پارتی‌و یەكێتی پێكەوە سەردانی لایەنەكان دەكەن بۆ پرسی ڕیفراندۆم

02-04-2017 02:38
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتی بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی. فۆتۆ: سایتی فەرمیی پارتی.

 


پەرەگراف

 

پارتی‌و یەكێتی پێكەوە سەردانی لایەنەكان بەمەبەستی پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەپێناو دیاریكردنی كات‌و میكانیزمی چۆنییەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان.

 

دوای كۆبوونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی كە ئەمڕۆ بەئامادەبوونی مەسعود بارزانی لە پیرمام بەڕێوەچوو، ئەو دوو حزبە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە كەتێیدا بۆچوونی خۆیان لەسەر پرسی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی‌و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەكەركوك‌و كێشە ناوخۆییەكان خستوەتەڕوو.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی پارتی‌و یەكێتی بۆ ڕای گشتی

 

ڕاگەیێندراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان.

 

لە كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی چەند تەوەرێك خرایە بەرباس و گفتوگۆكردن سەبارەت بە ڕیفراندۆم و كەركووك و بارودۆخی ناوخۆی كوردستان.

 

تەوەری ڕیفراندۆم لە كوردستان بۆ سەربەخۆیی: كۆبوونەوە زۆر بە وردی‌و هەمەلایەنە ئەم بابەتەی تاوتوێ كرد و لە ڕوانگەی دڵسۆزی و بەخەمەوەبوونی چارەی خۆنووسینی گەلی كوردستان و پەیوەندی نێوان عێراق و كوردستان و دوورخستنەوەی مەترسییەكانی كە پێشینەی هەبووە لە نێوانیاندا، كە لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە بە سوودی عێراق و كوردستان نەبووە، جگە لەوەی مافی گەلی كوردستانە شێوازی چۆنییەتی ژیانی سیاسی و ئیداریی خۆی دیاری بكات لە ڕیفراندۆم و قەوارەی دەوڵەتێكی سەربەخۆییدا. بۆیە هەردوولا بەیەكەوە بڕیاریاندا ئەم بابەتە وەكوو بابەتێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی پێكەوە و وەك یەك بۆچوون كاری جددیی بۆ بكرێت.

 

هەردوولا لە ڕێگەی لیژنەیەكی هاوبەش ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنە سیاسی و نەتەوەییەكانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر بكەن بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەپێناو دیاریكردنی كات و میكانیزمی چۆنییەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

 

تەوەری كەركووك و بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگە فەرمییەكانی كەركووك: هەردوولا بڕوایان وایە كە حكوومەتی عێراق چەندین ساڵە خۆی دەدزێتەوە لە جێبەجێكردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق بۆیە چۆن حكوومەتی عێراق مافی هەیە ئاڵای لە كەركووك هەبێت بە هەمانشێوەیش كوردستانیش مافی هەڵكردنی ئاڵای هەیە چونكە لە دەستوور بە ڕوونی ئاماژە بە كەركووك و چەند شوێنی دیكە كراوە كە ناوچەی كێشە لەسەرن، كەواتە بۆ كوردستانیش هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك یاسایی و دەستوورییە.

 

تەوەری بارودۆخی ناوخۆی كوردستان: هەردوولا جەخت لە یەكهەڵوێستی بۆ پەلەكردن لە چارەسەری كێشە سیاسی و یاسایی و ئابوورییەكان دەكەنەوە، هەروەكوو هاوڕا و هاوكاریش دەبن بۆ چارەسەركردنی گرفت و ئاستەنگەكانی سەر ڕێگەی خەڵكی كوردستان بە گشتی و حكوومەتی هەرێم بە تایبەتی بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەكاندا.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان         یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان


2ـی 4ـی 2017