مام هیدایەت جگەرەكێش نییە‌و 42 ساڵە پاكەتی جگەرە كۆدەكاتەوە

25-02-2017 09:21
هیدایەت كەریم (59 ساڵ)، ئاواتی ئەوەیە پاكەتە كۆكراوەكانی لەپێشانگایەكدا نمایشبكات. فۆتۆ: شڤان محەمەد.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

سێ‌ بەشی تەمەنی مام هیدایەت، لە شەقامەكانی شار‌و گەڕان بەدوای پاكەتی جگەرەدا تێپەڕی، بەبێ‌ ئەوەی لەژیانیدا تەنیا جگەرەیەكی كێشابێت.


ئەو هاوڵاتییەی شاری كەركوك، هیچ كاتێك ماندوو نەبووە لەو خولیایە‌و بەئێستاشەوە چاو بۆ ئەوە دەگێڕێت، پاكەتی جیاوازی جگەرە بدۆزێتەوە‌و لەماڵەكەیدا كۆیبكاتەوە.


خولیاكەی هیدایەت كەریم (59 ساڵ)، كۆكردنەوە‌و پاراستنی پاكەتی جگەرەیە، بەڵام بەدرێژایی تەمەنی وەكو خۆی دەڵێت جگەرەكێش نەبووە.

 

"لەتەمەنێكی بچوكدا بوم ئەو خولیایەم بۆ دروستبوو، یەكەم پاكەت كە كۆمكردەوە پاكەتێكی سەردەمی مەلیك غازی یەكێك لەفەرمانڕەواكانی عێراق بوو" مام هیدایەت بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

 

مام هیدایەت لەژووری پاكەتە كۆكراوەكاندا هێمای قەدەغەكردنی جگەرەكێشانی داناوە. فۆتۆ: شڤان محەمەد.

 

ماوەی 42 ساڵە مام هیدایەت لەو خولیایەی بەردەوامە، تائێستا دوو هەزار‌و 500 پاكەتی جۆراوجۆری كۆكردۆتەوە‌و لەماڵەكەی خۆیدا پاراستوویەتی، هێشتاش بەدوای ئەوەوەیە ئەگەر پاكەتێك جیاواز هەیە‌و لای ئەو نییە، بەدەستی بخات.

 

"هەندێك جۆری پاكەتم هەیە ئێستا كۆمپانیای بەرهەمهێنەرەكەشی نەماوە لەجیهاندا."

 

مام هیدایەت دەڵێت ئەو پاكەتانەی مێژووەكەیان زۆر كۆنە، بۆ ئەوەی نەفەوتێت بە تێپ بەرگی تێگرتووە، لەهەموو ڕوداوەكانیشدا نەیهێشتووە زیانیان پێبگات، بۆ نمونە لەكۆڕەوی 1991ی خەڵكی كەركوك لەژێرزەمیندا پاكەتەكانی حەشارداوە.

 

كاری سەرەكی ئەو هاوڵاتییە، وەستای سەقفی سانەوی‌و دیكۆراتە، بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەكی بۆ ئەو پاكەتانە خەرجنەكردووە‌و تەنیا خۆی دۆزیویەتیەوە، یان لەڕێی كەسە نزیكەكان‌و هاوڕێیانییەوە دەستیكەوتوون.

 

بەئێستاشەوە، ئەگەر پاكەتێكی بوێت بەتایبەت لەدەرەوەی وڵات، خزم‌و كەسانی نزیكی هاوكاری دەكەن لەدەستخستنیدا.

 

پاكە كۆكراوەكان جۆراوجۆرن‌و بەشێكیان مێژوویەكی زۆر كۆنیان هەیە. فۆتۆ: شڤان محەمەد.

 

مام هیدایەت خولیای دیكەشی هەیە وەكو خۆی دەڵێت "خولیای كۆكردنەوەی پارە‌و كەلوپەلی كۆنیشم هەیە."

 

پاكەتە كۆكراوەكان ئەوەندە زۆرن جێگایەكی زۆری لەماڵەكەیدا گرتووە، ئەوەش هەنێكجار ڕوبەڕوی كێشەی دەكاتەوە، "جارو بار لەگەڵ هاوسەرەكەم بەوهۆیەوە نەرمە شەڕێك دەكەین."

 

لەدەرەوەی ماڵەوەش كاتێك چاو بۆ پاكەتی جگەرە دەگێڕێت‌و كۆیدەكاتەوە، بەبێ‌ گرفت تێناپەڕێت، زۆركات سەرنجی هێزە ئەمنییەكان ڕادەكێشێت بۆ خۆی، بەڵام دوای لێپرسین‌و زانینی خولیاكەی، دەستبەرداری دەبن.


تەنیا ئاواتی مام هیدایەت، نیشاندانی خولیاكەیەتی بەخەڵكی تر، بۆیە داوایكرد هاوكاری بكرێت بۆ ئەوەی پێشانگایەك بكاتەوە‌و ئەو دوو هەزار‌و 500 پاكەتە جۆراوجۆرەی تێدا نمایشبكات.

 

لەكۆڕەوی 1991ی خەڵكی كەركوك پاكەتی جگەرەكانی لەژێرزەمیندا حەشاردا تا زیانیان پێنەگات.