موسڵ؛ كاركردن لە ژێر تیغی داعش‌و چەكوشی خاوەنكاردا

01-05-2017 02:24
موسڵ، ڕۆژێك بەر لە یەكی ئایار، ژمارەیەك كرێكار سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی ناوچەی پیشەسازی كەرادەن كە تا چەند مانگێك لەمەوبەر بەدەست چەكدارانی داعشەوە بوو. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

هەرچەندە چەند مانگێكە كرێكارانی موسڵ ڕزگاریان بووە لەژێر هەڕەشەكانی داعش لەكاتی كاركردندا، بەڵام خاوەنكارانی شارەكە چەكوشی پێشێلكاریی بەرامبەریان بەكاردەهێنن.

 

نەبوونی دەرفەتی كار، ماهیر حەمید (40ساڵ)ی لە موسڵ ناچاركردووە، بێدەنگی بكات لە پێشێلكردنی مافەكانی لەلایەن خاوەنكارەوە، هیچ بەرنامەیەكی دیاریكراویشی نییە لە ڕۆژی جیهانی كرێكاراندا ئەو بێدەنگییەی بشكێنێت.

 

ماهیر حەمید بە (كەركوك ناو)ی وت"دەمانەوێت یاسایەك هەبێت مافەكانمان بپارێزێت بەتایبەت لەڕووی مادییەوە، چونكە ڕوبەڕوی فێڵ دەبینەوە لەلایەن خاوەنكارەوە… هەروەها كاری قورسمان پێدەكرێت‌و كەس نییە مافەكانمان بپارێزێت."

 

كاركردن لە سەردەمی داعش-دا

 

داعش لە نزیكەی سێ ساڵی حوكمڕانیدا لە موسڵ، پێشێلكاریی بەرامبەر كرێكاران دەكرد، ئەوەش بەوتەی ئەو كرێكارانەی بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان ناچاربوون هەموو جۆرە پێشێلكارییەك قبوڵبكەن.

 

ماهیر حەمید، ئەو ڕۆژانە دەگێڕێتەوەو دەڵێت"لە سەردەمی داعشدا وەكو كۆیلە وابووین، هیچ مافێكمان نەبوو جگە لە جێبەجێكردنی داواكارییەكیانی داعش."

 

وێنەكە زیاتر ڕووندەكاتەوە، "ژمارەیەك چەكداری داعش دەهاتن‌و داوایان دەكرد ئۆتۆمبێل‌و ئامێرەكانیان چاكبكەینەوە، دواتر پارەیان پێنەدەداین، ئەگەر داوای پارەمان بكردایە، تۆمەتی جۆراوجۆریان بۆ هەڵدەبەستین، بۆ ئەوەی داوای ماف نەكەین، هەندێكجار كار دەگەیشتە ئەوەی هەڕەشەی سەڕبرینیان لێدەكردین."

 

جەژنی كرێكارانی ئەمساڵی موسڵ، لەكاتێكدایە تەواوی بەری ڕاستی موسڵ‌و بەشێكی بەری چەپی شارەكە لەژێر دەستی داعش دەرهێنراوە، بەڵام هێشتا كرێكاران تەواوی مافەكانیان بەدەستنەهێناوەتەوە.

 

ئەوان قوربانییەكی دەستی ڕێكخراوی داعش بوون كە لە ناوەڕاستی 2014ەوە موسڵی بەدەستەوەیە.

 

عیرفان محەمەد، كە لە ناوچەی پیشەسازی كەرامە كاردەكات، وتی "داعش ئیستغلالی دەكردین‌و لە ژێر بەڵێن‌و هەڕەشەدا كارمان دەكرد، هەندێك كات هاوبەشی ئەو پارەیەش بوون كە وەرماندەگرت."

 

چەندین كرێكار لەكۆتایی ساڵی ڕابردووەوە تائێستا لە ناوچەی ڕوبەڕوبونەوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق‌و داعش كوژراون، عیرفان وتی"داعش بەزۆر كرێكارەكانی ناچار دەكرد لەو ناوچانە كاربكەن، ئەوانیش بەهۆی شەڕەوە دەكوژران."

