فریشتەو ئاوات

دوو باوەشی میهرەبان بۆ ئاژەڵانی سەرشەقام
06-02-2018 02:37
سلێمانی/ كانونی دووه‌م/ ئاوات ده‌ریا یه‌كێك له‌و ئاژه‌ڵانه‌ی له‌ باوه‌ش گرتووه‌‌ كه‌ له‌ ماڵه‌كه‌یدا به‌خێویانده‌كات. وێنە؛ نارین ڕۆسته‌م.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

سیسی چیتر لە كۆڵان بەردباران ناكرێت‌و ئازار ناچێژێت، ئێستا لە ماڵی خانمێكی میهرەباندا یاریی دەكات‌و دەخەوێت.

 

پیشیلەیەكی گورج‌و گۆڵە، ئەوكاتەی تەمەنی بوو بە سێ هەفتە ئیتر كۆتایی بە نەهامەتییەكانی هات، برسێتیی‌و ئازاردانی لەبیركردو بوو بە ئەندامێكی نوێی ماڵی ئاوات دەریا لە سلێمانی.

 

"سیسی ئەندامێكی تازەی خێزانەكەمانە بە یارییەكانی سەرساممان دەكات‌و خۆشماندەوێت"، ئاوات دەریا (28 ساڵ) بەمشێوەیە دەستیكرد بە گێڕانەوەی چیرۆكی بەخێوكردنی دەیان پشیلەو سەگ لە ماڵەكەیدا.

 

ئاوات وتی "ئەم پشیلەیە ئەوكاتەی لە ‌كۆڵان هەڵمگرتەوە تەمەنی تەنیا سێ هەفتە بوو، نەخۆش بوو بردم بۆ لای پزیشك‌و چارەسەرم بۆ وەر‌گرت، ئێمە خۆشماندەوێت."

 

ئاوات لە ماڵەكەیدا شوێنێكی تایبەتی بۆ نزیكەی 20 پشیلەو سەگ كردۆتەوە كە پێشتر لە كۆڵان‌و سەر شۆستەكانی ناو شار، یان لە دەرەوەی شار بێ خاوەن بون.

 

"دەبێت ئێمە بەزەییمان هەبێت، ئەم سەگ‌و پشیلانە بپارێزین، لە وڵاتانی دەرەوە پارەیەكی زۆریان تیا سەرفدەكەن با ئێمەش خۆشەویستیمان بۆیان هەبێت"، ئاوات وای وت.

 

سلێمانی/ كانونی دووه‌م/ به‌شێك له‌و ئاژه‌ڵانه‌ی فریشته‌ نه‌جات له‌ ماڵه‌كه‌یدا به‌خێویان ده‌كات و جێی بۆ كردونه‌ته‌وه. وێنە؛‌ نارین ڕۆسته‌م.

 

فریشتە نەجات (37 ساڵ) خاتونێكی تری شاری سلێمانییە‌و هەشت ساڵە وەك ئاوات خۆبەخشانە كار بۆ پاراستنی ئاژەڵانی كۆڵان دەكات.

 

كاتێك لە دەرگای ماڵی فریشتە دەچیتە ژورەوە، دەیان سەگ‌و پشیلە دەبینیت، فریشتەش لە نێویاندایەو خواردنیان پێدەدات‌و دەست بەسەریاندا دەهێنێت.

 

لە هەرێمی كوردستان‌و شارەكانی تری عێراق، ڕۆژانە سەگ‌و پشیلەی سەرشەقام دەبنە قوربانی‌و ناپارێزرێن، ئەمەش وای لە ئاوات‌و فریشتە كردوە بەپێی توانای خۆیان هەندێكیان بپارێزن‌و داواش لە هاوڵاتیان دەكەن بەشێوازی جۆراوجۆر هەمان ڕێگە بگرنەبەر.

 

لوقمان شێروانی، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم دەڵێت، بەپێی ڕێنماییەكانی ژمارە یەكی ساڵی 2016ی دەستەكەیان، ئەو كەسانە سزادەدرێن كە ئازاری ئەو گیانلەبەرانە دەدەن، داواشیكرد ئەو كەسانە پاداشت بكرێن كە ئاژەڵەكانی كۆڵان دەبەنە ماڵەوەو چاودێرییان دەكەن.

 

شێروانی وتی "بەڵام لێرە كلتور ڕێگرە لە بەخێوكردنی ئەو ئاژەڵانە بە تایبەت بۆ ئەو كەسانەی ماڵەكانیان لە نێو شاردایە."

 

سلێمانی/ كانونی دووه‌م/ ئاوات ده‌ریا له‌ نێو ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی كه‌ له‌ ماڵه‌كه‌یدا ده‌یانپارێزێت. وێنە؛ نارین ڕۆسته‌م.

 

بەڵام هەرچۆنێك بێت، بەشێك لە خێزانەكان گرنگی بەو جۆرە ئاژەڵانە دەدەن‌و بەخێویان دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەندێكیان سەردانی نۆڕینگەكانی تایبەت بە ئاژەڵان دەكەن.

 

سەروەت نەجمەدین، ماوەی دوو ساڵە خوێندنی پەرستاری تەواوكردوەو ئێستا لە یەكێك لە بازاڕەكانی شاری هەولێر نۆڕینگەیەكی تایبەتی بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی ئاژەڵان داناوە، بە (كەركوك ناو)ی وت"ئەوانەی بۆ وەرگرتنی چارسەری پشیلەو سەگی كۆڵان دێنە لامان ژمارەیان زۆر كەمە، بەشی زۆری ئەوانەی دێن ئاژەڵەكانیان لە سەرەمەرگدان."

 

داوایكرد ئەوانەی ئەو ئاژەڵانە بەخێودەكەن، گرنگی بە پاكوخاوێنی ئاژەڵەكانیان بدەن بەتایبەت بەكارهێنانی شامپۆ و كەرەستەكانی تیماركردن.

 

بەڵام فریشتە نەجات ڕەخنەی هەیەو دەڵێت"كێشەكە ئەوەیە میدیاش وەك پێویست گرنگی بە ژیانی ئەو جۆرە ئاژەڵانە نادات، بۆیە هیچ لامان سەیر نییە ڕۆژانە بەدیار لاشەی چەندان ئاژەڵەوە تێپەڕبین‌و هیچ نەڵێین."