"بە قۆپیيە داهاتوو دەكڕم"

12-07-2017 06:08
كەركوك، 2016، هۆڵێكی تاقیكردنەوەكان، كچە خوێندكارەكان داوادەكەن پەروەردە چارەسەرێك بۆ گرفتی قۆپییەكردن بدۆزێتەوە. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

كەیوان قادر، دوو هێدفۆنی وایەرلێسی بە 450 هەزار دینار كڕی‌و ڕۆژی تاقیكردنەوەكان یەكێكیانی دایەدەست هاوڕێیەكی‌و ئەوەی دیكەی خستەنێو پێڵاوەكەیەوەو بە دڵەڕاوكێوە بەرەو هۆڵی تاقیكردنەوەكان بەڕێ كەوت. كەیوان هاوشێوەی چەندین قوتابی تر دەیەوێت قۆپییە بكات‌و پەروەردەش هۆشیاری دەدات لە دەرئەنجامی ئەو كارە نایاساییە.

 

لە بەردەم هۆڵی تاقیكردنەوە، مامۆستاكان دەستیانكرد بە پشكنین، گیرفان‌و كەمەری هەموو خوێندكارەكان لەوانەش كەیوان-یان سەیركرد، بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، كەیوان چووە ژوورەوەو لەسەر كورسیی تاقیكردنەوە دانیشت، پرسیارەكانی وەرگرت و چاوەڕێی هاوڕێیەكەی دەكرد لە دەرەوەی هۆڵەكە تا وەڵامەكانی بەو تەكەنەلۆژیایە بۆ بگوازێتەوە.

 

هێدفۆنی وایەرلێس هەمان قەبارەی ئامێری لاسلكی پۆلیسی هەیەو دوو دانەیە، كەیوان دانەیەكیانی لەناو پێڵاوەكانیدا شاردبوەوەو وتی، "بۆ ئەوەی كەس نەیدۆزێتەوە، لەڕێی هێدفۆنێكی بچوكەوە گوێم لە هاوڕێكەم دەگرت كە لە دەرەوە بە ئامێرەكەی تر وەڵامەكانی بۆ ڕەوانە دەكردم."

 

ئەوانەی لە دەرەوە وەڵامی پرسیارەكان بە هاوڕێیەكانیان دەدەن، دەبێت پرسیارەكانی تاقیكردنەوە بزانن، بۆ ئەوەش چاوەڕێی دەرچوونی یەكەم قوتابی دەكەن لە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە تا پرسیارەكانیان لێوەربگرن و قۆپییەكردنەكە دەستپێبكات.

 

 

كەركوك، تەموزی 2017، نمونەیەكی قۆپیەكردن لەلایەن بەشێك لە خوێندكارانی شەشەمی ئامادەیی لە كەركوك. فۆتۆ: دیار تاڵیب.

 

كەیوان قادر، ئەو قۆپیەیەی لە تاقیكردنەوەی وانەی كوردییدا كرد كە لە 2-7 ئەنجامدرا، "دەمەوێت داهاتوویەكی باش بنیادبنێم و پرسیارەكانیش ئاسان نین، بۆیە قۆپییەدەكەم كە 450 هەزاری تێچووە."

 

بەشێك لە قوتابیانی شەشەمی ئامادەیی لە كەركوك، كە لە ئێستادا سەرقاڵی تاقیكردنەوەكانی بەكالۆرین، پەنا بۆ قۆپییەكردن دەبەن بۆ بە دەستهێنانی نمرەی بەرز، ئەوەش لە پێناو وەرگرتنیان لەو كۆلێژانەی نمرەی بەرزیان دەوێت، لەوانە كۆلێژی پزیشكی، ئەندازیاریی و زمانی ئینگلیزی.

 

هیوا كەركوكی، كە لە پۆلی شەشەمی وێژەییەو براگەورەی ماڵە بە (كەركوك ناو)ی وت "باوكم كۆچی دوایی كردووە، ئیشدەكەم و بواری خوێندنم بۆ نەماوەتەوە، بۆیە قۆپییە دەكەم و دەمەوێت نمرەی بەرز بەدەستبهێنم."

 

هیواو كەیوان‌و ئەوانەشی وەك ئەوان قۆپییەدەكەن هەر پاساوێكیان هەبێت، كارەكەیان نایاساییە. چونكە بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردە كە (كەركوك ناو) لە پەروەردەی كەركوكی وەرگرتووە، لەكاتی قۆپییەكردن‌و ئاشكرابونی قوتابییەكە، ساڵێكی خوێندنی دەفەوتێت.

