ڕیفراندۆم لەناوماڵێكی پەرتەوازەدا

بارزانی دەیان ساڵ لە مشتومڕی سەربەخۆیی چۆن دەكاتە كردار؟
03-04-2017 06:08
بارزانی پێش هەنگاونانی كرداریی بۆ ڕیفراندۆم ناوماڵی كوردی ڕێكدەخاتەوە؟ فۆتۆ؛ پەرەگراف.


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

تادێت پرسی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی كوردستان گەرمتردەبێ‌و حزبە سیاسییەكانی باشووری كوردستان كەوتوونەتە جموجوڵ بۆ هەنگاونانی كرداریی، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە ناكۆكییە ناوخۆییەكان وەلابنێن‌و یەك دەنگ‌و یەكگرتوو بن بۆ پرسێكی وەها گرنگ‌و چارەنوسساز.

 

لە دوایین كۆبوونەوەی پارتی‌و یەكێتی كە دوێنێ بەئامادەبوونی مەسعود بارزانی بەڕێوەچوو، ئەو دوو حزبە لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا لەبارەی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆییەوە دەڵێن "هەردوولا لە ڕێگەی لیژنەیەكی هاوبەش ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنە سیاسی و نەتەوەییەكانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر بكەن بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەپێناو دیاریكردنی كات و میكانیزمی چۆنییەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم." ئەمڕۆش دەستیان كرد بە سەردانكردنی لایەنەكان.

 

هەروەها مەسعود بارزانی كە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندینجار ئەو پرسەی باسكردووەو سووربوونی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دووپاتكردوەتەوە، لە دواین وتەیدا لەسەر ئەو پرسە 4 ڕۆژ لەمەوبەر لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان جەختیكردەوە"لە ئایندەیەكی نزیكدا ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت." مانگی ڕابردووش نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، ئەمساڵ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێت.

 

ئەوە یەكەمجار نییە وادە بۆ ئەو پرسە دابنرێت، مەسعود بارزانی ساڵی ڕابردوو بە گەرموگوڕییەوە وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دیاریكرد، بەڵام نەكرا.

 

بارزانی لەپەیامی نەورۆزی ساڵی ڕابردووی بەهەمانشێوە جەختی لەسەر ئەوپرسە كردەوە، هەروەها دوو ڕۆژ بەرلە پەیامەكەشی، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر لەبارەی ڕێكەوتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بارزانی وتی"وابزانم پێش مانگی تشرینی یەكەم دەبێت (بەر لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا لە مانگی تشرینی دووەمی 2016)."

 

لەوەڵامی پرسیارێكیشدا لەبارەی ئەو پرسیارەی لە ڕیفراندۆمەكەدا ئاڕاستەی گەلی كوردی دەكەن، بارزانی وتی، تەنها یەك پرسیار دەبێت‌و خەڵكی ناوچە كێشەلەسەرەكانیش بەشێك دەبن لەوپڕۆسەیەو پرسیاریان لێدەكرێت لەبارەی مانەوە لەگەڵ عێراق یان ببنە بەشێك لە كوردستانی سەربەخۆ.

 

مەسعود بارزانی كە لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005ەوە لەو پۆستەدایەو لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات(لە 2013دا 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە)، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەزۆر بۆنەی جیاواز پرسی سەربەخۆیی وروژاندووە، تەنانەت هەندێكجار ڕەخنەی ئەوەی لێگیراوە ئەو پرسەی بۆ بەرژەوەندی كەسیی‌و حزبیی بەكارهێناوە.

 

"لەوكاتەی نوری مالیكی دەبێتەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق، من بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ كەسێك، سەربەخۆیی كوردستان رادەگەیەنم‌و ئەوەی ڕوودەدات با ڕووبدات... لە عێراقێك نامێنینەوە مالیكی حوكمی بكات." ئەمە وتەی مەسعود بارزانییە مانگی یەكی ئەمساڵ لەمیانی چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا.

 

سەربەخۆیی كوردستان‌و دەوڵەت ئەو مافەیە كە گەلی كورد دەیان ساڵە خەباتی لەپێناودا دەكات‌و تەواوی حزبەكان وەك ستراتیژ لەگەڵ پرسەكەدان، ئەگەرچی بۆچوونی جیاوازیشیان هەبێت لەبارەی چۆنێتی كاركردن بۆ سەربەخۆیی‌و بنەماكانی‌و ڕاگەیاندنی دەوڵەت.

 

هەروەك محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ڕێكخەری ژوری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان پێشتر لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەرەگراف باسیلەوەكرد، دەوڵەت دروستكردن بە سیاسەت‌و هەنگاوی جددی دەبێت نابێت هەر پرسێكی ڕاگەیاندن بێت، ڕەخنە ئەوەشی لە بارزانی گرت زۆرجار ئەو پرسەی بۆ ڕاگەیاندن بەكارهێناوە.

 

لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە كەی هەلومەرج لەباردەبێت‌و دەبێت پێشتر چی بكرێت؟ ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان وتی"بۆئەوەی ئەو هەلومەرجە لەباربێت دەبێت ژێرخانی ئابوریت هەبێت، هێزی نیشتیمانیت هەبێت، سیاسەتێكی ئاسایشی نەتەوەییت هەبێت كە ئەمانە هیچی نییە."

