كۆتر پەیامی ئاشتی بۆ كەركوك دەهێنێت

19-02-2017 03:27
2-19/ كەركوك پێشبڕكێی فڕینی كۆتری جۆری زاجل. فۆتۆ: شڤان محەمەد.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

ڕەشید فەیزوڵا تاوەكو ماوەیەكی درێژ نیگای لە ئاسمانی كەركوك نەدەبڕی، دەیویست لەنێو ئەو هەشت هەزار كۆترەی كە لەگەڵ گزنگی خۆردا ئاسمانی شارەكەیان پڕ كرد، كۆترەكەی خۆی ببینێت.

 

ئەو بەیانییە بۆ ڕەشید كە چەندین ساڵە كۆتربازی دەكات تایبەت بوو، بۆ یەكەمجار توانی بەشداری پێشبڕكێیەكی گەورەی فڕینی كۆتر بكات، كە هەشت هەزار كۆتر بەشدارییان پێكرا.

 

"هەستێكی زۆر خۆشەو گوزارشتكردن تێیدا ئەستەمە، بۆ ئێمەی كۆتربازەكانی شاری كەركوك ڕۆژێكی مێژوویی‌و لە بیرنەكراوە"، ڕەشید زیاتر وتی"كەركوك پێویستی بەم رۆژە هەیە، دەبینین ئاسمانی كەركوك بە كۆتری ئاشتی تەنراوە."

 

 

كەركوك وەكو نمونەی شارێك بۆ ئاشتیی‌و پێكەوە ژیان لە نێو 18 پارێزگای عێراق دیاریكرا بۆ ئەو پێشبڕكێییە، كە 23 یانە لە پێنج پارێزگای عێراق بەشداربوون بە ناونیشانی پێشبڕكێی نامەی ئاشتی.

 

پێشبڕكێكە پەیامی ئاشتیی‌و پێكەوەژیانی تیایە بۆ پێكهاتەكانی عێراق، كۆتری لە جۆری زاجل بەشدارییان پێكرا، كە قەبارەی لە كۆتری ئاسایی زیاترەو توانای هەڵگرتنی 250 گرامی هەیە.

 

ئارەزوومەندان‌و كۆتربازەكان كاتژمێر 6:30 خولەكی بەیانی یەكشەممە 19-2 لە گوندی سەقزلی ڕێگای كەركوك – هەولێر پێشبڕكێكەیان دەستپێكرد، دوای ئەوەی دەرگایان لە هەشت هەزار كۆتر كردەوە.

 

ئەرشەد خەلیجی، ڕێكخەرێكی پێشبڕكێكە بە(كەركوك ناو)ی وت"ئەو ڕۆژەمان ناو ناوە ڕۆژی ئاشتیی‌و پێكەوەژیان."

 

2-19/ كەركوك ئامادەكاریی بۆ پێشبڕكێی فڕینی هەشت هەزار كۆتر. فۆتۆ: شڤان محەمەد.

 

هەڵبژاردنی پێشبڕكێكە لە كەركوك بەهۆی ئەوەوەیە كە یەكێكە لە پارێزگا فرە پێكهاتەكان لە عێراق، عەرەب، كورد، توركمان، كرستیان‌و كاكەیی‌و هەردوو مەزهەبی سونەو شیعەی تێدا دەژین‌و بە شاری پێكەوەژیان ناودەبرێت.

 

خەلیجی وتی"مەرجی بەشداریكردنە دەبێت كۆترەكە لە جۆری زاجل بێت."

 

كۆتری زاجل دەتوانێت بۆ ماوەیەكی زۆر لە ئاسماندا بفڕێت‌و بمێنێتەوە، دواتر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ هێلانەكەی خۆی، بەبێ ئەوەی هیچ پشوویەك بدات، هەروەها زاجل مێژوویەكی درێژی هەیەو بە كۆتری نامەبەریش ناودەبرێت.

 

خودی ئەو پێشبڕكێیەی كۆتری زاجل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی ئاشتییە لە نێو گەلاندا.

 

خەلیجی، وتی"پێشبڕكێكە زیاتر بۆ پتەوكردنی گیانی ئاشتەوایی‌و پێكەوە ژیانە لەنێو گەلانی جیهاندا."

 

عیسا عەبدوڵا كە لە خوارووی عێراقەوە بۆ ئەو پێشبڕكێیە هاتۆتە كەركوك، وتی"تاوەكو ئێمە دەگەینەوە شوێنی خۆمان كۆترەكانیشمان دەگەنەوەو دەچنەوە هێلانەی خۆیان."

 

"دەمانەوێت لەڕێگای كۆترەكانمانەوە پەیامی ئاشتی‌و پێكەوە ژیان بەگوێی هەموو هاوڵاتیانی عێراق بدەین‌و هانیانبدەین كە بەشێوەی ئاشتییانەو دیموكراسییانە ژیان بەسەرببەن”، عیسا وای وت.

 

ئەو پێشبڕكێیە لەكاتێكدایە دۆخی ئەمنیی عێراق بەهۆی شەڕی داعشەوە جێگیر نییە، بەڵام كۆتربازەكان لە خەمی دوای ئەو شەڕەدان‌و دەیانەوێت داعش نەبێتەهۆی تێكدانی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان.

 

عیسا وتی"هەموو پێكهاتە ئاینی‌و نەتەوەییەكانی عێراق بەشداریمان كرد، چونكە پەیامەكەمان پەیامی پێكەوەژیانە‌و دەمانەوێت پەیامی ئاشتی بنێرین."

 

500 پێشبڕكێكار بەشداربوون كە خاوەندارێتی ئەو هەشت هەزار كۆترەیان دەكرد.

 

هەموو كۆترێكی بەشداربوو ژمارەیەكی تایبەت بەخۆی هەیە، لەو 23 یانەیەی بەشدارییان كردووە ئامێرێك دانراوە كە ساتی گەیشتنەوەی كۆترەكە دەستنیشاندەكات‌و لەو ڕێیەوە براوە دیاریدەكرێت.

 

بەڵام بۆ ڕەشید فەیزوڵا كە هێشتا نیگای بۆ ئاسمانە بۆ بینینی كۆترەكەی خۆی، گرنگ لەو پێشبڕكێیە پەیامەكەیەتی نەك براوە.