پێكهاتەكانی كەركوك یارییەك كۆیاندەكاتەوەو ڕەمەزان لە"سین‌و زەرف" یەكتر دەبینن

04-06-2017 11:28
كەركوك، 2-6-2017، پێكهاتەكان شەوانی ڕەمەزان لەدەوری یاری سین‌و زەرف كۆدەبنەوە. فۆتۆ: سۆران محەمەد.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

هەموو شەوانێكی مانگی ڕەمەزان، یاری سین‌و زەرف دەبێتە كەرنەڤاڵی كەركوكییەكان‌و پێكهاتەكانی شارەكە، بەبێ‌ جیاوازی نەتەوەیی‌و لەگەڵ گۆرانییە ڕەسەنەكاندا، تا بانگی بەیانی بێدار دەبن.

 

یارییەكە، لە سینییەك‌و چەند زەرفێك (هاوشێوەی فنجان) پێكدێت‌و لە نێوان دوو گروپی چەند كەسیدا ئەنجامدەدرێت، هەرچەندە مێژووەكەی ڕوون نیە، بەڵام بۆچوونەكان وایە سەردەمی حوكمی عوسمانی گەیشتۆتە ناوچەكە، بە تایبەت كەركوك.

 

مستەفا چەتین، هاوڵاتیەكی توركمانی كەركوكە‌و بە (كەركوك ناو)ی وت "یاری سین‌و زەرف مێژوویەكی دور درێژی هەیە،.. شەوانە لە گەڕەكی موسەڵاوە دەچینە گەڕەكەكانی ڕەحیماوا‌و شۆریجە بۆ یاریكردن."

 

ئەو یارییە، دورەپەرێزی نێوان پێكهاتەكان‌و جیاكردنەوەی گەڕەك ناهێڵێت، زۆرجار لە شارەكانی دیكەی عێراق‌و هەرێمی كوردستانیشەوە خەڵك سەردانی كەسوكاریان دەكەن‌و شەوان دەچنە یاری سین‌و زەرف.

 

 

 

ڕزگار فایەق حەلاق، هاوڵاتیەكی كوردی گەڕەكی شۆریجەیە‌و بۆ (كەركوك ناو) باسی ساڵی هەشتاكانی سەدەی ڕابردووی كرد، كاتێك ئەو یارییە لە نێوان دوو گروپی كورد‌و توركمان ئەنجامدەدرا.

 

"شاری كەركوك لە شەوانی مانگی ڕەمەزان بە هەموو نەتەوەكانیەوە لە دەوری سین و زەرف كۆدەبنەوە"، ڕزگار وای وت.

 

لەگەڵ بەڕێوەچوونی یارییەكە، لە زۆربەی كافتریا‌و چاخانەكان، یان هۆڵی تایبەت خەڵك چا‌و چەرەسات‌و خواردنەوە سارد‌و گەرمەكانی تر دەخۆنەوە، ژمارەیەك دەنگخۆش بە گۆرانییە ڕەسەنەكانی كەركوك لە نێویان سەڵاح داودە‌و هابە، جۆشێكی تر بە دانیشتنەكە دەدەن.

 

عامر حوسێن، هاوڵاتیەكی عەرەبی كەركوكە‌و دەڵێت ئێستا ئەو یارییە موڵكی هەموو نەتەوەكانی شارەكەیە، هەر ئەوەش وایكردووە شەوان دوای بانگی ئێوارە تاوەكو پارشێو (بانگی بەیانی) بە قسەی خۆش‌و گۆرانییەوە یاری سین‌و زەرف بكەن.

 

ئەو هاوڵاتییە بە (كەركوك ناو)ی وت"پێكەوەژیانمان مێژووەكەی درێژترە لەم یارییە، بۆیە نەك تەنیا بۆ یاریكردن، بەڵكو دەمانەوێت هەمیشە بە برایەتی بژین."