شەڕەتەقەی نێوان دوو بنەماڵە لە هەولێر دڵەڕاوكێ لای خەڵك دروستدەكات

18-04-2017 03:48

 

پەرەگراف

 

دوو بنەماڵە لە هەولێر بە هۆی كێشەیەكەوە شەڕ لەنێوانیان ڕوویداو بەهۆیەوە تەقەیەكی زۆر كرا، ئەوەش ترس‌و دڵەڕاوكێی لای دانیشتوانی ئەو شارە دروست كردووە.

 

درەنگانێكی شەوی ڕابردوو ئەو دوو بنەماڵەیە كە بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف هەردوولایان لە عەشیرەتی "خەیلانین" شەڕ لەنێوانیان ڕوویداو بە چەكی كڵاشینكۆف تەقەیەكی زۆریان لەیەكتر كرد لە گەڕەكی باداوەی هەولێر، پۆلیسیش دەڵێت، تەقەكان زیانی گیانییان نەبووەو دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.

 

تەقەكردنەكان بەڕادەیەك زۆربوون دانیشتوانی گەڕەكەكانی نزیك باداوەش ترسیان لێنیشتووە، دانیشتویەكی گەڕەكی 30ی شەهیدان كە دەكەوێتە بەرامبەر باداوە بە پەرەگرافی وت"تەقەكان زۆربوون، ئەو دوو بنەماڵەیەش یەكەمجاریان نییەو زوو زوو تەقە لەیەك دەكەن‌و حكومەت نەیتوانیوە كۆنتڕۆڵیان بكات، ماوەیەك لەمەوبەریش بەهەمانشێوە تەقەیان لەیەكتر كرد."

 

ئەو هاوڵاتییە كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، ئەوەی خستەڕوو خەڵكی ئەو گەڕەكانە زۆر نیگەرانن لەو ڕووداوە، وتی"منداڵێكی تەمەن 5 ساڵم هەیە، شەو كاتی تەقەكان لەخەو ڕاپەڕی‌و ترساو بەدایكی وت: دایە داعش هات؟ ئەمەش جێگەی نیگەرانییە."

 

ئەو هاوڵاتییە وتیشی"ئەو بنەماڵانە چەكدارن‌و حزبین، حساب بۆ حكومەت ناكەن‌و تەنها حساب بۆ بەرپرسانی باڵای پارتی دەكەن، دەبێت ئەوان تەداخول بكەن بۆئەوەی ئەوحاڵەتە دووبارە نەبێتەوە."

 

شایەتحاڵێكی دیكەی تەقەكان كە قسەی بۆ پەرەگراف كردو داوایكرد ناوی نەهێنرێت، نیگەرانیی خۆی پیشاندا لە"حساب بۆ یاسا نەكردن"و ئەو تەقە زۆرەی كراوە، وتی"زیاتر لە 200 فیشەكیان تەقاندووەو بەشێكیشیان گڕداربوون، ئەمە مایەی نیگەرانییەكی زۆرە لە ماوەی چەند دەقەیەكدا لەناو پایتەختدا كاری وابكرێت."

 

ئەو كەسانە كە داوایانكرد ناویان نەهێنرێت، هۆكارەكەیان بۆئەوە گەڕاندەوە كە حكومەت كۆنتڕۆڵی بەسەر ئەو كەسانەدا نییە كە تەقە دەكەن، ناوهێنانی ئەوانیش كێشەیان بۆدروست دەكات.

 

سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان، ئەوەدەخاتەڕوو بەهۆی پەكخستنی پەرلەمانەوە دوو ساڵە كاری لیژنەكان وەستاون‌و ئاگاداری تەقەكانی ئەمشەو نین، بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی نیگەرانیی خۆی پیشاندا لە دیاردەی تەقەكردن لە هەرێم‌و لاوازی ڕۆڵی حكومەت لە كۆنتڕۆڵكردنی.

