سەربازە ونەكەی ژینگە؛ دوای ڕواندنی سەدان هەزار دار ئامادەیە گۆیژە بكات بە دارستان

13-08-2019 04:53
جەمیل هەورامی لەكاتی چاندنی نەمام لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

پایزی ساڵی 1998 جەمیل هەورامی بڕیار دەدات لە هەردوو لای شەقامی سەرەكیی ڕێگای قەڵاچوالان نەمام بچێنێت‌و ڕێگاكە بە دار بڕازێنێتەوە، مام جەلال پێی دەڵێت، وازی لێبهێنە من لە 1991ەوە پارە دەدەم بە خەڵك ئەو كارە بكات كەس سەركەوتوو نەبووە، ئەوەی تۆش هەروا دەبێت.

جەمیل هەورامی كە ئەوكات لێپرسراوی ئیدارەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووەو لە قەڵاچوالان دەوامی كردووە، ڕۆژانە كە بەو ڕێگایەدا هاتووچۆی كردووە پێی ناخۆش بووە دارو سەوزایی نابینێت، وەڵامی جەلال تاڵەبانی دەداتەوە كە ئەو دەتوانێت ئەوكارە بكات‌و پارەشی تێناچێت.

"پێمگوت مام جەلال، نەمام وەكو منداڵ وایە دەبێت خزمەتی بكەیت، نەمامەكان بە بێ بەرامبەر لە شەتڵگەی حكومەت دەهێنین‌و چاڵەكانیش بە پێشمەرگەكان هەڵدەكەنین‌و پارەی تێ ناچێت، ئەویش ڕەزامەندیی پیشانداو وتی بزانم چی دەكەیت" جەمیل هەورامی بۆ پەرەگراف وا دەڵێت.

تەنها مام جەلال نەبووە كە پێیوابووبێت هەورامی لە كارەكەیدا سەركەوتوو نابێت، زۆر كەسی دیكەش هەمان قسەیان كردووە، بەڵام دوای ماوەیەك بە چاوی خۆیان دەبینن نەمامەكان سەوزو جوان‌و گەورە بوون.
"مام جەلال دەستخۆشی لێكردم‌و پێی گوتم دەبێت سلێمانیم بۆ سەوز بكەیت".

ئەو سەركەوتنە سەرەتای دەستپێكردنی چاندنی سەدان هەزار نەمام دەبێت بە سەرپەرشتی جەمیل هەورامی، لەناو خەڵك‌و بەرپرساندا دەبێتە جێگەی دەستخۆشی، جەمیل هەورامی كە یەكەمجارە بۆ ڕاگەیاندن قسە بكات لەبارەی ئەو كارانەیەوە، بە پێكەنینەوە گوتی "كابرایەكی خەڵكی ناوچەكە گوتبووی حكومەت شەنسی هەیە دارەكانی ئەو سەوز دەبێت‌و هی ئێمە سەوز نابێت".

ڕێگای دەباشان بۆ سیتەك، زەردەبی هەتا چوارتا لەگەڵ ناو قەڵاچوالان، خورماڵ تا بیارە، ناو فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگە لە گەڕەكی ڕاپەڕین لە سلێمانی، ئەو ڕێگایانەن كە جەمیل هەورامی هەردوولای شەقامەكانی بە دار ڕازاندوونەتەوە.

بەهۆی شارەزاییەكەیەوە بەزۆری داری تووی چاندووە لەگەڵ سنۆبەر، لەبەرئەوەی ئەو دوو دارە بەرگەی سەرماو گەرماو كەمئاویی دەگرن‌و چەند ساڵێكی سەرەتا پێویستیان بە خزمەتی بەردەوام هەیەو دواتر چاودێرییەكی كەمیان دەوێت، نێوانی هەر دوو دارێكیش 3 مەتر بۆشایی بەجێهێشتووە.

"تەنها لەناو فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە لە ڕاپەڕین 43 هەزار نەمامم چاندووە، نەمامەكانمان لە ئێرانەوە هێناو كارەكانیشمان سەرجەمی بە بەشە جیاوازەكانی فەرماندەیی دەكرد هەر ڕۆژەی بەشێك بۆئەوەی پارەی تێنەچێت".

دوای ئەوانە، پێنج ساڵ لەمەوبەر جەمیل هەورامی ڕوودەكاتە ڕێگای هەورامان‌و پلانی چاندنی نەمام بە درێژایی ڕێگای خورماڵ تا بیارە دادەنێت لە هەردوولای شەقامەكە، "بۆئەو ڕێگایەش نەمامەكانمان لە مەشتەلەكانی حكومەت هێناو كارەكەشمان بە كادیرانی مەڵبەندی شارەزوور و پێشمەرگەكان كردو تەنها یەك حەفارەمان هێنا، بەهەمووی ملیۆنێك دیناری تێنەچووە".

