ئازارەكانی هاجەر كۆتایی نایات، باوكی لەدەستداوەو چارەنووسی دایكیشی نادیارە

01-03-2017 02:58
گەیارە/ مانگی 2ی 2017، خێزانێكی ئاوارە پارێزگاری لە منداڵێكی تازە لەدایكبوو دەكەن، كە باوكی لەبۆردومانێكی داعشدا مردووەو دایكیشی برینداربووەو چارەنووسی نادیارە. فۆتۆ: پەیجی ڕەسمی IOM Iraq



پەرەگراف- كەركوك ناو

 

هاجەری تازە لەدایك بوو، بەهۆی بۆردومانێكی داعشەوە باوكی لەدەستداو دایكیشی سەرەڕای برینداربوونی چارەنووسی نادیارە، لەوكاتەی موشەكێك بەرماڵەكەیان كەوت لەبەری ڕاستی موسڵ.

 

بەهۆی موشەكەكەوە دەستبەجێ، باوك‌و دوو لە مامەكانی هاجەر لەخانووەكەی خۆیان لە گەڕەكی مەئمون لە موسڵ گیانیانلەدەستدا، دایكیشی بەسەختی برینداربوو.

 


ڕووداوەكە كاتێك ڕوویدا شەڕێكی سەخت لەو گەڕەكە دەستیپێكرد، هێزە ئەمنییەكانی عێراق پێشڕەوییان دەكردو داعش بەسەختی بەرگری دەكرد.

 


ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی بڵاویكردەوە كە كەسوكاری ئەو كچە تازە لەدایكبووە، چارەنوسی دایكی هاجەریان دوای بۆردومانەكە نەزانیوە، بەڵام دواتر بیستویانە كە سەربازانی عیراق بەبرینداری گواستویانەتەوە بۆ یەكێك لە نەخۆشانەكان.

 

زانییاری ئەوەشیان پێگەیشتووە كە دایكی هاجەر بەهۆی پارچەیەك كە بەر ملی كەوتووە بەسەختی بریندارە.

 

تاوەكو دواینیوەڕۆی دووشەممە 27-2، ئەو خێزانە هیچ زانیارییەكیان نەبووە، ئایا دایكی هاجەر لە ژیاندا ماوە یان بەهۆی سەختی برینەكەیەوە مردووە.

 

 

"باپیری هاجەر بەشوێن دایكی هاجەردا دەگەڕێت لەو نەخۆشخانانەی لە شوێنی فریاگوزارییەوە نزیكن"، ئەوەش بەپێی ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی.

 

تەنانەت بەچەند كاتژمێرێك بەرلە گەیشتنیان بۆ ناحیەی گەیارە كە شوێنی فریاگوزاری سەر بە رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی لێیە، كەسوكاری هاجەر، هیچ هەواڵێكیان لەسەر چارەنووسی دایكی هاجەر پێنەگەیشتووە.

 

ئەمە كۆتایی ئازارەكانی هاجەر نییە. بەڵكو هاجەر ماوەی چەند كاتژمێرێكی دوورو درێژە برسییەو لاوازە.

 

ئەو لە دۆخێكی زۆر خراپدایە، یەكێك لە كەسە نزیكەكانی هاجەر داوای هاوكاری لە كەسێكی تری ئاوارە كردووە لە گەیارە، بەناوی خەڵەف.

 

ئەو خێزانە بە خەڵەفیان وتووە "ئەگەر گرنگی بە هاجەر نەدەن دەمرێت، دەمانەوێت یارمەتیمان بدەن بۆ دەستكەوتنی شیر."

 

هاجەر تەمەنی یەك دوو مانگێكەو برسییەو دەگری.

 

خەڵەف بە بەرچاوی كارمەندانی ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتییەوە، منداڵەكەی برد بۆ ژێر خێمەكەی خۆیان‌و خێزانەكەی كە ناوی حەنانە بەخەبەرهێناو باسی دۆخی هاجەری بۆ كرد.

 

خەڵەف‌و حەنان ئاوارەی موسڵن، بەرلەچەند مانگێك منداڵێكی كچیان بووە بەناوی فاتمە.

 

ئازارەكانی هاجەر زیاتر بوون، كاتێك حەنان نەیتوانی شیر بە هاجەر بدات، ئەوەش بەهۆی ئەو دڵەڕاوكێیەی تووشی بووە، ڕاكردنیان لە موسڵ‌و شەڕی داعش وایكردووە شیری نەمێنێت.

 

بەڵام ئەو دوو هاوسەرە توانییان شیری قوتوو بۆ هاجەر پەیدابكەن‌و جلەكانی بۆ بگۆڕن‌و پارێزگاری لێبكەن.

 

حەنان كاتێك بە مەمە شیری بە هاجەر دەدا، بەزەردەخەنەیەكەوە وتی "ئەمە وەكو فاتیمەی كچم وایە."