پیاوان ڕۆژێكیان ناوێت بۆ ژنان

08-03-2018 08:10
بیار ره‌شید (32 ساڵ) له‌گه‌ڵ سارا حه‌مه‌ساڵح (25ساڵ). وێنە؛ تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

بیار ڕەشید (32 ساڵ)، نمونەی پیاوێكی جیاوازە لە گەڕەكەكەیاندا، بەیانیان بە شۆردنی قاپەكان دەستپێدەكات‌و لە بۆنخۆشكردنی ماڵ‌و ژەنینی پارچەیەك میوزیك هێشتا كۆتایی نایەت، بەڵكو خواردن بۆ خێزانەكەشی ئامادە دەكات.

 

لەگەڵ گەڕانەوەی سارا حەمەساڵح (25 ساڵ)، هاوسەری بیار لە زانكۆ، سفرەی ماڵەكە دەڕازێننەوە‌و دەستدەكەن بە نانخواردن، لەو ماڵە هەموو شت یەكسانە، بۆیە 8ی مارس لای ئەوان تەنیا یەك ڕۆژ نییە.

 

ئەو دوو هاوسەرە، چوار ساڵ لەمەوبەر چونە پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە، بیار هەفتەی دوو ڕۆژ لە بەشی هونەرەكانی میوزیك سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری دەوامدەكات‌و سارای هاوسەریشی هەفتەی پێنج ڕۆژ لە زانكۆ دەخوێنێت، پێكەوە كاری ماڵەوە و دەرەوەیان ڕێكخستوە و هاوكاری بەردەوامی یەكترن.

 

"ڕۆژانە ئەگەر دەوامم نەبێت، دوای نانخواردنی بەیانیان، كاری ماڵەوە دەكەم، قاپەكان دەشۆم‌و ماڵەكە پاكدەكەمەوەو ژورەكان بۆنخۆش دەكەم، دواتر دەستدەكەم بە میوزیك ژەنین و ماڵەكە پڕ دەكەم لە دەنگی كەمانچە"، بەیار بەمشێوەیە باسی ژیانی ڕۆژانەی خۆیكرد.

 

زیاتر وتی "خواردنی نیوەڕۆش ئامادەدەكەم‌و چاوەڕێی سارا دەكەم و پێكەوە نان دەخۆین."

 

بە بڕوای بیار، ئەوە یارمەتیدانی هاوسەرەكەی نییە، "ئەوە ئەركی سەرشانمە… كارەكان لە ماڵی ئێمەدا جیانەكراونەتەوە بەڵكو هاوبەشین."

 

ساڵانە لە 8ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان-دا، ژنان چالاكیی جۆراوجۆر دەكەن بۆ پێداگریكردن لە مافەكانیان‌و ئیدانەكردنی ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەریان دەكرێت.

 

هەندێك ئەو ڕۆژە جیهانییە بە كەمكردنەوەی ڕۆڵی ژنان دەبینن لە یەك ڕۆژدا، بەڵام هەندێك پێیانوایە ڕۆژێكی تایبەتە بە ژنان.

 

هاوکار ڕسکن (33 ساڵ) شێوه‌كار له‌گه‌ڵ شارا بابانی هاوسه‌ری (28 ساڵ) فۆتۆگرافه‌ر. وێنە؛ تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو.

 

بیار ڕەشید، لەوكاتەی خواردنی نیوەڕۆی ئامادەكردو سارای هاوسەری گەڕایەوە وتی "8ی مارس ڕۆژێكی ئاساییە، وەك هەموو ڕۆژەكانی دیكە، چونكە دەبێت خەباتی ژن هەموو ڕۆژێك بێت نەك تەنیا یەك ڕۆژ."

 

چیرۆكی سارا و بیار، چیرۆكێكی جیاوازی ئەو وێنەیەیە‌ كە بۆ 8ی مارس هەیە، ئەوان جەختیانكردەوە كە دەبێت هەموو ڕۆژەكان 8ی مارس بێت.

 

هاوكار ڕسكن (33 ساڵ) شێوەكارەو هەمان نمونەی بیار و سارا لەماڵەكەیاندا هەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هاوژینەكەم یارمەتیدەری پڕۆژە هونەرییەكانمە، منیش لە ئێستادا لە كارە هونەرییەكانی یارمەتیدەر و پاڵپشتی ئەوم، هەست بە دڵخۆشییەكی زۆر دەكەم كاتێك لە نێو پێشانگایەكی فۆتۆگرافی سەیری ئەو فۆتۆیانە دەكەم كە ناوی هاوژینەكەمیان لەسەرە."

 

شارا بابان (28 ساڵ) هاوسەری هاوكار فۆتۆگرافەرە، دەڵێت ناسینی هاوكار وایكردوە بیر لە هاوسەرگیری بكاتەوە، "ئێمە هاوڕێین، ئەمەش هاوسەرگیرییەكەمانی بە زیندویەتی هێشتۆتەوە."

 

"ژن دەبێت بۆ بە دەستهێنانی ئازادی خۆی، خولەك بە خولەك لە تێكۆشاندا بێت، چونكە ئەوە هەر خۆیەتی كە ئازادی بۆ خۆی بە دەستدەهێنێت، ئەم كارە ئیشی كەسی تر نییە"، شارا بەمجۆرە بۆچونی خۆی لەسەر ڕۆژی جیهانی ژنان نیشاندا.

 

یارمەتیدانی هاوسەر و هاوبەشیی لە كاری ماڵەوەو دەرەوەدا لەنێوان هاوسەرەكان، وێنەیەكی تری بەرەو پێشبردنی دۆزی ژنانە لە عێراق.

 

رێباز ئه‌حمه‌د (32 ساڵ) له‌گه‌ڵ خۆخ محه‌مه‌د ئەمین (25ساڵ). وێنە؛ كه‌ركوك ناو.

 

ڕێباز ئەحمەد (32 ساڵ) كوتاڵفرۆشە لە بازاڕێكی شاری هەولێر، وتی"فێری جۆرەكانی چێشتلێنان بومە لە هاوسەرەكەمەوە… جاری واهەیە ئەو نانی تیری دروستدەكات و من دەیبرژێنم"، ئەو بە خەندەوە وتی ئەمەیە ژیان.

 

ڕێباز داوایكرد تەواوی پیاوان بەیەكسانی بڕواننە خۆیان‌و هاوسەرەكانیان، "پێویستە ئەم هۆشیارییە لە پیاواندا هەبێت و یارمەتی خێزانەكانیان بدەن."

 

لەگەڵ قسەكردنی ڕێباز، خۆخ محەمەد ئەمین هاوسەری ڕێباز وتی"هەموو ڕۆژەكان هی ئێمەن."