جەمیل هەورامی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی‌و بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری ئەو حیزبەیە، یەكێكە لە پێشمەرگە كۆنەكان‌و تەمەنی لە 70 ساڵ نزیك بووەتەوە، ئێستاش بەردەوام چاودێریی ئەو دارانە دەكات‌و هاوكاریی ئەو كەسانە دەكات كە خزمەتیان دەكەن.

لە ڕێگای خورماڵ-بیارە هەندێك لە نەمامەكان پێنەگەیشتوون بەهۆی باش خزمەت نەكردنەوە، بەڵام جەمیل هەورامی كۆڵ نادات‌و بڕیاریداوە پایزی ئەمساڵ هەزاران نەمامی دیكە لەو ڕێگایە بچێنێت.

جەمیل هەورامی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی

ئەو كەسانەی بۆ تەنها جارێكیش سەردانی هەورامان‌و شارباژێڕیان كردبێت، ئەو دارانەیان بینیوە لە هەردوولای شەقامەكە گەورە بوون‌و ساڵانی داهاتوو بەژێر سێبەریاندا تێدەپەڕن.

جەمیل هەورامی دەڵێت "هیچ كام لەو كارانە پەیوەندیی بە وەزیفەكەمەوە نەبووە‌و بەرپرس نەبووم لەوەی ئەنجامیان بدەم، بەڵام خولیای خۆم بووە بۆ كشتوكاڵ‌و چاندن‌و خزمەتی ژینگەو سروشتی كوردستان".

جەمیل هەورامی لە ڕووی ئەكادیمییەوە كشتوكاڵی نەخوێندووەو لە پیشەسازیی خوێندوویەتی، بەڵام هەر لە منداڵییەوە لە تەوێڵە لەناو باخ‌و باخاتدا گەورەبووەو ئەزموونێكی باشی هەیە، بەڕادەیەك ڕێنمایی ئەو كەسانە دەكات كە بڕوانامەی باڵایان لە كشتوكاڵ بەدەستهێناوەو سەرپەرشتی چەند خولێكیشی كردووە كە بۆ كەسانی پسپۆڕی ئەو بوارەی كردووەتەوە.

یەكەم خانووی پلاستیكی لە عێراق

چیرۆكی جەمیل هەورامی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی بەردەوامەو تاڵەبانی زستانی 2002 سەردانی ماڵی جەمیل هەورامی دەكات لە چەمی قلیاسان لە سلێمانی، "خەیارێكی تام‌و بۆن خۆش" لەبەردەمیدا دادەنرێت.

ئەویش پرسیار دەكات كە ئەم خەیارە بەتامە چۆنە لەم وەرزی زستانەدا هەیە؟ جەمیل هەورامی وەڵامی دەداتەوە كە ئەوە بەرهەمی خانوویەكی پلاستیكە كە لەناو باخەكەیدا دایناوە.

هەر لەوێدا تاڵەبانی سەرباری دەستخۆشیی، داوادەكات خانوویەكی هاوشێوە بۆئەویش دروست بكات، جەمیل هەورامی داواكارییەكە پەسەند دەكات‌و دوو ساڵ دواتریش خانوویەكی دیكەی پلاستیكی بۆ زانكۆی سلێمانی دروست دەكات.

"ئەوەی من یەكەم خانووی پلاستیك بوو نەك لە كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی عێراقیش" جەمیل هەورامی وای گوت.

لە چەمی قلیاسان كە زەوییەكەی بەردی زۆرە، جەمیل هەورامیی پارچەیەك زەویی بە موساتەحە وەرگرتووەو باخ‌و باخاتێكی قەشەنگی دروست كردووە، كە دەیبینیت جوانیی سەلیقەو شارەزایی ئەوت بۆ دەردەكەوێت، لەو كارەشدا سەرەتا زۆركەس پێیان گوتووە سەركەوتوو نابێت‌و لەناو ئەو بەردانەدا نەمام ناڕوێت، بەڵام ئەو بەكردار، پێچەوانەی ئەو قسانەی سەلماندووە.

ئێستا جەمیل هەورامی چەند خانوویەكی پلاستكیی هەیەو ساڵانە نەمام‌و چەندین جۆری جیاواز بەروبوم بەرهەم دەهێنێت‌و دەیانخاتە بازاڕەوە، "خەڵك گاڵتەیان لێدەهات لەو خڕكە بەردانە باخ‌و باخات دروست ببێت، ساڵی یەكەم كە دەستم پێكرد بڕێك پارە لەسەری قەرزدار بووم، بەڵام ساڵی دواتر ئەوەندە بەرهەمم هەبوو قەرزەكەم بە پارەی بەرهەمی باخەكە دایەوە".