 

ئەیوب عەبدوڵا، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش لە پەرلەمان بە پەرەگرافی وت"ئەو تەقەكردنانە ئاسایش‌و ئارامیی خەڵك تێكدەدات، بەشێك لەوانەی تەقە دەكەن چەكی فەرمیی‌و پێشمەرگەیان پێیە، بەشێكیشیان چەكی بێ مۆڵەت، تەقەكەرەكان بە ئارەزووی خۆیان تەقەدەكەن‌و زۆرجار ڕووداوی دڵتەزێنی لێكەوتووەتەوە."

 

پۆلیسی هەولێر دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووەو دەڵێت، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو كەسانە دەگرنەبەر كە شەوی ڕابردوو تەقەیان كردووە.

 

هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر خۆی پاراست لەوەی ناوی ئەو دوو بنەماڵەیە بهێنێت‌و بە پەرگرافی وت"ڕاستە تەقەیەكی زۆر كراوە، بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بووە، پۆلیس‌و ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنەكەو دەستكراوە بە لێكۆڵینەوەو كەسیش گیانی لەدەست نەداوەو تەنانەت برینداریش نەبووە لە ئەنجامی تەقەكان."

 

لەبارەی ئەوەی ئایا كەس دەستگیركراوە، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وتی"لێكۆڵینەوە بەردەوامەو ئەو كەسانەی تەقەیان كردووە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت."

 

دیمەنی بەشێك لە تەقەكانی شەوی ڕابردووی هەولێر.

 

لەهەرێمی كوردستان بەهۆی هەبوونی چەك لەدەستی خەڵكێكی زۆر، زۆرجار تەقەكردن لەناوچە جیاجیاكان ڕوودەدات، دیاردەكە بەجۆرێكە هەندێكجار بەهۆی ئەنجامی یاریی یانە ناودارەكانی جیهان، خەڵك لەهەرێمی كوردستان دەستدەكەن بە تەقەكردنی خۆشی‌و هەندێكجار شەڕ لە نێوان هاندەرانیش دروست دەبێت.

 

وتەبێژی پۆلسی هەولێر وتی"لەیاریی كلاسیكۆی ڕابردوو(نێوان بەرشەلۆنەو ڕیاڵ مەدرید) 10 كەسمان دەستگیركردووە."

 

هەرچەندە یاسایەك هەیە بۆ ڕێكخستنی چەك‌و مۆڵەت پێدان، بەڵام وەك سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش لە پەرلەمان باسیدەكات لەگەڵ ئەوەی یاساكە پێویستی بە پێداچوونەوەیە هاوكات وەكخۆی جێبەجێ ناكرێت، ئەوەش بە یەكێك لە كێشەكان ناو دەبات.

 

"بەپێی یاسا دەبێت تەنها وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی چەك هەڵگرتن بدات، بەڵام زۆرجار دامودەزگای دیكەش مۆڵەت دەدەن، خەڵك هەیە مۆڵەتی پێدراوە چەك هەڵگرێت بەبێ ئەوەی هیچ مەترسییەكی لەسەبێت‌و پێویستی بێت." ئەیوب عەبدوڵا وای وت.

 

لەبارەی ڕۆڵی حزب لەو ڕووداوانەو پشت بەستنی تەقەكەرەكان بە حزب‌و لاوازی ڕۆڵی حكومەت، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش ئەوەی خستەڕوو، واقیعی كوردستان بەجۆرێكە حزب باڵادەستەو پێویستە لەم ڕوەوە ڕۆڵێكی باش ببینێت.

 

"حكومەت خۆی چاوی لەدەستی حزبەو تەداخولی دەكات‌و پێشێلكاریی بەرامبەر دەكات، پێویستە حزبەكان ئەندامەكان هۆشیار بكەنەوەو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و دەسەڵاتی دادوەری بەهەمان شێوە ڕۆڵی خۆیان ببینن."