پەرەگراف
مزگەوتێك لە شاری هەولێر جیاواز لە مزگەوتەكانی دیكەی كوردستان تەنها بۆ نوێژو بۆنە ئاینییەكان بەكارنایەت، بە بەردەوامی چەندین خولی فێركاری لە بواری جیاوازدا دەكاتەوەو تائێستا سەدان كەس لێی سوودمەند بوون، ئەوەش بووەتە جێگای سەرنجی خەڵكی هەولێرو میوانانی بیانی كە ڕوودەكەنە شارەكە.
مزگەوتی ئاڵتون دەكەوێتە ناو پڕۆژەی ئاڵتون سیتی لە هەولێر، جگە لە شوێنی نوێژكردن، دوو هۆڵی گەورەی بۆنەكان بۆ ژنانو پیاوانو چوار پۆلی وانە خوێندنی تێدایە هەرپۆلێك 35 كورسی هەیە.
هێژا مەجید، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن لە ئاڵتون گروپ بۆ پەرەگراف باسلە جیاوازیی مزگەوتەكە دەكات، ئەوەی خستەڕوو بەردەوام خولیان هەیە لە بوارەكانی؛ فێركردنی زمان، ئارایشتگا بۆ ژنانو سەرتاشینی پیاوان، ڕاگەیاندن، درومان، فێركردنی خوێندەواری، ئیشی دەستو بەهێزكردنی وانەكانی خوێندن.
خولێكی فێركردنی ئیشی دەست لە مزگەوتی ئاڵتون.
"خولەكان بەبێ بەرامبەر دەكرێنەوەو مامۆستایانی خولەكانیش بێبەرامبەر كارەكە دەكەن، بڕوانامە بە بەشداربوان دەدرێت كە بڕواپێكراوە لەلایەن حكومەتەوە. مامۆستای مزگەوتو كارمەندەكانیش سەرجەمیان موچە لە خاوەنی ئاڵتون گروپ وەردەگرن نەك حكومەت" هێژا مەجید وای وت.
مزگەوتەكە لەسەر ڕوبەری 4 هەزارو 800 مەترو بە تێچووی نزیكەی 6 ملیۆن دۆلار لەلایەن حاجی ئیدریس محەمەد خاوەنی ئاڵتون گروپ دروستكراوەو ساڵی 2015 كراوەتەوە.
بیرۆكەی دروستكردنی مزگەوتەكە بەوجۆرەو تایبەتمەندییەكانی، هی خاوەنی ئاڵتون گروپەو لە ئەنجامی سەردانی وڵاتان بیرۆكەكەی وەرگرتووە، بەڵام دەستكاریی كردووەو بیرۆكەی خۆی تێكەڵكردووە. خەرجیی مانگانەی مزگەوتەكە لە نێوان 10 بۆ 12 هەزار دۆلاردایەو لەلایەن خاوەنی ئاڵتون گروپ دابیندەكرێت.
خولێكی فێركردنی خوێندەواریی لە مزگەوتی ئاڵتون.
بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن لە ئاڵتون گروپ، ئاماژەی بەوەشكرد، بەشەكانی مزگەوتەكە جیاوازن لە مزگەوتەكانی دیكە.
"دوو هۆڵی تایبەت بە بۆنەكان هەیە بۆ پیاوانو ئافرەتان كە تەنها بۆ بۆنەی ئاینی نییە، بۆ هەموو بۆنەیەك دەبێت جگە لە سیاسیو هەڵپەڕكێو گۆرانی وتن، هەتا بۆ ژن مارەكردنو گواستنەوەو مەولودو كۆڕو سیمینارو هەموو بۆنەیەك، سیستمی دەنگو ڕەنگی هۆڵەكان بەجۆرێكن ئەگەر لە هۆڵی ژنان یان پیاوان دابنیشی ڕاستەوخۆ لە شاشەیەكەوە سیمیناری هۆڵەكەی دیكە دەبینیتو دەشتوانیت پرسیار بكەیتو دەنگەكەت دەگاتە هۆڵەكەی دیكە."
