تەنها لە مانگی ڕابردوودا 22 حاڵەتی كوشتن‌و خۆكوشتن بەچەك لە هەرێم تۆماركراوە

03-07-2017 04:17

 

پەرەگراف

 

دیاردەی چەكداریی بێ مۆڵەت‌و بونی چەك لە ماڵاندا لە دیارترین ئەو هۆكارانەن كە بونەتە هۆی زیادبونی تاوان، بەجۆرێك تەنها لە مانگی ڕابردوودا 22 حاڵەتی كوشتن‌و خۆكوشتن‌و 2 حاڵەتی برینداركردن بە چەك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون.

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ئاماری كوشتن‌و خۆكوشتن‌و ئەشكەنجەدان‌و جۆرەكانی دیكەی ئەو تاوانانەی لە مانگی ڕابردودا ڕویانداوە بڵاوكردەوە.

 

بەپێی ئامارەكە زۆرترین حاڵەتی كوشتن‌و خۆكوشتن لە ڕێگەی چەكەوە بووە كە 22 حاڵەت بوون هەروەها 2 حاڵەتی برینداركردن هەر لەڕێگەی چەكەوە هەبووە، وەك دەستەكە دەڵێت"ئەوە جێگەی سەرنجە لەماوەی یەك ساڵی ڕابردوو تا ئەمڕۆ بەردەوام چەند بابەتێك بونەتە هۆی زیادبونی تاوانەكان ئەوانیش (بونی دیاردەی چەكداری بێ مۆڵەت‌و بونی چەك لەماڵان، وە قەیرانی دارایی‌و كێشە كۆمەڵایەتیەكان)."

 

دەستەی مافی مرۆڤ ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەوەی لەو مانگەدا تێبینییان كردووە لە جۆرو هۆكارەكانی تاوانەكان، بریتی بوە لە زیندو كردنەوەی كێشە كۆمەڵایەتیەكانی ساڵانی ڕابردوو، كە ئەوكات لە ڕێگەی سوڵحەوە دوور لە دادگا چارەسەركراون ئەوەش نەبۆتە هۆی كۆتایی هاتنی تەواوی كێشەكان‌و یەكلا نەكراونەتەوەو زۆرجار مافی مافخوراو وەرنەگیراوەتەوەو تاوانباریش نەدراوەتە دادگا.

 

دەستەكە تەئكید لە چارەسەری كێشەكان لە ڕێگەی دادگاوە دەكات‌و داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات پێداچوونەوەبكات بە چارەسەری قەیرانی دارایی، لە پەیامێكی تایبەتیشدا بۆ هاوڵاتیان بە پێویستی دەزانێت خۆیان بەدوور بگرن لە بەكارهێنانی چەك‌و هەڵگرتنی لە ماڵان‌و دیوەخانەكاندا، چونكە دەبێتە مایەی مەترسی بۆسەر ژیانیان.

 

بەهۆی هەبوونی چەك لەدەستی خەڵكێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان، زۆرجار تەقەكردن لەناوچە جیاجیاكان ڕوودەدات، بەجۆرێك هەندێكجار بەهۆی ئەنجامی یاریی یانە ناودارەكانی جیهان، خەڵك دەستدەكەن بە تەقەكردنی خۆشی‌و هەندێكجار شەڕ لە نێوان هاندەرانیش دروست دەبێت، وەك ئەوەی شەوی 23-4-2017 لە هەولێر ڕوویدا دوای كۆتایی هاتنی یاریی كلاسیكۆی نێوان هەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید‌و بەرشەلۆنەی ئیسپانی.

 

لەو شەوەدا تەقەیەكی زۆر لە هەولێر كراو دواتر پۆلیس ڕایگەیاند، زیاتر لە 130 كەسیان دەستگیركردوەو لەو شەوەدا چەكی قورس بەكارهێنراوەو بە دۆشكەو بیكەیسی تەقە كراوە.

 

هەبوونی چەكێكی زۆر لەماڵانداو حزبی بوونی كەسانی چەكدار، وایكردووە لە كێشە كۆمەڵایەتییەكانیشدا پەنا بۆ چەك ببرێت، لە ڕێكەوتی 18-4-2017 دوو بنەماڵە لە شاری هەولێر بە هۆی كێشەیەكەوە شەڕ لەنێوانیان ڕوویداو بەهۆیەوە تەقەیەكی زۆر كرا، ئەوەش ترس‌و دڵەڕاوكێی لای دانیشتوانی ئەو شارە دروست كرد.

 

هەرچەندە یاسایەك هەیە بۆ ڕێكخستنی چەك‌و مۆڵەت پێدان، بەڵام وەك سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان باسیدەكات لەگەڵ ئەوەی یاساكە پێویستی بە پێداچوونەوەیە هاوكات وەكخۆی جێبەجێ ناكرێت، ئەوەش بە یەكێك لە كێشەكان ناو دەبات.

 

"بەپێی یاسا دەبێت تەنها وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی چەك هەڵگرتن بدات، بەڵام زۆرجار دامودەزگای دیكەش مۆڵەت دەدەن، خەڵك هەیە مۆڵەتی پێدراوە چەك هەڵگرێت بەبێ ئەوەی هیچ مەترسییەكی لەسەربێت‌و پێویستی بێت" ئەیوب عەبدوڵا سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش لە پەرلەمان پێشتر بۆ پەرەگراف وای وت.

 

لەبارەی ڕۆڵی حزب لەو ڕووداوانەو پشت بەستنی تەقەكەرەكان بە حزب‌و لاوازی ڕۆڵی حكومەت، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش ئەوەی خستەڕوو، واقیعی كوردستان بەجۆرێكە حزب باڵادەستەو پێویستە لەم ڕوەوە ڕۆڵێكی باش ببینێت.

 

ئەیوب عەبدوڵا وتیشی"حكومەت خۆی چاوی لەدەستی حزبەو تەداخولی دەكات‌و پێشێلكاریی بەرامبەر دەكات، پێویستە حزبەكان ئەندامەكان هۆشیار بكەنەوەو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و دەسەڵاتی دادوەری بەهەمان شێوە ڕۆڵی خۆیان ببینن."

 

ئامارەكانی دەستەی مافی مرۆڤ بۆ مانگی ڕابردوو