی تر ئاڵای هەرێمی كوردستان لە شاری كەركوك بێتەخوارەوە."

 

ئەو وتانەی تاڵەبانی، لەمیانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هات، كە تیایدا جەختیكردەوە كە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پابەندی بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق نابن‌و وتی"ئەو بڕیارە لە كەركوك جێبەجێناكرێت."

 

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، 28-3ی ئەمساڵ هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە فەرمانگەكانی شارەكە پەسەندكرد لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەردوو پێكهاتەی عەرەب‌و توركمان بایكۆتیانكرد، ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی لەناوخۆو دەرەوەی عێراق لێكەوتەوە.

 

پێشتر پارێزگاری كەركوك لە 14-3ی ئەمساڵ بە نوسراوێك داوای لە ئەنجومەنی پارێزگا كرد بڕیارێك لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە تەواوی فەرمانگە حكومییەكانی كەركوك دەربكەن، ئەوەش ناڕەزایی توركمان‌و عەرەبەكانی شارەكەی لێكەوتەوە.

 

بەرلەوەی ئەنجومەنی پارێزگاش بڕیاری لەسەر بدات، 20-3 نەجمەدین كەریم، لە چوارچێوەی مەڕاسیمی جەژنی نەورۆزدا لە سەر قەڵای كەركوك دوو ئاڵای گەورەی هەرێمی كوردستان‌و عێراقی بە تەنیشت یەكترییەوە هەڵكرد.