خەفەت بۆ گۆیژە دەخوات

پارێزگای سلێمانی سروشتێكی جوانی ڕازاوە بە شاخ‌و گردی هەیە، ناوەندی شارەكە بە چەند زنجیرە چیایەك دەورە دراوە، یەكێك لەوانە گۆیژەیە كە بەشێكی زۆری ڕووتەنەو كەمێكی دارسنۆبەری تێدا ڕوێندراوە، ئەوەش زۆربەی لە ساڵانی هەشتاكان‌و سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بووە.

"هەركات دەچم بۆ هەڵەبجەو دەگەڕێمەوە، گۆیژە دەبینم ڕووتەنەو داری پێوە نییە زۆر خەفەت دەخۆم" جەمیل هەورامی وا دەڵێت، ئەو چەندجارێك پێشنیاری بۆ بەرپرسانی پەیوەندیدار كردووەو بیرۆكەی پێداون بۆ خزمەتكردنی گۆیژەو ڕازاندنەوەی شاخەكەو سوود لێوەرگرتنی، بەڵام بەقسەی نەكراوە.

جەمیل هەورامی دەڵێت "گرەنتی دەدەم تەنها بە كرێكارەكانی حكومەت‌و نەمامی شەتڵگە حكومییەكان بە 10 ساڵ لە گۆیژە تا خەراجیان دەكەم بە دار. بەبێ هیچ بەرژەوەندییەكی شەخسیی".

جێدەستی دیارە بە باخچەكان سلێمانییەوە

دوای ڕازاندنەوەی ئەو شەقامە سەرەكییانە بە دارو درەخت، جەمیل هەورامی ڕوودەكاتە باخچەكانی سلێمانی، ئەو كات باخچەكان بەشێكیان هەبووە كە بریتی بووە لە یەك ژوور لەناو باخی گشتیدا، بەڵام جەمیل هەورامی لە بەشەوە كردوویەتی بە بەڕێوەبەرایەتیی‌و هەڵمەتێكی فراوانی دروستكردنی پارك‌و باخچەی دەستپێكردووە.

"153 باخچەو پاركمان لەناو سلێمانی دروست كرد، یەكێك لەوانە پاركی ئازادییە كە ئێستا خەڵكێكی زۆر سەردانی دەكەن".

باخەكەی جەمیل هەورامی لە قلیاسان

جەمیل هەورامی ڕەخنەی ئەوە دەگرێت كە خەڵك پەرۆش نین بۆ كارەكانیان‌و ژینگەی كوردستان‌و ئەگەر بیانەوێت دەتوانن كاری باش بكەن، وتی"ئەگەر حكومەت ئیش بكات تەنها كرێكارەكانی خۆیان بەسن".

ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەڵمەتێك دەستی پێكردووە لە ژێر ناوی (دارێك بچێنەو شارێك سەوز بكە)، بەرپرسانی باڵای هەرێم هەریەكەیان بە چاندنی نەمامێك بەشدارییان تێدا كردووە، جەمیل هەورامی ئەو هەڵمەتە بە "باش" ناودەبات بۆ هاندانی خەڵك، بەڵام دەڵێت، ئەوە بەس نییەو پێویستی بە كاری فراوانتر هەیە.

"بایەخ بە كشتوكاڵ نادەن، ئەوەی كراوە ڕێكخراوی فاو كردوویەتی 92 هەزار دۆنم غاباتە لە كوردستان، كە ئەوان ڕۆیشتن كاركردن نەما" جەمیل هەورامی وای گوت.

ئەو پێشنیاری بۆ فاو كردووە لە بری سنۆبەر، فستق بچێنن، بەڵام پێشنیارەكەی بە هەند وەرنەگیراوە، "لەبەرئەوەی فستق تۆزێك خزمەتی زیاتر دەوێت، بەڵام ئەگەر ئەوەیان بكردایە ئێستا بەرهەمێكی زۆری فستقمان دەبوو، بەشێك دەبوو لە بووژاندنەوەی ئابوری كوردستان".

جەمیل هەورامی پێی باشە خەڵك بایەخ بە چاندنی فستق بدەن، وتی "خۆم 100 دار قەزوانم هەیە لە هەورامان، بەرهەمەكەیان باش نییە، ئەمساڵ موتوربەی فستقیان دەكەم‌و ساڵی داهاتوو بەرهەمم دەبێت. لە هەر كوێیەكی كوردستانیش 10 دۆنم زەویم پێبدرێت ئامادەم هەمووی بكەم بە فستق".

لەبارەی ئەو دەستخۆشییانەی لەلایەن خەڵك‌و بەرپرسانەوە بۆ كارەكانی پێی گەیشتووەتەوە، ئەو وتی "پێمخۆشەو شانازی دەكەم ئینسان جێدەستی دیاربێ‌و خزمەت بكات".