ئەمەریكا: بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كڕیارانی لەشفرۆشە ئێرانییەكانن

29-06-2017 11:44
"كچە ئێرانییەكان لەتەمەنی 13 بۆ 17 ساڵ لەلایەن قاچاخچییەكانەوە بەكاردەهێنرێن‌و دەبرێنە دەرەوە"

 

پەرەگراف

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاشكرایدەكات كچانی ئێرانی لەلایەن ئەو گروپانەی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە دەكەن دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان بۆ كاری لەشفرۆشی‌و بەرپرسانی حكومەتی هەرێم لەناو كڕیاراندان.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕاپۆرتی ساڵانەی لەبارەی قاچاخچێتی‌و بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە بڵاوكردەوەو لە بەشێكیدا باسلە بازرگانیكردن‌و كاری لەشفرۆشی بە كچ‌و ژنانی ئێرانی دەكات لە هەرێمی كوردستان.

 

لە ڕاپۆرتەكەدا كە بۆ ساڵی 2016 ئامادەكراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئەوەی خستوەتەڕوو، لە 5 ساڵی ڕابردوودا ئێران خۆی بووە بەسەرچاوەیەك‌و شوێنی تێپەڕینی ئەو ژن‌و پیاو و منداڵانەی قاچاخچێتییان پێوەكراوە بۆ كاری سێكسی یاخود كاری زۆرەملێ.

 

بەپێی ڕاپۆرتەكە، گروپە ڕێكخراوەكان، ژن‌و كچ‌و كوڕی ئێرانییان بۆ سێكس بە قاچاخ بردووەتە وڵاتانی ئەفغانستان، پاكستان، ئیمارات‌و هەرێمی كوردستان‌و ئەوروپا، ژمارەیەك لە ژنە ئێرانییەكان كە بەدوای كاردا دەگەڕێن بۆ هاوكاریكردنی خێزانەكانیان لە وڵاتەكانی خۆیان، لاواز دەبن‌و بۆكاری سێكسی بەكاردەهێنرێن.

 

"كچە ئێرانییەكان لەتەمەنی 13 بۆ 17 ساڵ لەلایەن قاچاخچییەكانەوە بەكاردەهێنرێن‌و دەبرێنە دەرەوە، كچە گەنجەكان لە ماڵاندا كاریان پێدەكرێت تائەوكاتەی گەورە دەبن‌و بۆ كاری سێكسی بەكاریان دەهێنن" وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا وادەڵێت.

 

هەربەپێی ڕاپۆرتەكە، لە 2016 ڕاپۆرتی زۆر هەبووە ئەوەیان خسوەتەڕوو كە ژمارەی ئەو ژنە ئێرانییانەی بۆ كاری لەشفرۆشی بەكارهێنراون لە دوبەی زیادیان كردووەو ڕەنگە ژمارەیەك لەوانە قوربانیی قاچاخچێتی پێوەكردن بن‌و بەزۆر ئەوكارەیان پێبكرێت، هەروەها لە 2009 بۆ 2013 گواستنەوەی كچان بە ئێرانداو لەناوخۆی ئێرانەوە بۆ وڵاتانی خلیج بۆ كاری سێكسی زیادی كردووە.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەشڵێت"كچە ئێرانییەكان بەكارهێنراون بۆ كاری سێكسی لە شوێنەكانی لەشفرۆشی لە هەرێمی كوردستانی عێراق بە تایبەت شاری سلێمانی، لەچەند حاڵەتێكدا بردنی ئەو كچانە لەلایەن گروپە ئێرانییەكانەوە كە كاری قاچاخچێتی دەكەن ڕێكخراوە. لە 2015 میدیاكان بڵاویانكردوەتەوە كە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەسانێك بوون لەو داواكارانەی ڕۆیشتوون بۆ شوێنەكانی لەشفرۆشی."

 

لەبەرامبەر ڕاپۆرتەكەی ئەمەریكا‌و تۆمەتباركردنی ئێران لە ڕەچاونەكردنی مافەكانی مرۆڤ‌و ڕێگریی نەكردن لە قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامیدایەوەو هێرشی كردەسەر ئەمەریكا.

 

بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕاپۆرتەكەی ئەمەریكای ڕەتكردەوە، وتی"دەوڵەتی ئەمریكا شەرعیەتی پێویستی نییە بۆ ئەوەی وەها ڕاپۆرتگەلێك سەبارەت بەوڵاتانی دیكە ئاڕاستە بكات" وتەبیژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی"تاوانەكانی بێ بنەمای ئەمریكا دژی ئێران لە حالێكدایە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەگوێرەی بنەماو ڕاسپاردە ئیسلامییەكان، یەكێك لە پێشكەوتووترین یاسا بنەڕەتی‌و دیاریكراوەكانی هەیە لەبواری پشتگیری لە مەزنایەتی ئینسان."

 

قاسمی ئەوەشی خستەڕوو، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕوانی ئەوەدەكات ئەنجامدەرانی ئەو سیاسەتانە بناسێنرێن كە بەكردەوە دژە مرۆییەكانیان بوونەتەهۆی پەرەسەندنی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە، وتیشی"لەم پێوەندییەدا، بەرپرسیاریەتی دەوڵەتی ئەمەریكا بابەتێكی ڕوونەو واشنتن نابێ‌و ناشتوانێ بە چەواشەكاری لەم پرسە گرنگەو بوختانی بێ بنەماو بناغە بۆ وڵاتانی دیكە، بەرپرسیاریەتی خۆی لەم بوارەدا لەبیربباتەوە."