هێڵی گەرم؛ هاوڕێی كێشە و ئازارەكانی ژنان

20-11-2019 05:16


پەرەگراف- دیمەن ئیسماعیل

هەر لە نێو ماڵەكانی خۆیانەوە و بە چەند خولەكێكی كەم، دەنگیان دەگاتە هەر لایەنێك كە بیانەوێت لە چۆنیەتی چارەسەری كێشەكاندا هاوكارییان بكات، بەشێك لە ژنان و كچان؛ ئێستا ئازارەكانیان لەگەڵ هێڵی گەرمی پەیوەندییەكاندا بەشدەكەن.

هێڵی گەرمی خزمەتگوزاری و فریاكەوتنی ژنان، ژمارەكەی 119ـیە و زیاتر لە ساڵێكە كەوتۆتەكار، بە شەو و ڕۆژ، لە تەواوی هێڵەكانی مۆبایلەوە ئامادەیە بۆ وەرگرتنی پەیوەندی، بە ئامانجی هاوكاری یاسایی، دەروونی و كۆمەڵایەتی.

"مێردەكەم لێی دەدام، هیچ ڕێگایەك نەبوو بتوانم دەربازبم، ئەوەی توانیم لەماڵەوە پەیوەندیم كرد بەو هێڵەوە و لەو ڕێیەوە فریامكەوتن و كێشەكەیشم چارەسەر بوو"، سنور وای وت. ئەو تەمەنی 24 ساڵە و دایكی دوو منداڵە.

سنور ناوێكی خوازراوە و بۆ پەرەگراف وتی "لەڕێی ئەو پەیوەندییەوە ئاگادارمكردنەوە كە ناتوانم لە ماڵ بێمە دەرەوە، بۆیە پۆلیس لە كەمترین كاتدا بە دەممەوە هات".

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە ساڵی ڕابردودا و لەڕێی هێڵی گەرمی هاوكاریكردنەوە، زیاتر لە هەزار دۆسیە چارەسەر كراون.

لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا، هێڵی گەرم، زیاتر لە سێ هەزار پەیوەندی لە ژنان و كچانەوە پێوەكراوە.

هاوتا فەرەیدون، یەكێكە لە كارمەندانی هێڵی گەرمی تایبەت ژنان، بۆ پەرەگراف وتی "هەندێكجار لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە پێدانی ڕێنمایی كێشەكەمان بۆ ژنان چارەسەر كردووەو نەگەیشتووە بە تۆماركردنی سكاڵا، یان ماڵەوەش ئاگاداری نەبون".

لە نمونەكانی تری پەیوەندی بەو هێڵەوە، دۆسیە هەبووە لەڕێی توێژەری كۆمەڵایەتییەوە چارەسەر كراوە، "بەڵام كە ویستویانە سكاڵا بكەن یان بگەنە پۆلیس ئەوا ناونیشانی ناوەندەكانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیمان پێداون"، بەوتەی هاوتا.

هێڵی گەرمی خزمەتگوزاری و فریاكەوتنی ژنان، لە سێ پارێزگای هەرێمی كوردستاندا لقی هەیە، لە هەر لقێكدا 12 كارمەندی ڕاهێنراو دانراون و 24 كاتژمێر، وەڵامی پەیوەندییەكان دەدرێنەوە.

پەیام، ناوی خوازراوی كچێكی تەمەن 23 ساڵە، لە قەڵادزێ نیشتەجیێیە و لە كێشەكەیەكدا پەیوەندی بە هێڵی گەرمەوە كردووە، بەڵام هاوكارییەكەیان جێی ڕەزامەندی ئەو نەبووە، "لەلایەن كوڕێكەوە هەڕەشەم لێدەكرا، پەیوەندیم بەو هێڵەوە كرد، بەڵام كە جوابیان دامەوە ژمارەی بنكەیەكی نزیك لە ڕانیەیان پێدام و كاتێك پەیوەندیم كرد، داخرابوو" پەیام بۆ پەرەگراف وای وت.

هێڵی گەرم، بە هاوكاری ڕێكخراوی (UNFPA) دامەزراوە، لەژێر سەرپەرشتی بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.

ئاری ڕەفیق، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بۆ پەرەگراف وتی "بەهۆی زۆری حاڵەتەكانی توندوتیژییەوە بیرمان لە دانانی هێڵێك كردەوە كە خزمەت بە ژنان بكات.. هیوادارین بتوانین بەم هێڵە خزمەت بە ژنان بكەین و توندوتیژییەكان كەم ببێتەوە".

هەروەها ڕونیكردەوە ئەو هێڵە لە 2018دا خراوەتەكار، بەڵام حەوت مانگە زیاتر بە ژنان ئاشناكراوە، لە یەككاتیشدا دەتوانن سێ پەیوەندی وەربگرن.

بەپێی ئامارەكانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە هەشت مانگی ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان، 27 ڕوداوی كوشتن، 39 خۆكوشتن، 134 سوتان، 73 خۆسوتان و هەزاران سكاڵا تۆماركراون.

ئەوەش لە كاتێكدا لە ساڵی 2018دا لە هەرێمی كوردستان 46 ڕوداوی كوشتن، 68 خۆكوشتن، 139 سوتان، 107 خۆسوتان و 145 دۆسیەی سێكسی هەبووە، ئەوەش كەمیكردووە بەراورد بە ساڵی 2017دا، كە ڕوداوەكانی كوشتن گەیشتە 50، لەگەڵ 75 خوكوشتن، 202 سوتان، 122 خۆسوتان و 143 دۆسیەی سێكسی و تۆماركردنی هەزاران سكاڵای یاسایی.