پارێزگاری هەولێر: حەوت كەس بەهۆی ژەهراویبوونی ئاوارەكانەوە دەستگیركراون

13-06-2017 02:24
كەمپی خازر، 13-6-2017، بەهۆی خواردنەوە زیاتر لە 800 ئاوارەی موسڵ ژەهراویبوون كە زۆرینەیان ژن‌و منداڵن. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو.

  

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، دەستگیركردنی حەوت كەسی لە ڕێكخراوی عەین محتاجین‌و ئەو ڕێستۆرانتە ڕاگەیاند كە خواردنیان بۆ ئاوارەكانی كەمپی خازر ئامادەكردووەو بە هۆیەوە ژەهراویبوون.

 

شەوی ڕابردوو 12-6 زیاتر لە 800 كەس لە ئاوارەكانی كەمپی خازر ژەهراویبوون، دوای ئەوەی لەلایەن ڕێكخراوی عەین محتاجینەوە ژەمە خواردنی ئێوارەیان بۆ ئامادەكراو بەسەریاندا دابەشكرا.

 

 

هەرچەندە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 13-6 نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر‌و پێشتریش فەرمانگەی تەندروستی پارێزگاكە مردنی منداڵێكیان بەو هۆیەوە ڕاگەیاند، بەڵام دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ فەرمانگەی تەندروستی هەولێر ڕەتیكردەوە هیچ كەسێك گیانیلەدەستدابێت.

 

فەرمانگەی تەندروستی هەولێر لە ڕاگەینراوێكیدا جەختدەكاتەوە لەوەی "دوای ئەوەی لەسەرەتای ڕووداوەكە ڕاگەیەنرا كەوا منداڵێك گیانیلەدەستداوە، بەڵام دوای لێكۆلێنەوەی ورد لە دوێنی شەوەوە تا ئێستا بۆ ماندەركەوت كەوا ئەم منداڵە لەباری شۆك‌و پوكانەوەی تەواو دابووەو گەیەنراوەتە نەخۆشخانەو گیانیلەدەستنەداوە‌و تەندروستی گەڕاوەتەوە بۆ باری جێگیرترو هیچ حالەتێكی مردن نەبووە."

 

نەوزدا هادی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ كاتژمێر 10:30 ڕایگەیاند"بەشێكی زۆری ئەوانەی ژەهراویبوون منداڵبوون‌و دوای هەستكردن بەوەی ژەهراویبوون بە خێرایی گەیەنرانە نەخۆشخانەكانی هەولێرو توانرا كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكرێت، كە 825 حاڵەت بوو."

 

وتیشی"لیژنەی لێكۆڵینەوە دەستبەكاربووە، ئەوەی تائێستا ڕوونە ئەوەیە ڕێكخراوەكە داوای لە ڕێستۆرانتێك كردووە كە خواردن بۆ 2000 كەس ئامادەبكەن، ئەوانیش كاتژمێر چواری بەیانی دووشەممە 12-6 دەستبەكاربوون‌و كاتژمێر 9 خواردنەكە ئامادەبووە، دواتر كاتژمێر یەك بەرەو كەمپەكان بەڕێكراوە، بۆ ئەوەی فریای خواردنی ئێوارە بكەوێت."

 

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەوە هۆكاری ژەهراویبوونەكە بووە، نەوزاد هادی دەڵێت جارێ نازانن ئایا ئەوە هۆكار بووە، یان ڕێستۆرانەتەكە خواردنی ماوەبەسەرچووی لێناوە، لێكۆڵینەوەكان هۆكارەكەی دەردەخەن.

 

خواردنەكە پێكهاتبوو لە مریشك، برنج‌و فاسۆلیا، بۆ 2000 ئاوارەی كەمپی خازر ئامادەكرابوو.

 

نەوزاد هادی وتی"ڕێنمایی ئێمە ئەوەیە خواردنی ئامادەكراو نەچێتە كەمپەكان، بۆ ئەوەی خواردنی سەلامەت بدرێت بە ئاوارەكان."

 

زیاتر وتی"حەوت كەس لە ڕێكخراوەكەو ڕێستۆرانەتەكە دەستگیركراون‌و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت."

 

شەوی ڕابردوو، ڕزگار عوبێد، بەڕێوەبەری كەمپی خازر، ڕایگەیاند"دوای بەربانگ بە نیو كاتژمێر بەشێكی زۆر لە ئاوارەكان تووشی ڕشانەوەو سكچوون بوون‌و حاڵیان خراپ بوو، بۆیە بە پەلە دەستكرا بە گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەی خۆرئاوای هەولێر."

 

كەمپی خازر، لە خۆرئاوای هەولێر، ئاوارەكانی شاری موسڵ لە خۆدەگرێت یەكێكە لە گەورەترین كەمپی ئاوارەكان لەعێراق‌و لەلایەن ڕێكخراوی خێرخوازی بارزانییەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

 

ڕزگار عوبێد وتی"وەسڵی خواردنگەكە لای ڕێكخراوی بارزانییە، لە ئێستاشدا لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهێندراوە لە هۆكاری ژەهراویبوونی خواردنەكە، بۆیە هێشتا زووە پەنجەی تۆمەت بخەینە سەر خواردنگەكە یان ڕێكخراوەكە، چاوەڕوانی ئەنجامی كۆتایی لیژنەی لێكۆڵینەوەین."