مزگەوتەكە سیستمی دەنگو ڕەنگو ساردیو گەرمی پێشكەوتووی هەیە. هەفتەی ڕابردووش بۆ یەكەمجار پێشانگایەكی شێوەكاری تێدا كرایەوەو هونەرمەندێك تابلۆكانی نمایشكرد.
پێشانگای شێوەكاری لە مزگەوتی ئاڵتون.
ئەوانە وایان كردووە مزگەوتی ئاڵتون جیاواز بێت لە مزگەوتەكانی دیكەو ببێتە جێی سەرنجی خەڵكی ناوخۆو بیانیو كونسوڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتانی دەرەوە لە هەرێم سەردانی بكەن.
ئەو كەسەبیانییانەی سەردانی مزگەوتەكە دەكەن، وەك هێژا مەجید باسیدەكات دوو جۆرن، لەوانە؛ كونسوڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتانی دەرەوە لە هەرێمو میوانەكانیان، لەگەڵ ئەو میوانانەی سەردانی پارێزگای هەولێرو دامەزراوە حكومییەكان دەكەن دەنێردرێنە مزگەوتەكە بۆ بینینی وردەكارییەكان.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئاڵتون گروپ لە درێژەی باسكردن لە جیاوازیی مزگەوتەكە، وتی"دوو مردوشۆری هەیە بۆ ژنو پیاو، یەكەمجارە لە عێراق مزگەوتێك دوو مردوشۆری هەبێت، هەموو مزگەوتێك یەك تەنها مردوشۆری پیاوانی هەیە. شوێنی مردوشۆرەكانی مزگەوتەكە بەڕادەو 72 كاتژمێر مەیتی تێدا دەمێنێتەوە، ئەو 13 كەسەی خەڵكی سلێمانی كە دوو ساڵ لەمەوبەر لە ئەسینا خنكان، شەو و ڕۆژێك لێرە مانەوەو ئەوكات برانەوە سلێمانی."
یەكێك لە هۆڵەكانی مزگەوتەكە.
جیاوازیی مزگەوتی ئاڵتونو كردنەوەی خولی بەردەوام لە بواری جۆراوجۆردا كاردانەوەی جیاوازی لای خەڵك دروست كردووە، لەگەڵئەوەی زۆركەس دەستخۆشی لەو كارە دەكەنو ستایشی دەكەن، بەڵام هەندێكیش سەرەتا كە نەیانبینیوە ڕەخنەیان لێگرتووە، دواتر پەشیمان بوونەتەوەو جیاوازییەكانیان بە باشو گرنگ ناوبردووە.
هێژا مەجید وتی"سەرەتا كە باسدەكرا ئەوانەی نەیانبینیبوو بە خراپی قسەیان لەسەر دەكرد، بەڵام كە دێن دەیبینن بۆچونیان دەگۆڕێت، بۆنمونە؛ یاری دامە هەیە لەناو مزگەوتەكە، لە ناو مامۆستایانی ئاینیدا دەنگۆیەكی خراپ بڵاوبووەوە كە مزگەوتی ئاڵتون یاری دامەی داناوە، بەڵام یاری دامەكە چییە؟ لە هەموو مزگەوتەكان لە دەرەوە بە تەباشیرو بە بەرد یاری دامە دەكرێ، ئێمە مێزو كورسیو بەردی جوانمان بۆ داناون هەروەها چایخانەیەكی بێ بەرامبەرمان هەیە چا بۆخۆیان تێدەكەنو بەدەم یاریكردنەوە دەیخۆنەوە."
خولێكی ڕستنو چنین لە مزگەوتی ئاڵتون.
ئاهەنگێك بۆ دەرچوانی خولەكانی مزگەوتی ئاڵتون لەناو پڕۆژەی ئاڵتون سیتی، 7-4-2017.