ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ مەرگی ئەبوبەكر مەعروفی بەپێوە وەستا

18-11-2017 05:42
تەرمی ئەبوبەكر مەعروفی لەناو ئاپۆڕای خەڵكدا.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

خەڵك لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە خەمبارییەوە بە پێوە وەستان‌و پێشوازییان لە تەرمی ئەبوبەكر مەعروفی كرد، كە لە ڕێگەی گەیاندنی كۆمەك بە ڕزگاربووانی بومەلەرزەكەی دەشتی زەهاو گیانی لەدەستدا.

 

ئەبوبەكر مەعروفی، شەوی 16ی ئەم مانگە لە نزیك شاری جوانڕۆ لە ڕووداوێكی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا لەكاتێكدا كە بە ئۆتۆمبێلەكەی كۆمەكی خەڵكی بۆكانی دەگەیاندە خەڵكی دەشتی زەهاو كە بەهۆی بومەلەرزەكەی 12ی ئەم مانگەوە لە دۆخێكی دژواردان.

 

ئەبوبەكر مەعروفی

 

مەرگی ئەبوبەكر مەعروفی كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی كۆچی دوایی، خەڵكی جوانڕۆ لە دەوری تەرمەكەی كۆبوونەوەو لە ئاپۆڕایەكی جەماوەریی فراواندا بەرەو بۆكان بەڕێكرا، وێنەو ڤیدیۆی مەڕاسیمی بەڕێكردنی بە فراوانیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە.

 

تەرمی ئەبوبەكر مەعروفی لە ڕوانسەر.

 

لەتەواوی ئەو شارانەی تەرمی ئەبوبەكر مەعروفی پێدا تێپەڕی، وەك؛ جوانڕۆ، ڕەوانسەر، كامیاران، سنە، دیواندەرەو سەقز تا گەیشتنەوەی بە شاری بۆكان، خەڵك لەسەر شەقامەكان بەپێوە وەستابوون‌و بە دروشمی جیاواز پێشوازییان لێدەكرد.

 

نوێژكردن لەسەر تەرمی ئەبوبەكر مەعروفی لە جوانڕۆ.

 

بەهۆی ئاپۆڕای خەڵكەوە ڕێگای نێوان جوانڕۆ-بۆكان چەندین كاتژمێر درێژبوبووەوە، هاوكات خانەوادەی ئەبوبەكر مەعروفی كە لەگەڵ تەرمەكەیدا بوون سوپاسی زۆری بە دەمەوە چوونی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیان دەكرد.

 

خەڵكی سنە لە پێشوازیی تەرمی ئەبوبەكر مەعروفیدا.

 

خەڵكی دیواندەرە لە پێشوازیی تەرمی ئەبوبەكر مەعروفیدا.

 

لە مەڕاسیمی بەڕێكردن‌و ناشتنی تەرمی ئەبوبەكر مەعروفی، خەڵك دروشمی جیاوازیان دەوتەوە، لەوانە؛ "شەهید نامرێ"و "كاك ئەبو قارەمانە شەهیدی كوردستانە" ئەمڕۆ لەكاتی ناشتنەكەیدا خەڵكی بۆكان دروشمی "بۆكان شاری خەباتە كوردستان یەك وڵاتە. مام ئەبو قارەمانە كەركوك دڵی كوردانە"یان دەوتەوە.

 

ئاپۆڕای خەڵكی ڕوانسەر لە پێشوازیی تەرمی ئەبوبەكر مەعروفیدا.

 

ئەبوبەكر مەعروفی كەسێكی قسەخۆشی بۆكان بووە، لەكاتی گواستنەوەی كۆمەك بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەكە، ئۆتۆمبێلەكەی دوو كەسی دیكەی تێدابووە، ئەوان بریندارن‌و دۆخی تەندروستییان باشە.

 

خەڵكی بۆكان سوپاسی خەڵكی شارەكانی دیكە دەكەن بۆ پێشوازییان لە تەرمی ئەبوبەكر مەعروفی.

 

ناشتنی تەرمی ئەبوبەكر مەعروفی لە بۆكان.

 

بومەلەرزەكەی شەوی 12-11-2017 كە لە تەواوی هەرێمی كوردستان هەستی پێكرا، سەرباری زیانی گیانی‌و ماددی لە هەرێم(7 كەس گیانیان لەدەستداو سەدانی دیكە برینداربوون)، بەڵام زیانی زۆرتری بە ڕۆژهەڵاتی كوردستان گەیاندو زیاتر لە 500 كەس گیانیان لەدەستداو نزیكەی 10 هەزاری دیكە برینداربوون.

 

ناوەندی بومەلەرزەكە سنوری نێوان هەرێم‌و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە(لە پارێزگاكانی هەڵەبجەو كرماشان) بە گوڕی 7.3 پلە بە پێوەری ڕێختەر، زۆرترین زیان بەر ناوچەكانی كرماشان كەوتووە‌و چەندین گوندو گەڕەیەكی شارەكان بەتەواوی وێران بوون، بەتایبەت لە سەرپێڵی زەهاو، بەوهۆیەوە 3 ڕۆژ ماتەمینی لەو پارێزگایە ڕاگەیەندرا.

 

دوای بومەلەرزەكە، سەدان كەس لە ڕۆژهەڵات‌و باشوری كوردستان كەمپەینی كۆكردنەوەی یارمەتییان ڕاگەیاند بۆ ڕزگاربووانی بومەلەرزەكە كە لە دۆخێكی سەختدان دوای وێرانبوونی ماڵەكانیان‌و پێویستی زۆریان بە خواردەمەنی، جل‌وبەرگ، بەتانی‌و خێمەو ئامێری گەرمكەرەوە هەیە.

 

ئەبوبەكر مەعروفی گۆرانی بۆ كوردستان دەڵێت.