پارێزەرێك‌و كوڕەكەی دوای كاتژمێرو نیوێك لە ڕفاندنیان بە 40 هەزار دۆلار ئازادكران

27-05-2017 04:43
ئۆتۆمبێلێكی بێ ژمارەی جامڕەش بە ئازادی بەناو شاری كەركوكدا دەسوڕێتەوە. فۆتۆ: ئەرشیفی كەركوك ناو.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

پۆلسی كەركوك ئاشكرایدەكات كە پاش كاتژمێرو نیوێك لە ڕفاندنی كوڕو باوكێك لە گەڕەكێكی شارەكە، لە بەرامبەر 40 هەزار دۆلار (4 دەفتەر دۆلار) ئازادكراون.

 

ڕووداوەكە بەوتەی عەقید ئەفراسیاو كامیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك كاتژمێر 3ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27-5 بووە، "كاتێك ژمارەیەك چەكداری نەناسراو هەڵدەكوتنە سەر ماڵی پارێزەرێك بە ناوی عەبدولكەریم ئەحمەد خورشید‌و خۆیی‌و كوڕەكەی لەماڵ دەبەنە دەرەوەو بۆ شوێنێكی نادیاریان دەبن."

 

ئەفراسیاو وتی "چەكدارەكان لەگەڵ خۆیاندا پارەو زێڕیشیان لە ماڵەكە بردووە"، بەڵام زانیاریی لەسەر بڕەكەی نەبوو.

 

دوای كاتژمێرو نیوێك لە ڕفاندنی ئەو كوڕو باوكە، چەكدارەكان لەڕێی تەلەفونەوە لەگەڵ خانەوادەی ئەو پارێزەرە ڕێكدەكەون‌و لە بەرامبەر بڕی 4 هەزار دۆلار ئازادیان دەكەن، هەر بە وتەی وتەبێژی پۆلیس.

 

چەكدارەكان چوار ئۆتۆمبێلیان پێبووە كاتێك چوونەتە سەر ماڵی ئەو پارێزەرە توركمانەو لە گەڕەكی عەدەن نزیك شاری یاری لە باشوری كەركوك.

 

لەسەرەتای ئەمساڵەوە، چەندین ڕوداوی كوشتن‌، ڕفاندن‌و دۆزینەوەی تەرم‌و دزیكردن لە كەركوك تۆماركراون، بە پێی ئاماری هێزە ئەمنییەكانیش، دەیان كەس بە تۆمەتی جیاواز دەستگیركراون، ئەوەش لەكاتێكدایە زیاد لە جارێك هەڵمەتی ماوەدرێژی ئەمنیی بۆ كەمكردنەوەی ڕوداوەكان ئەنجامدراون.

 

سێشەممەی ڕابردوو، فەرمانبەرێكی پەروەردەی كەركوك لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە تەقەی لێكراو كوژرا.

 

عەقید ئەفراساو كامیل، وتی"ئەو هاوڵاتییە فەرمانبەری پەروەردەی كەركوكە لە بەشی ئالیات."

 

هەر لەم مانگەداو لە 2-5، لە نزیك بازگەی یەكی حوزەیران لە باشووری كەركوك ژمارەیەك چەكداری نەناسراو تەقەیان لە محەمەد یونس، جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای گازی باكور كرد‌و بەهۆیەوە، ناوبراو لەگەڵ پاسەوانێكدا كوژران.

 

ڕووداوەكە لە كاتێكدابوو، ئەو بەرپرسە‌و پاسەوانەكەی لە یەك ئۆتۆمبێلدا بەڕێگاوەبوون بەرەو دەوام.

 

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە 9 – 5 لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایدەكات كە چەند كارمەندێكی پۆلیسی سلێمانی، كردەوەی كوشتنی محەمەد یونس، جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای غازی باكوریان "ئەنجامداوە"، بەڵام پۆلیسی سلێمانی ئەوەی ڕەتكردەوە.