ئامێدی حەوت ساڵە چاوەڕێی نەخۆشخانەیە

01-08-2020 07:27
دانانی بەردی بناغەی نەخۆشخانەكە لە ئامێدی لە 2013دا لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت.

پەرەگراف

حەوت ساڵ لەمەوبەر بوو، نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەماندا بە دانانی بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەك مژدەی بە خەڵكی ئامێدی دا، لەوكاتەوە زۆر شت گۆڕا، بەڵام زەویی نەخۆشخانەكە هیچی لێ نەكرا و هەر بە تەختیی مایەوە.

شارۆچكەی ئامێدی، بەدەست نەبونی نەخۆشخانەیەكی گەورەو مودێرنەوە دەناڵێنێت، چەندین كەموكوڕی لە كەرتی تەندروستیدا هەیە، لەبەرئەوەی ناوچەیەكی شاخاوی دورە دەستیشە خەڵكەكەی ناتوانن بە ئاسانی بگەنە شارەكانی تر بۆ چارەسەری پزیشكی.

ئەو نەخۆشخانەیەی نێچیرڤان بارزانی بەردی بناغەكەی دانا، 100 قەرەوێڵەیی بوو.

"سەرۆكی حكومەت لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بناغەی ئەو نەخۆشخانەیەی لە شارەدیێ شێلادزێ و دێرەلۆك دانا، بەڵام تەنیا بەردی بناغەكەی ماوە، بە ئێستاشەوە دانیشتوانی هەردوو ناوچەكە كە زیاتر لە 100 هەزار كەسن حكومەت بە ڕەوای نابینێت نەخۆشخانەیەكیان هەبێت" حەمدی ئەحمەد وای وت.

حەمدی لە شیلادزێی سەر بە ئامێدی لە دهۆك نیشتەجێیە و بۆ پەرەگراف وتی، ئامێدی بە تەواوی فەرامۆشكراوە لە خزمەتگوزارییەكاندا، بە تایبەت كەرتی تەندروستی.

ئەوەش لەكاتێكدایە زۆربەی ناوچەكانی ئامێدی شوێنی گەشتیارین و ساڵانە سەدان هەزار كەس ڕوویان تێدەكەن.

"ئەگەر حكومەت بیانوی قەیرانی دارایی دەهێنێتەوە ڕاست نییە، چونكە پارە بۆ پڕۆژە و كۆمپانیاكانی خۆیان هەیە، ناكرێت ماوەی 29 ساڵە حكومەت نەتوانێت نەخۆشخانەیەكی گونجاو بۆ ئامێدی دروستبكات" بەوتەی حەمدی.

لەوكاتەوەی بەردی بناغەی نەخۆشخانەكەی ئامێدی دانرا، هەڵبژاردنێكی تر لە هەرێم كراوە و پۆستەكەی نێچیرڤان بارزانیش بووەتە سەرۆكی هەرێم، بەڵام پڕۆژەكە هەر نەكرا.

ئەو نەخۆشخانەو سەدان پڕۆژەی تر بە پاساوی قەیرانی دارایی لە كۆتایی 2013وە ڕاگیراون.

موسا كوردستانی، چالاكوانی مەدەنی لە شیلادزێ بۆ پەرەگراف وتی "پارتی دەسەڵاتداری ناوچەكەمان لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن چەندین بەڵێنی گەورە گەورە بە هاوڵاتیان دەدات، دەربارەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، بەڵام لە كرداردا هیچ جێبەجێناكات".

هاوڵاتییانی ئامێدی بۆ زۆربەی نەخۆشییەكان پێویستە ڕێگایەكی دور ببڕن تا دەگەنە نەخۆشخانەكانی ناوەندی پارێزگای دهۆك.

"‌نەك تەنیا كەرتی تەندروستی فەرامۆشكراوە،‌ خزمەتگوزاری تری وەك ڕێگاوبان، ئاو و كارەباش وێرانەن" موسا وای وت، پێشیوایە جیاوازی و جیاكاری هەیە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و پڕۆژە بۆ شار و ناوچەكانی كوردستان.

نزیكەی حەوت ساڵە هەرێم جگە لە قەیرانی دارایی لە ململانێشدایە لەگەڵ بەغداو ناگەنە ڕێككەوتن بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران.

نەجیب نەجیبە،‌ بەڕێوەبەری تەندروستی نەخۆشخانەی قەزای ئامێدی پێشتر بۆ‌ پەرەگراف وتی "لە 2013دا بەردی بناغەی نەخۆشخانەی 100 تەختی دانراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیراوەو كاتی دەستپێكردنەوەی نادیارە".

نەك پڕۆژەكان، حكومەت ناتوانێت موچەی تەواوەتی مانگانەی فەرمانبەرانیش بدات، بێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەر دیاربێت.

دلفین نێروەیی، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ‌ پەرەگراف وتی "پێنج پڕۆژەی گەورەی تەندروستی ڕاگیراون بەهۆی قەیرانی داراییەوە یان سەدا 30ی كارەكانیان تەواو كراوە".

لەو پڕۆژانەی ڕاگیراون لە 2013ـەوە نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی فریاكەوتنی دهۆك، نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی ئافرەتان و منداڵبون لە دهۆك، نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە ئامێدی و نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە بەردەڕەش.

نێروەیی وتی "هەرچەندە ئەو نەخۆشخانانە پێویستن، بەڵام تا قەیرانی دارایی لە هەرێم بەردەوام بێت پڕۆژەكان تەواو ناكرێن".

قەزای ئامێدی (بەدوری 85كم لە ناوەندی پارێزگای دهۆك) لە شارەدێكانی دێرەلوك، شێلادزێ، بامەڕنێ، سەرسەنگ و چەمانێ پێكهاتووە لەگەڵ نزیكەی 250 گوند.