خەڵاتی جەلالی سام ئاغا بۆ هەشتەم ساڵ دابەشكرا

17-07-2018 01:33
مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتەكە/ 17-7-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

خەڵاتی جەلالی سام ئاغا بۆ هەشتەم ساڵ لەسەر یەك، بەسەر فەرمانبەرانی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانیدا دابەشكرا، خەڵاتەكە پڕۆژەیەكی بەخشینەو لە پارەی زەوییەكی فرۆشراوی جەلالی سام ئاغا دابەشدەكرێت كە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكراوە.

 

هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو خەڵاتەكە بڕێك پارەو نوسراوێكی سوپاس‌و پێزانین بوو، بەسەر دوو گروپدا دابەشكرا؛ فەرمانبەرانی نمونەیی‌و خانمانی سەلار، 7 كەس وەك فەرمانبەری نمونەیی‌و 4 كەسی دیكە وەك خانمی سەلار خەڵات كران.

 

ئەحمەد ئەمین، سەرۆكی فەرمانگەی سلێمانی دیوانی چاودێری دارایی، لە مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتەكاندا ئەوەی خستەڕوو، بۆ دیاریكردنی ئەو فەرمانبەرانەی خەڵات دەكرێن، ساڵانە لەلایەن لیژنەیەكەوە داوا لە بەرپرسانی بەشەكانی دیوان دەكرێت ناوی پاڵێوراوانیان ئاڕاستەی لیژنەكە بكەن، ئەوانیش بە دەنگدانی نهێنی هەڵیاندەبژێرن.

 

سەرۆكی فەرمانگەی سلێمانی دیوانی چاودێری دارایی، وتیشی"خەڵاتەكە بۆئەوەیە هانیان بدەین‌و ڕێزیان لێبنێین لەبەرامبەر ئەركەكانیاندا."

 

لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا 82 فەرمانبەری دیكەی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی ئەو خەڵاتەیان پێبەخشراوە، 53یان فەرمانبەری نمونەیی‌و 29یان وەك خانمی سەلار.

 

سازان سلێمان، یەكێك بوو لەو فەرمانبەرانەی ئەمڕۆ خەڵاتی خانمی سەلاری پێبەخشرا، ئەو لە ساڵی 2007ەوە فەرمانبەری دیوانی چاودێری دارایی سلێمانییە، دەربارەی خەڵاتەكە بۆ پەرەگراف وتی"خەڵاتەكە زۆر هاندەردەبێت وەك سەرلەنوێ دەستپێكردنەوە وایە بۆ كاری باشترو دڵسۆزانەتر، چونكە فەرمانگەكەت پێزانینی هەیە بۆ كارەكانت."

 

دابەشكردنی ئەو خەڵاتە ساڵانی داهاتووش بەردەوام دەبێت‌و لە ڕووی ماددییەوە سەرچاوەیەكی جێگیری هەیە كە جەلالی سام ئاغا سەرۆكی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، لە ماڵی خۆی بۆی دابین كردووە.

 

دڵسۆز حەمەكەریم لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندنی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی"دابەشكردنی خەڵاتەكە دووبارەبوونەوەی نییە‌و هەر فەرمانبەرێك خەڵات بكرێت ساڵانی دواتر ناپاڵێورێتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە."

 

سەرچاوەی پارەی خەڵاتەكە چییە‌و چۆن دابینكراوە؟

 

ساڵی 2010 جەلالی سام ئاغا سەرۆكی ئەوكاتی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، پڕۆژەی بەخشینی ئەو خەڵاتەی دامەزراند، وەك خۆی لە نوسراوێكدا دەڵێت، "دڵسۆزی‌و تواناو ئازایەتی‌و پاكێتی" كارمەندانی دیوان لە ڕاپەڕاندنی كارەكانیاندا، هاندەربووە بۆئەوەی لە ماڵی تایبەتی خۆی خەڵاتیان بكات.

 

جەلالی سام ئاغا كەسایەتییەكی دیاری سلێمانییە، لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئەودا دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی ئامادەكردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، دیوانی چاودێری دارایی هەرلەو سەردەمەدا 86 كەسی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی‌و ئیداریی داوە بە دادگا كە زۆربەیان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون.

 

بەمەبەستی دابینكردنی پارە بۆ بەخشینی خەڵاتی ساڵانە بە فەرمانبەرانی دیوان، جەلالی سام ئاغا پارچە زەوییەكی موڵكی خۆی فرۆشتووە كە نرخەكەی(دوای فرۆشتن‌و خەرجییەكان) بریتی بووە لە 70 ملیۆن‌و 56 هەزار دینار، ئەو بڕە پارەیەی لە بانكی ڕافیدەین/ لقی سەلامی حكومی وەك (حسابی پاشەكەوت) داناوە بە چەند مەرجێك كە تەنها بۆ بەخشینی ئەو خەڵاتە بەكاربهێنرێت.

 

خاوەندارێتی ئەو حسابە بەناوی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی تۆماركراوە، بۆ هیچ كەس‌و لایەنێك نییە دەستكاری بكات‌و پارەی لێ ڕابكێشێت، بێجگە لە ڕێژەی لەسەدا 90ی ئەو زیادەو قازانجەی ساڵانە دەچێتەسەری، ئەوەش دابەشدەكرێت بەسەر فەرمانبەرانی دیوانی چاودێری داراییدا لە چوارچێوەی خەڵاتەكەدا، ڕێژەی 10%كەی دیكەی قازانجی پارە دانراوەكەی بانك، دەخرێتەوەسەر حسابەكە، بەوەش ساڵانە ڕێژەی پارە دانراوەكەی بانك زیاد دەكات.

 

نوسراوێكی جەلالی سام ئاغا كە وردەكاری پڕۆژەكەو مامەڵەكردن بە پارەكەیەوە دەخاتەڕوو.