"دایكانی پیرۆز" لە سلێمانی خەڵات كران

14-07-2018 03:39
خەڵاتكردنی "دایكانی پیرۆز" لە سلێمانی/ 14-7-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

خەڵاتی ڕێزو وەفا بەخشرایە 63 دایكی خاوەن منداڵی شەلەل دەماغ، ئەوان نازناوی "دایكانی پیرۆز"یان لێنراوە بۆ ئەو ئەرك‌و ماندوبوونەیان كە ژیانی خۆیان كردووەتە قوربانیی بۆ بەخێوكردنی منداڵەكانیان.

 

دایكانی ئامادەبوو منداڵەكانیشیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو، ئەو هۆڵەی مەراسیمەكەی تێدا ڕێكخرابوو بەردەوام دەنگی منداڵەكانی تێدا بەرزدەبووەوەو هاوارو ناڵەیان بەگوێی ئامادەبووان دەگەیشت.

 

سامان حسێن، لێپرسراوی گشتی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان ڕووەو ئامادەبووانی مەراسیمەكە وتی"داواناكەین هێمنیی هۆڵەكە بپارێزرێت بۆئەوەی لە هەست‌و سۆزی ئەو دایكانە تێبگەن كە چۆن ڕۆژانە 18 كاتژمێر چاودێری منداڵەكانیان دەكەن."

 

مەراسیمی خەڵاتكردنیان لەلایەن یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان ڕێكخرابوو بە سپۆنسەری گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان، خەڵاتەكان بڕێك پارەو پێدانی دایبی بوو، هەرلەو مەراسیمەدا 30 كورسیی بەسەر خاوەن پێداویستییە تایبەتەكاندا دابەشكران.

 

فاخر شێخ تەیب قەیوانی بەڕێوەبەری جێبەجێكارو خاوەنی كۆمپانیای قەیوان لە مەراسیمەكەدا باسیلەوەكرد، هاوكارییەكانیان بچوكە بەرامبەر ئەرك‌و ماندوبوونی ئەو دایكانە، هیوای خواست بتوانن بەشێك لە ئازارەكانیان كەمبكەنەوە.

 

شێخ فاخر بە پێویستیزانی حكومەتی هەرێم سیستمێك دابمەزرێنێت بۆ پەروەردەو بەخێوكردنی ئەو منداڵانە، ڕاشیگەیاند، كۆمپانیاكەیان قوتابخانەیەكی 18 پۆلی كردووەتەوە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان‌و لە ساڵی نوێوە خوێندكار وەردەگرێت بۆ ڕاهێنان‌و پەروەردەكردن.

 

منداڵانی توشبوو بە شەلەل دەماغ جوڵەو قسەكردنیان لە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیاندا نییە، وەك كوڕە 12 ساڵانەكەی تەرزە حەمەتاهیر.

 

تەرزە تەمەنی 36 ساڵەو ژنی ماڵەوەیە، كوڕەكەی دوای تێپەڕبوونی یەك ساڵ لە تەمەنی، تووشی شەلەل دەماغ بووە، لەوكاتەوە ژیانی تەرزەو تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی چووەتە دۆخێكی دژوار بەهۆی ئەو كوڕەیانەوە.

 

"ژیانمان جیاوازی زۆرە لەگەڵ خەڵكی دیكە، منداڵەكەم بەردەوام دەگری، نە سەیرانمان هەیە نە چوونە دەرەوەو پارك‌و گەڕان، تەنانەت بۆ كۆچی دوایی باوكم تەنها یەك شەو توانیم لە پرسەكەیدا بمێنمەوە" تەرزە لە وەسفی حاڵی خۆیدا بۆ پەرەگراف وای وت.

 

ئەو كە دوو منداڵی دیكەی هەیە، باسیلەوەكرد ئەو منداڵانەشی بەهۆی ئەو كوڕەیانەوە ژیانیان لە دۆخێكی نا ئاساییدایە.

 

 

خەڵاتكردنی "دایكانی پیرۆز" لە سلێمانی/ 14-7-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

تەرزە حەمەتاهیر، ڕۆژانە 9 دەنك حەبی گەشكە، كەمكردنەوەی جوڵەو خەواندن دەدات بە كوڕە 12 ساڵانەكەی، وەك خاوەن هەرمنداڵێكی دیكەی شەلەل دەماغ لەلایەن چاودێری كۆمەڵایەتییەوە هاوكاریی دەكرێت.

 

ئەو ناڕازی بوو لە كەمی ئەو هاوكارییەی وەك موچە وەریدەگرن، وتی"سێ مانگ جارێك 120 هەزار دینار وەردەگرین، دوو جارە 120 هەزاریم وەرگرتووەو پێشتر 90 هەزار دیناریان دەداینێ، بەشی هیچی كوڕەكەم ناكات، لەكاتێكدا بەردەوام حەب‌و دایبی بۆ دەكڕم."

 

تەرزە دەڵێت، كوڕەكەی بردووەتەلای زیاتر لە 100 پزیشك لە ناوخۆی هەرێم‌و توركیاو ئێران، بەڵام چارەسەری نەبووە، وتی"هەموو كەس پێمدەڵێت لە ئەڵمانیا چارەسەری هەیەو منیش توانام نییە، داواكارم حكومەت یاخود خێرخوازان هاوكاریم بكەن‌و بیبەمە ئەڵمانیا بۆ چارەسەركردن."