 

موسڵ/30-4ی2017، كرێكاران بەناچاریی ئەو پێشێلكارییانە قبوڵدەكەن كە لەلایەن خاوەنكارەكانیانەوە دەكرێن. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

چەكوشی خاوەنكار

 

دۆخی كرێكاران دوای دەسەڵاتدارێتی داعش لە موسڵ باش نییە، خاوەنكارەكان بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ كرێكاردا ناكەن‌و لایەنی چاودێریش لاوازە.

 

عیرفان محەمەد، وتی"كەس گرنگیمان پێنادات، بوینەتە دروشم لە كاتی بۆنەكاندا بەرزدەكرێینەوە، بۆیە باوەڕمان بە كەس نییە."

 

عێراق چەندین یاساو ڕێنمایی باشی هەیە تایبەت بە مافەكانی كرێكاران، لەوانە یاسای ساڵی 2015، بەڵام یاساكان جێبەجێناكرێن، بەتایبەت لە شارێكی وەكو موسڵ كە هەموو چاوەكان لەسەر شەڕی داعشە.

 

عیرفان محەمەد وتیشی"یاساكان تائێستا مەرەكەبی سەر كاغەزن‌و جێبەجێناكرێن، سەرەڕای نەبوونی هۆشیاری كاركردن، كەس نییە بەرگریمان لێبكات‌و چاودێری خاوەنكار بكات."

 

عیرفان ڕۆژی واهەیە لە موسڵ 10 كاتژمێر كاری قورس دەكات، لەكاتێكدا بەپێی پێوەری جیهانی كاركردن بە گشتی 8 كاتژمێرە.

 

"كرێكاران بوونەتە قوربانی ئارەزووەكانی خاوەنكار‌و بەهۆی كەمی كارەوە بەتایبەت لە موسڵ، ناچارن بەكرێییەكی كەم‌و كاتێكی زیاتر كاربكەن كە هەندێك كات دەگاتە 10 كاتژمێر" عیرفان وای وت.

 

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، زیاتر لە هەشت ملیۆن كرێكار لە عێراقدا بە شێوەیەكی هەڕەمەكی كاردەكەن، واتە"بە كرێیەك كە هاوسەنگ نییە لەگەڵ ئەو كارەی دەیكەن‌و بەبێ چاودێریش"

 

ئاوەڕدانەوەی بەپەلە

 

خراپی دۆخی كرێكارانی موسڵ وای لە حسێن عەلی عەبود، سەرۆكی سەندیكای میكانیكی‌و چاپخانەكان‌و وزەو كانزاكانی نەینەوا كردووە لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە داوای دانیشتنێكی بە پەلەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌و سەرۆك وەزیران بكات.

 

"دەمانەوێت تاوتوێی دۆخی كرێكاران لە موسڵ‌و پارێزگاكانی تر بكرێت، لە پێناو بە دەستهێنانەوەی مافەكانی كرێكارانی موسڵ‌و عێراق بەگشتی."

 

شادەماری ئابووری پارێزگاكە ڕووخاوە

 

شاری پیشەسازی لە بەری چەپی موسڵ، بەهۆی شەڕەوە بووە بە وێرانە، لەكاتێكدا ئەو ناوچەیە بە شادەماری ئابووری كرێكارانی موسڵ ئەژماردەكرێت.

 

عەبود وتی"ئەو شارە پیشەسازییە شادەماری ژیانی ئابووری پارێزگاكەبوو، ئێستا بەتەواوی لەلایەن داعشەوە وێران كراوە، ئەمەش دوای ئەوەی داعش هەستاوە بە دزینی تەواوی ئامێرەكانی."

 

كرێكارەكانی موسڵ سەرەڕای مەینەتییەكانی سەردەمی داعش، داوای هیچیتر ناكەن جگە لە قەرەبووكردنەوەیان لەو ئامێرو ژێرخانەی لەو ناوچەیە وێران بووە، سەرۆكی سەندیكای میكانیكی‌و چاپخانەكان‌و وزەو كانزاكانی نەینەوا، وای وت.