 

بارزانی‌و حزبەكەی ڕوبەڕوی ئەو ڕەخنەیەش بوونەتەوە كە ئەوپرسەیان بەكارهێناوە بۆ جوڵاندنی هەستی خەڵك بەتایبەت كاتێك كێشەیان لەگەڵ ناوەند یاخود حزبە كوردییەكاندا هەبووبێت، نەورۆزی ساڵی ڕابردووش بارزانی هێرشی توندیكردەسەر ئەو كەسانەی لەناوخۆی كوردستاندا بەرانبەر مافی سەربەخۆیی دوودڵن، وتی"دەكەونە بەرەی دژی سەربەخۆیی گەلی كوردستان و، ئەوانەیش كە دەڵێن هێشتا كاتی سەربەخۆیی نییە، شانازیی ئەو دەستكەوتەی گەلی كوردستانیان بەرناكەوێت‌و بەرپرسیش نابن لە هیچ ئەگەرێك."

 

ساڵی 2012 كە ناڕەزاییەكانی خەڵك لە دوای خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتی ساڵی پێشووتر بەردەوام بوون، پرسی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی بەڕادەیەك گەرم كرابوو، خەڵكی كوردستان چاوەڕوان بوون لەپەیامی جەژنی نەورۆزی ئەو ساڵەیدا، بارزانی بڕیاری یەكلایی كەرەوە لەوبارەیەوە ڕابگەیەنێت.

 

هەربۆیە لە پەیامی نەورۆزی 2012دا بارزانی، وتی"لەم ڕۆژەدا زۆر كەس داوایان دەكرد، پەیوەندیان دەكرد كە لەم ڕۆژەدا مژدەیەكی خۆش و گەورە بە هەموو خەڵكی كوردستان رابگەینین، من دڵنیتان دەكەم انشاْ الله ئەو ڕۆژە هەر دێـت كە ئەم مژدەیەتان پێ رابگەیەندرێت بەڵام دەبێت لە كاتێكی گونجاو دابێت، بەڵام دڵنیابن ئەو مژدەیە هەر دێت."

 

بارزانی كە ئێستا بە ئەمری واقیع سەرۆكی هەرێمە دەیەوێت هەتا خۆی لەوپۆستەدایە ئەو پرسە یەكلایی بكاتەوەو هەنگاوە كردارییەكانی سەربەخۆیی بنێت‌و بیكاتە دەستكەوتێكی مێژویی گرنگ، چەند جارێكیش ئاماژەی بەوەكردووە، لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، ئەو هیچ پۆستێكی سیاسی وەرناگرێت.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی حزبەكەی بارزانی بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لە مانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستا ئەو پەكخستنە بەردەوامە.

 

ئەو نا یەكگرتووییە، لە مێژووشدا كاریگەری هەبووە لەسەر پرسی دەوڵەت‌و سەربەخۆیی، هەر وەك دیبلۆماتكارێكی باڵای ئەمەریكی نا یەكگرتووی‌و سازش نەكردنی سەركردەكانی كورد بۆ یەكتری بە هۆكارێكی سەرەكی دەزانێت لە دروست نەبوونی دەوڵەتی كوردی لە ڕابردوودا.

 

هەیوود ڕانكن، دیبلۆماتكاری ئەمەریكی كە ساڵی 1988 بەرپرسی بەشی سیاسی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بووە لە بەغدا، باسلەوەدەكات كورد زۆر پارچە پارچەن‌و ئەگەر سەربەخۆییان پێبدرێت ناتوانن بەڕێوەی ببەن، دوای شەڕی كەنداو(1990-1991) كە ئەمەریكا بە كوردی وت، دەوڵەت دروست بكەن، بەڵام كوردەكان نەیانتوانیوە ئەو ئەركە ڕاپەڕێنن، دەڵێت"ئەمانە خەڵكی شاخن. ئەوان زمانی خۆیان پاراستووە، بەڵام هەرگیز یەكگرتوو نەبوون. هەموو تاكی سەركردە كوردەكان نەیانتوانیوە سازش بۆیەك بكەن. ئەوە چیرۆكی ئەوانە لەماوەی ساڵانیكی دورو درێژ."

 

دوای نزیكەی سێ دەیە لەو ڕێكەوتەی دیبلۆماتكارە ئەمەریكییەكە باسیدەكات، ئێستاش كە پرسی دەوڵەتی كوردی‌و سەربەخۆیی گەرمە، ناكۆكی قوڵی سیاسی لەنێوان لایەنەكاندا بە ڕادەیەكە، سەركردە كوردەكان لەماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا مەترسیی لەت بوون‌و دروست بوونەوەی دوو ئیدارەییان نەشاردوەتەوەو وەكو ئەگەرێكی ئامادە باسیان كردووە.

 

ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بارزانی پێش هەنگاونانی كرداریی بۆ ڕیفراندۆم ناوماڵی كوردی ڕێكدەخاتەوەو هەنگاو دەنێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان؟ ئایا دەوڵەتی كوردی دەبێت پەیوەست بكرێت بە بارزانی‌و بە ئەنجام گەیاندنی هەنگاوە كردارییەكان لەلایەن ئەوەوە، یاخود پەیوەست بێت بە بنەماو پایەكانی دەوڵەت‌و كۆدەنگیی نێوان حزبەكوردییەكان‌و كاركردن بۆ ڕەخساندنی زەمینەی لەباری ناوخۆیی‌و ناوچەیی؟.