مردنێك و دوو گۆڕ؛ مردوانی كۆرۆنا دەگوازرێنەوە بۆ گۆڕستانی ئاسایی

24-10-2020 07:25
لیژنەی ناشتنی تەرمی مردوانی كۆرۆنا لە سلێمانی لەكاتی بەخاكسپاردنی تەرمێك.

پەرەگراف- لاڤین مەحمود

مەرگی هونەرمەند عەتا چاوشین، دووجار لای میدیا حسێن هاوڕێ و هاوپیشەی قورس بوو، لەلایەك دابڕانی هەتاهەتایی لە 37 ساڵ هاوڕێیەتی پەرێشانی كردبوو، هاوكات ئازاری سەر دڵی قورستر دەبوو، كاتێك بە ئاسانی نەیدەتوانی بچێتەسەر گۆڕەكەی و یادی بكاتەوە.

چاوشین بە كۆرۆنا گیانی لەدەستدا، لە گۆڕستانێكی تایبەت بە مردوانی ئەو ڤایرۆسە لە سلێمانی بە خاكسپێردرا، بەلای میدیا حسێن و كەسوكارەكەیەوە قورس بوو دوا مەنزڵی گۆڕستانێكی بێ‌ ناز بێت.

دوای تێپەڕبوونی ماوەی شەرعی و تەندروستی، حەسرەتی دووەمی میدیا حسێن كۆتایی هات، "بە ھەوڵ و كۆششی ھەموو لایەك زیاتر برادەرەكانی دوای تەكلیفێكی زۆر لە وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوبەرایەتی ئاسایش و دواتر پارێزگاری سلێمانی، توانیمان تەرمی كاك عەتا لەو گۆڕستانە نادیارە بگوازینەوە بۆ گۆڕستانی سەیوان".

عەتا چاوشین ھونەرمەندی گۆرانیبێژ، دوای تووشبونی بە ڤایرۆسی كۆرۆناو مانەوەی چەند ڕۆژێك لە نەخۆشخانە، لە ٢٢ی حوزەیران لە تەمەنی 58 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.

لەو گۆڕستانەی عەتا چاوشین و دەیان تووشبووی كۆرۆنای تێدا نێژرا، مەراسیمی بەخاكسپاردن و سەردانی گۆڕی مردووەكان سنووردارە، میدیا حسێن بۆ پەرەگراف وتی "كەسێكی وەك كاك عەتا ھەرچی سەیرانگای كوردستانە لە گۆرانیەكانیدا بەرجەستەی كردووە، لە كۆتایدا بچێتە شوێنێكەوە بنێژرێت نە گۆڕستان بێت نە سقڵ و سەنگی ھەبێت، ئەمە كارەساتە".

عەتا چاوشین یەكەم قوربانیی كۆرۆنابوو كە ڕێگەدرا گۆڕەكەی هەڵبدرێتەوە، لە دوای ئەوە بەشێك لە كەسوكاری مردووەكان هەمان ڕێگەیان گرتەبەر، هەروەها گۆڕی مەلا ڕەشید پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی مەحوی كە یەكەم كەس بوو لەسەرەتای مانگی ئازاردا بەكۆرۆنا گیانی لەدەستدا، هەڵدرایەوەو گواسترایەوە بۆ گۆڕستانێكی دیكە.

گۆڕستانی تایبەت بە كۆرۆنا پاسەوانێكی بێ‌ چەكی هەیە، كۆمەڵێك نەمام نێژراون هەر هێندەی تەمەنی گۆڕەكانن، چەند تەنكییەكی ئاو دانراون بۆ ئاودانی نەمامەكان.

لەسەر كێلەكان ناوی مردوەكان و ڕێكەوتی مردنیان نوسراوە، زۆرینەیان بە تەمەنن لە ژن و پیاو، گۆڕستانەكە بێ‌ گەنجیش نییە، هەموو ئەوانەی لێرە ڕاكشاون بە یەك هۆكار مردوون ئەویش ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆڤید 19یە.

تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە 24/10/2020، لە هەرێمی كوردستان 68 هەزار و 44 كەس توشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 39 هەزار و 661 كەس چاكبونەتەوە و دوو هەزار و 289 توشبووش گیانیان لەدەستداوە.

