چیرۆكی دەستگیراندارییەكەی قازی محەمەد لەزاری خوشكەزایەكییەوە

06-04-2017 02:53
قازی محەمەد لە 22-1-1946 كۆماری كوردستانی لەمەهاباد دامەزراند.

 

پەرەگراف

 

خوشكەزایەكی باسلە ژیانی كۆمەڵایەتیی پێشەوا قازی محەمەد دەكات‌و چیرۆكی دەستگیرانداریی پێشەوا دەگێڕێتەوەو دەڵێت، ماڵی باوكی دەستگیرانەكەی، لە داوایەكی قازی محەمەد بۆ بینینی دەستگیرانەكەی توڕە بوون‌و بەوهۆیەوە پڕۆسەكەیان هەڵوەشاندوەتەوە.

 

ڕابیعا خانمی ناهید، خوشكەزای قازی محەمەد، لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا باسلە كەسایەتیی قازی محەمەدو هەندێك ڕووداوی دەورانی كۆماری كوردستان دەكات لە مەهاباد، لە بارەی پڕۆسەیەكی دەستگیرانداریی قازی محەمەد، ڕابیعا خانم دەڵێت"دایكم‌و پوورە خەجیچ و پووری گەورەمان پوورە پیرۆزم كە گەورەی خانەوادەی قازی بوو. پیرۆزە خانم مەشهوور بوو، خوشكی مەڕحوومی قازیی عەلی بوو، بە سەوابدیدو بە نەزەری خۆیان هاوسەرێكیان بۆ پەیدا كردبوو كچی خاڵە گەنجاڵی بوو دەبێتە خاڵی دایكم‌و مامی بابم(واتە كچی خاڵی قازی محەمەدیش). ئەو خانمە نێوی مەرزە خانم‌و زۆر ژنێكی جوان دەبێ."

 

ڕابیعا خانمی ناهید كە دایكی بەناوی ئامینە دەكاتە خوشكی قازی محەمەد، دەشڵێت"دوایە هێندێك جلوبەرگ و شیرینی و ئەنگوستیلەی ئەڵماس بە دیاری بۆ ئەو خانمە دەنێرن. دوایە پێشەوا فەرموو بووی ئەمن پێم خۆشە جارێك ئەو خانمەی ببینم، ئێمە بەیەكەوە ژیان دەستپێدەكەین چۆنی نەبینم؟ هیوادارم ئیجازە بدەن جارێك بیبینم. بەڵام خاڵی بەو قسەیە ناڕەحەت دەبێ، دوای یەك دوو ڕۆژان هەرچی جلوبەرگ و شیرینی كە ناردرابوو دەنێرنەوە بۆ ماڵی قازیی عەلی و دەستیان لێ نادەن. جوان لە بیرمە بە ساڵان دواتر پارچەی كراسەكەیان بۆ من و خانمە خانم كرد بە كراس."

 

خوشکەکانی قازی محەمەد بەپێی تەمەنیان لە چەپەوە بۆ ڕاست؛ خەجیجە خانم، ئامینە خانم و فاتمە خانم.

 

قازی محەمەد كوڕی قازی عەلییەو لە بنەماڵەیەكی ناودارو خوێندەواردا پێگەیشتووە، قازی لە 22-1-1946 كۆماری كوردستانی لەمەهاباد دامەزراندو بووە یەكەم سەرۆك كۆماری كوردستان.

 

تەمەنی كۆماری كوردستان تەنها 11 مانگ بوو، دواتر پێشەوا قازی محەمەد وەك سەرچاوە مێژووییەكان دەڵێن بۆ ڕێگریی لە ڕشتنی خوێنی هاوڵاتیان لەلایەن ئێرانەوە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەكان كردو لە 30-3-1947 لەگەڵ هەریەكە لە محەمەد حوسێن خانی سەیفی قازی(ئامۆزای پێشەوا)و ئەبولقاسم سەدری قازی(برای پێشەوا) لە مەیدانی چوارچرا لە مەهاباد لەسێدارە دران.

 

ڕابیعا خانمی ناهید كە ڕۆژی لە سێدارەدانی قازی محەمەد لە سابڵاخ بووە، بەم جۆرە باسی ئەو ڕۆژە دەكات‌و دەڵێت"سبحەینێ كە هەستاین لە خەوێ دەنگە دەنگی خەڵكی دەهات. عالەمێكی زۆر ڕژابووە سەر خەیابان و كووچان. دەی ئەوە چ خەبەرە چ باسە؟ ئاغاكان ئێعدام كراون. هەستاین بچین بۆ مەیدانی (چوار چرا) یە. ئەمن نەمتوانی بچم. یانی هێزی ئەژنۆم نەبوو، نەمتوانی بچم و نەشم توانی بیانبینم. بەڵام خەڵكێكی بێ ئەندازە زۆر چووبوون بێ حەد و حیساب. بەڵام ڕاستی ئەمن بۆ خۆم فەتحی دڵم نەبوو بچم، بیانبینم بەو شكڵەی بە دارەوە. بەڵام، خەڵك زۆر چوون."

 

بەرپرسانی كۆماری كوردستان، قازی محەمەد لە ناوەڕاستدا دانیشتووە.

 

ڕابیعا خانمی ناهید باسلەوەشدەكات، قازی محەمەد كەسێكی زۆر باش بووەو هانی ئەوانیداوە بۆ خوێندن‌و بەشداریكردنیان لە كاروباری ڕۆژانەو پێشخستنی وڵات، "دەیگوت كۆمەكمان بكەن یا بە قەڵەم یا بە قەدەم. دەبێ دەرس بخوێنن، دەرسەكەتان ئیدامە بدەن. كورد دەبێ ئیستیقلالی هەبێ، كورد نابێ ژێر چەپۆكە بێ، ئێمەش بۆ خۆمان شارمان دەبێ، مەملەكەتمان دەبێ. هەمیشە قسەی ئاوای بە گوێچكەی ئێمە دا دەدا. هەمیشە ئەو قسانەی دەكرد. جوان لە بیرمە."

 

قازی محەمەد یەك ژنی هەبووە بەناوی میناو چەند منداڵێكیان هەبووە، كوڕێكی بەناوی عەلی ئێستا سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان(پاك)ەو لەشاری هەولێر دادەنیشێت.

 

خوشكەزاكەی قازی محەمەد ئەوەشدەگێڕێتەوە كە لەساڵی 1936 قازی محەمەد چەندین كەسی لە مردن ڕزگاركردووە بەهۆی دروست بوونی لافاوەوە، ئەوەش دەنگدانەوەی هەبووە لەو سەردەمەدا.

 

"سێڵاو(لافاو) لە مەهابادێ هاتبوو. خەڵك چاوەڕوان نەببوون. لە پێشدا بارانێكی كەم باری بوو دوایە ببووە سێڵاوێكی زۆر. ماڵێكی زۆر ئاو بردبوونی، جا كاكم بە سواری ئەسپی چوو بوو خەڵكێكی زۆری پاراستبوو. خەڵكێكی زۆری نەجات دا لە مردنێ. دەنا ئاو دەیبردن دەخنكان. كاكم (خاڵم- قازی محەمەد) زۆری زەحمەت كێشا بوو لەگەڵ خەڵكی ، كاری بۆ كردبوون، دەری هێنابوونەوە. بە ساڵان هەر خەڵك باسیان دەكرد." ڕابیعا خانمی ناهید وادەڵێت.