مادەی هۆشبەر تەنگ بە حاجیە ئێرانییەكان هەڵدەچنێت

29-07-2018 07:28

 

پەرەگراف

 

تلیاك‌و مادەی هۆشبەر، كێشەی سەرەكی حاجییەكانی ئێرانە لەكاتی گەشتكردنیان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە سعودیە، تائێستا 18 حاجی ئێرانی بەو مادانەوە دەستگیركراون‌و دراون بە دادگا.

 

ئەو 18 كەسە 11 پیاو و 7 ژنن كە مادەی هۆشبەریان پێبووە، ئەوان بەرلەوەی گەشت بكەن بۆ سعودیە، لە ناوخۆی ئێران دەستگیر كراون.

 

دەسەڵاتدارانی ئێران لەهەر فڕۆكەخانەیەكی وڵاتەكەیان دادوەرێكیان داناوە بۆئەوەی هەركەسێك مادەی هۆشبەری پێبێت دۆسیەی بۆ بكەنەوەو بینێرن بۆ دادگا.

 

حسێن میهری، سەرۆكی پۆلیسی فڕۆكەخانەكانی ئێران كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسی پۆلیسی سەرجەم فڕۆكەخانەكان‌و نوێنەرانی ڕێكخراوی حەجی ئێران كردووە دەربارەی ئەوەی چۆن ئەو كێشانە چارەسەر بكەن.

 

تەنانەت لە 3 فڕۆكەخانە خولیان بۆ حاجیان كردووەتەوە كە لەوێدا توڕەیی خۆیان كۆنتڕۆڵ بكەن‌و واز لە بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر بهێنن، ژمارەیەك لە حاجییان بەشدارییان لەو خولانەدا كردووە، سەرۆكی پۆلیسی ئێران دەڵێت، بەهاوكاری پۆلیسی سعودیە 10 جۆر دەرمانیان قەدەغەكردووە كە نابێت حاجییانی ئێرانی لەگەڵ خۆیاندا بیبەن، ئەوانیش؛ مۆرفین، میتادۆن، هیدۆ مۆرفین، میتیل فینیدات ،كۆلۆرات، هیدرۆ كۆلۆرات شەربەتی ئێكسپكتورانت، كودۆین‌و قورسی كودۆین.

 

ئەمەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە ڕێژەی بەكارهێنانی تلیاك‌و مادەی هۆشبەر لەناو ئێرانییەكاندا بەرزە، ئەوان چەند جۆرە شەربەتێك دەخۆنەوە بۆئەوەی واز لە تلیاك بهێنن، بەڵام شەربەتەكانیش هۆشبەرن‌و قەدەغەكراون.

 

حسێن میهری باسلەوەدەكات، تائێستا هیچ حاجییەكی وڵاتەكەی لە سعودیە دەستگیر نەكراوەو هەڵسوكەوتی پۆلیسی سعودیە لەگەڵ ئێرانییەكان باشە.

 

بەرپرسی پۆلیسی ئێران ئامۆژگاری حاجییانی وڵاتەكەی دەكات كە دەچنە سعودیە هیچ لەكەس وەرنەگرن‌و بیبەن بۆ كەسێكی دیكە لەبەرئەوەی ئەگەر هەیە شتی قەدەغەكراوی تێدا بێت، لەولاشەوە كە دەگەڕێنەوە زۆر شتومەك لە سعودیە نەكڕن، چونكە ئێران لەژێر فشاری ئابوریدایەو ئەمساڵیش ناونراوە بە ساڵی كاڵای ئێرانی.

 

پێشتر عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران، ساڵی كاڵای ئێرانی ڕاگەیاند، بۆئەوەی خەڵكی وڵاتەكەی بەرهەمی ناوخۆیی بكڕن وەك ڕێگایەك بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی فشارە ئابورییەكان.

 

تائێستا نزیكەی 85 هەزار كەس لە ئێرانەوە گواستراونەتەوە بۆ سعودیە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، ئێران 300 كەسی داناوە بۆ پشكنینی حاجییەكان كە دەچنە دەرەوەی ئەو وڵاتە، ئەوەش بەمەبەستی ڕێگریی لە بردنی شتومەكی قەدەغەكراو و مادەی هۆشبەر.

 

ئەمساڵ سعودیە پێشوازی لە 3 ملیۆن‌و 500 هەزار حاجی دەكات، هاوكات 5 هەزار و 469 كەس لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەچنە ئەو وڵاتەو تائێستاش 798 كەس لە هەرێمەوە گەیشتوونەتە سعودیە.