خانەقین جیاوازە؛ سێ ئاین‌و سێ كاتی جیاوازی ڕۆژوگرتن

11-06-2017 05:03
خانەقین یەكێكە لە "ناوچەی جێناكۆك"، دانیشتوانەكەی لە عەرەب‌، كوردو توركمان، هەروەها كاكەیی‌و كریستیانی‌و هەردوو مەزهەبی شیعەو سونە پێكدێن. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

شیعە، سونەو كاكەیی، كە سێ پێكهاتەی ئاینی دێرینی قەزای خانەقینن، ڕۆژەكانی ڕۆژوگرتنیان لە مانگی ڕەمەزاندا جیاوازە، بەڵام ڕێز لە ئاینی یەكتر دەگرن‌و پێكەوە لە شارێكدا خودا دەپەرستن.

 

لەكاتێكدا سونە مەزهەبەكانی خانەقین 27-5یان كردە یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان‌و بەڕۆژوبون، شیعەكان لەسەر فەتوای مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق، ڕۆژی دواتریان بۆ یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاریكرد، هەرچی كاكەییەكانە بەپێی ئاینی یارسان لەو مانگەدا تەنیا سێ ڕۆژ بەڕۆژو دەبن.

 

محەمەد حسێن، لە پێكهاتەی ئایینی كاكەیی‌و دانیشتووی خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت"ئێمە سەرباری جیاوازی نێوانمان لەڕووی ئاینییەوە، بەڵام ڕێز لە بیروڕای یەكتری دەگرین."

 

پەیوەندی كۆمەڵایەتیی نێوان ئاینە جیاوازەكانی خانەقین بەهێزە، سەرەڕای ئەو ناكۆكییە مەزهەبی‌و تایەفەگەرییەی لە عێراق هەیە.

 

محەمەد وتی"هیچ لایەنێك ناتوانێت پەیوەندی كۆمەڵایەتی نێوانمان لاواز بكات، ئێمە پێكەوەدەژین‌و گرفتمان نییە، ڕێز لە بیروبۆچونە ئاینییەكانی یەكتریش دەگرین."

 

خانەقین یەكێكە لە"ناوچەی جێناكۆك"، لەنێوان حكومەتی بەغداو هەرێمی كوردستان‌و سەر بە پارێزگای دیالەیە لە خۆرهەڵاتی عێراق، دانیشتوانەكەی لە عەرەب‌، كوردو توركمان، هەروەها كاكەیی‌و كریستیانی‌و هەردوو مەزهەبی شیعەو سونە پێكدێن.

 

مامۆستا تەلعەت (45ساڵ) كە هاوڵاتییەكی شیعە مەزهەبی خانەقینە، وتی"سونە لە مزگەوت نوێژی خۆیان دەكەن‌و ئێمەش لە حوسەینییە، كەس كاری بەسەر كەسیترەوە نییە، ئێرە بۆتە شارێك بۆ پێكەوەژیانی ئاین‌و نەتەوە جیاوازەكان."

 

پێكهاتە ئاینییەكان شەوانی ڕەمەزان بە خواپەرستی لە شوێنە ئاینییەكانیان بەڕێدەكەن‌و تا درەنگانێكی شەو لە بازاڕو شوێنە گشتییەكان دەمێننەوە.

 

بەلای خەڵكەكەیەوە ئەوە نمونەیەكی جوانی پێكەوەژیان نیشاندەدات، لەكاتێكدا لە عێراق لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی داعش لە ناوەڕاستی 2014ەوە ناكۆكییە مەزهەبییەكان پەرەیانسەند.

 

ئەو گەنجانەی چوونەتە بواری سەربازییەوە لە خانەقین، بەشێكیان بوون بە پێشمەرگەو شەڕی داعش دەكەن، بەشێكیشیان لەڕیزەكان حەشدی شەعبی شیعی هەمان ڕۆڵدەبینن.

 

ئەبو سۆران هاوڵاتییەكی تەمەن 60 ساڵی سونەمەزهەبە، بە (كەركوك ناو)ی وت"ساڵانێكی زۆر بەرلە ئێستام بیردێت كە دانیشتووانی خانەقین بێگرفت ژیاون… خانەقینییەكان بێ‌ جیاوازی لە خۆشیی‌و ناخۆشییەكانی یەكتردا بەشدارن."

 

زانیار جەوهەر چالاكوانێكی كۆمەڵی مەدەنییە، پێیوایە جیاوازی گەورەی خانەقین لەگەڵ هەموو شارو شارۆچكەكانی تری عێراق لەوەدایە توانیویەتی باڵانس لەنێوان پێكهاتەكاندا ڕابگرێت‌و"ناكۆكی تایەفی‌و مەزهەبی كاریگەری لەسەر پێكەوەژیان لەشارەكە نەبووە."

 

لەدوای هێرشی داعش بۆ عێراق‌و كۆنتڕۆڵكردنی بەشێك لەو پارێزگایانەی كە سونە تێیدا باڵادەستە، ناكۆكییە مەزهەبییەكان لە عێراق پەرەیسەند، بەهۆی دروستبوونی گروپی جۆراوجۆری چەكداری سەر بەمەزهەبە جیاوازەكان.

 

زانیار جەوهەر بە(كەركوك ناو)ی وت "خانەقین هاوسنورە لەگەڵ ئێران كە وڵاتێكی شیعە مەزهەبە، هەروەها لەگەڵ ناوچە سونەنشینەكانیشدا بەهەمان شێوە، بۆیە گروپە توندڕەوەكان هەوڵی زۆریاندا بۆ زەقكردنەوەی جیاوازییە تایەفی‌و مەزهەبیەكان لەو شارە، بەڵام هەوڵەكان بێ‌ ئەنجام بوون."

 

وتیشی كە لەگەرمەی ناكۆكییە مەزهەبییەكانی ناوچەكانی تری عێراق"لە خانەقین شیعە مەزهەبەكان هاتوچۆی حوسەینییەو سونەكانیش هاتوچۆی مزگەوت دەكەن‌و كەسیش گرفتی لەگەڵ ئەویتر نییە."