تەنیا لە شاری سلێمانی گۆڕستانی تایبەت بە كۆرۆنا دانرا، ئەوەش بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەكان بوو، بۆ ڕێگری لە بڵاوبونەوەی زیاتری پەتاكە.

مردووەكان پێشتر لەلایەن لیژنەیەكەوە لەگۆڕسانێكی تایبەت بە كۆرۆنا نێژراون، بەڵام دواتر لەلایەن پارێزگاری سلێمانیەوە ڕەزامەندیی دراوە تەرمەكانیان بگوێزنەوە دوای ئەوەی كەسوكاریان داوایان كردووە.

خەبات ناجی، سەرپەرشتیاری گۆڕستانی كۆرۆنا لە سلێمانی، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، تا ئێستا ٤ تەرم گوازراونەتەوە، ئەوەشی بە "چاولێكەریی" ناوبرد.

"چونكە شوێنەكەی پاك و تەمیزەو قەبرێكی ڕێكوپێك و ھیچ عەیبێكی نیەو قەبری تری لە ژێردا نیە ئەو سەرقەبرانە سەر قەبرانی سلێمانییە، خۆ تەنیا هەر سەرقەبرانی كۆرۆنا نییە، كەسێك دەیگوازێتەوە یەكێكی تریش دەڵێت بۆ منیش نەیگوازمەوە ئەمە بۆتە ھۆكاری گواستنەوەی تەرمەكان" بەوتەی خەتاب ناجی.

وتیشی "ھیچ جیاوازییەك لە نێوان گۆڕەكان نیە تەنیا ئەم قەبرە دوو مەتر و نیو قوڵە، ئەگینا كەسوكاری بینیویەتی كە ناشتومانن كە فاتیحامان لەسەری خوێندووە خۆیان ھەموویان ئامادە بوون، بەڵام ئێمە ڕێگر نین كە وەزارەتی تەندروستی و پارێزگار ڕازیبوون ئێمەش ڕازیدەبین بە گواستنەوەیان".

بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ماوەی شەش مانگ سەرپەرشتی پڕۆسەی بە خاكسپاردنی مردوانی كۆرۆنای كرد، ھەم لەڕووی تەندروستی و ھەم لەڕووی شەرعی.

لە پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕینەوە، هەزار و 125 كەس مردون، تەنیا 210 بۆ 215یان لە گۆڕستانە تایبەتەكەدا بەخاكسپێردراون، ئێستا كەسوكاری مردوو بە هاوكاری هاووڵاتییان مردوەكان لە گۆڕستانی گشتیدا دەنێژن و تا ڕادەیەك كۆتایی بە بارە تایبەتەكە هێنراوە.

عەبدوڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی، بە پەرەگرافی وت "ھەتا ئێستا لەسەرتاسەری جیھان زانستە پزیشكییەكان نەگەیشتونەتە ئەوەی كۆرۆنا چۆنەو چۆن نیە، ئێمە لەسەر بڕیاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ناوەندی عێراق لەگەڵ (WHO)ڕێكەوتوین تاڕادەیەك ئاساییە بە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان دەتوانن تەرمەكان ڕادەستی كەسوكاریان بكەنەوە ئێمەش لەسەر ئەساسی ئەوە ڕادەستمان كردونەتەوە".

وتیشی "نزیكەی ٤ بۆ٥ كەس بە ڕەسمی داوای هەڵدانەوەی گۆڕیان كردووە، ئێمەش بە ئاگاداری پارێزگارو سەرۆكایەتی شارەوانی و ئاسایشی سلێمانی، پاش تێپەڕبوونی ٩٠ ڕۆژ لەڕووی پزیشكی و شەرعیشەوە ڕەزامەندیمان لەسەر داوە".

بۆ ئەم پرسە لە نێوان پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی و بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە سلێمانی گفتوگۆ كراوە، گەیشتونەتە ئەو بڕیارەی ھەركەسێك بە كۆرۆنا گیانی لە دەستداوە دوای ٩٠ ڕۆژ كەسوكاری ئازادە لەوەی تەرمەكەی ببەنە گۆڕستانێكی دیكە.

ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، بۆ پەرەگراف وتی "گۆڕستانە تایبەتەكە باشە و هیچ گرفتێكی نیە، تەنیا ئەوەیە كەسوكاری مردووەكان حەز دەكەن مردوەكەیان بەرنەوە زێدی خۆیان، ئێمەش مۆڵەتیان پێدەدەین".
ئەگەرچی گۆڕە هەڵدراوەكان لە پەنجەكانی دەست تێپەڕناكەن، بەڵام هەم لە ڕووی تەندروستی هەمیش لە ڕووی شەرعییەوە، ئەوكارە بەباش نازانرێت.

"لە كاتی زۆر پێویستدا نەبێت باش نیە، بۆ نمونە لەكاتێكدا لە شوێنێك بێت لافاو بیبات بەر ئاو بكەوێت یان ژێر ئاو بكەوێت یان جەنازەكە دەربكەوێت یاخود لە زەوییەكدا نێژرابێت زەوی خەڵك بێت یان داگیركرابێت، جێگەی كەسێك بێت بە ئەمانەت تیایدا ناشتبێتیان، یاخود كفن و دفن نەكرابێت و نەشۆردرابێت، یاخود لەمێژ نەبێت ئەسپەردە كرابێت لەم حاڵەتانەدا دەبێت" حەسەن موفتی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فتوای ھەرێمی كوردستان دیوە شەرعیەكەی بۆ پەرەگراف بەمشێوەیە ڕوونكردەوە.

وتیشی "لە حاڵەتی ئاساییدا خراپە و باش نیە گواستنەوەی، ئەگەر مەرجە شەرعیەكانی تێدا بێت و بەشێوازێكی مسوڵمانانەو ڕێكوپێك لە گۆڕستاندا بێت جیاوازی نێوان جێگاكان نیە و لەوكاتەدا دروست نیە گۆڕەكەی ھەڵبدرێتەوەو بگوازرێتەوە".

گواستنەوەی تەرمی مردوانی كۆرۆنا لە گۆڕستانی تایبەت بە كۆرۆنا بۆ جێگایەكی دیكە تەنیا لە شاری سلێمانییە، وەزارەتی تەندروستی نیگەرانە لە پڕۆسەكە و لە پەیوەندیدایە بۆ ڕێگریكردن.

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی تەندروستی ھەرێم، بە پەرەگرافی وت "ئیدارە سەربەخۆكان ئاگاداركراونەتەوە لەوەی شێوازێكی زۆر ناشرینە و لێكەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوە لەوانەیە ببێتە چاولێكەری، حاڵەتەكە زۆر كەمە لە ھەموو كوردستان نییە".

لە وەرگرتنەوەی تەرمی ئەوانەی بە كۆرۆنا دەمرن، پێشتر كارمەند و ستافی تەندروستی ئامادەیی ھەبووە و ڕێنمایی تەندروستی بۆ دەرچووە، ھەروەھا لە پزیشكی دادوەریش توێكاری كراوە.

حەوێزی دەڵێت، دەبێت ئیدارە سەربەخۆكان و پارێزگاكان بەرپرس بن و ھەموو شتێك بە وەزارەتی تەندروستی ناكرێت، "لە پەیوەندیداین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی كۆتایی بەم حاڵەتە بهێنرێت".

ئەگەرچی هێشتا زامی مەرگی عەتا چاوشین لای میدیا حسێن ساڕێژ نەبووە، بەڵام ئاسودەیە بەوەی لەگەڵ هاوڕێكانی توانیویانە بە دەستی خۆیان بیبەنە دوا مەنزڵی.

میدیا حسێن دەڵێت، 37 ساڵ لەگەڵ عەتا چاوشێن هاوڕێ بوون، ئەگەر نەگواسترایەتەوە بۆ گۆڕستانی سەیوان ئەستەم بوو‌ سوكنایی دڵی بێت.

لاڤین مەحمود، ئەم بنكۆڵكارییەی ئامادە كردووە لە چوارچێوەی خولێكی ڕاهێنانی چڕی ڕۆژنامەوانیی ماڵپەڕی پەرەگراف كە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پاڵپشتی دارایی كردووە.