 

ژمارەیەكی زۆر لە خوێندكاران بەوانەشەوە كە قۆپییە دەكەن، زانیارییان لەسەر ئەو سزایە هەیە، لەوانە هیوا كە مۆبایلەكەی بە پشتێنەكەیەوە بەستبووەوەو لەڕێی هێدفۆنێكی بچووكەوە گوێی لە هاوڕێكەی دەگرت.

 

هاوكات، قۆپییەكردن ئەو خوێندكارانە نیگەران دەكات كە دەیانەوێت بە هەوڵ‌و ماندوبوونی خۆیان نمرە بهێنن.

 

هەوری محەمەد كچە خوێندكارێكە كە بەشداریی لە تاقیكردنەوەكان دەكات، وتی "بەڕاستی هەستێكی زۆر ناخۆشە كاتێك من تا بەیانی دەخوێنم‌و ڕەنج دەكێشم، تا نمرەی باش بهێنم، بەڵام لە تەنیشتمدا كەسێك ناخوێنێت‌و ڕەنج ناكێشێت، بە قۆپییە نمرەی وەكو من یان زیاتر دەهێنێت."

 

هەوری دەڵێت ئەوە نابێت قبوڵبكرێت‌و داوای چارەسەر دەكات لە لێپرسراوانی پەروەردە.

 

تاقیكردنەوەكان، فرۆشی هێدفۆنی وایەرلێسیان گەرمكردووە.

 

 

كەركوك، تەموزی 2017، نمونەیەكی قۆپیەكردن لەلایەن بەشێك لە خوێندكارانی شەشەمی ئامادەیی لە كەركوك. فۆتۆ: دیار تاڵیب.

 

یەكێك لە فرۆشیارەكان كە لەترسی لێپێچینەوە بە باشی نەزانی ناوی بنووسرێت بە (كەركوك ناو)ی وت "خوێندكارێكی زۆر دێنەلام و داوای ئەو ئامێرانە دەكەن كە قۆپییەی پێدەكرێت.. ئێستا بازاڕم باشترە لە كاتی پێش تاقیكردنەوەكان."

 

ئەو هێدفۆنی وایەرلێسیانەی بۆ قۆپییەكرن بەكاردێن جۆراوجۆرن، هەرزانترینیان بە (مۆبایل و مەمەی هێدفۆن) دەناسرێتەوەو پێكهاتووە لە مۆبایلێك و بەستراوەتەوە بە مەمەی سەماعەی گوێ‌و نرخی نزیكەی 150 هەزار دینارە.

 

ڤیزاكارد، ئامێرێكی بچوكەو بێ وایەرە، بەهۆی بلوتوزەوە ئیشدەكات و قوتابیان بۆ قۆپییەكردن بەكاریدەهێنن، كە نرخەكەی لە نێوان 200 بۆ 270 هەزار دیناردایە.

 

لای ئەو فرۆشیارەی بۆ (كەركوك ناو) قسەیكرد، جۆرە هێدفۆنێكی وایەرلێسی بچووك دروستدەكرێت كە ئامێری نەهێشتنی پەیوەندی كاری لێنكات.
(كەركوك ناو) نەیتوانی هیچ ئامارێك لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك وەربگرێت، دەربارەی ئەو قوتابیانەی ئەمساڵی خوێندن (2016-2017) لە كاتی قۆپییەدا گیراون.

 

باسم عەلائەدین، بەڕێوەبەری هۆڵێكی تاقیكردنەوەكانە لە كەركوك، وتی"لەڕووی یاساییەوە بەهەموو شێوەیەك بەستنی هێدفۆن قەدەغەیەو دوورە لە بەهاو ئێتیكی قوتابی و هەر قوتابییەكیش پێی بگیرێت ئەو ساڵەی بە كەوتوو بۆ ئەژماردەكرێت."

 

لێپرسراوانی پەروەردە ڕایانگەیاندووە كە ڕێوشێنی توندیان گرتۆتەبەر بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، باشترین ڕێگەش كە لە ئێستادا كاری پێدەكرێت پشكنینی وردی خوێندكاران و دانانی ئامێری نەهێشتنی تۆڕی پەیوەندییەكانە لەنێو هۆڵەكاندا.

 

ئاری غالب، كە خوێندكارێكی شەشەمی زانستی-یە وتی "من دەمەوێت بە ماندووبونی خۆم دەرچم و بچمە كۆلێژ، كاری ساختەو قۆپییە دڵخۆشم ناكات."

 

تێبینی: ناوی هیوا و كەیوان كە لەناو ڕاپۆرتەكەدا هاتوون خوازراون.