كۆمپانیای قەیوان زانكۆیەكی نێودەوڵەتی لە سلێمانی دەكاتەوە

12-08-2018 06:27
بینای زانكۆی قەیوان-یو تی ئێم لە شەقامی سەرەكی ڕاپەڕین لە سلێمانی. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆمپانیای قەیوان زانكۆیەكی نێودەوڵەتی تەكنەلۆجی لە سلێمانی كردەوە كە خوێندن تێیدا بە زمانی ئینگلیزیی‌و بە "نرخێكی گونجاو" دەبێت، خاوەنی كۆمپانیاكە دەڵێت، زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلاریان لە كەرتی خوێندندا وەگەڕخستووە.

 

زانكۆی نێودەوڵەتی قەیوان-تەكنەلۆجی مالیزی(یو تی ئێم) ئەمڕۆ كرایەوەو بۆ ساڵی نوێی خوێندن خوێندكار وەردەگرێت، زانكۆكە لە دوو فاكەڵتی (كۆمپیوتەر و بەڕێوەبردن) پێكدێت‌و لەلایەن زانكۆی نێودەوڵەتی یو تی ئێم-ی مالیزییەوە سەرپەرشتی دەكرێت‌و بەڕێوەدەبرێت‌، بڕوانامەی نێودەوڵەتی دەبەخشێتە دەرچووان.

 

لە مەراسیمی كردنەوەی زانكۆكەدا بەرپرسانی حكومەتی هەرێم‌و عێراق‌و زانكۆ مالیزییەكە ئامادەبوون‌و وتاریان پێشكەش كرد، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە گرنگیی كردنەوەی زانكۆكە كردو بایەخی حكومەتی خستەڕوو بۆ بەستنەوەی زانكۆ بە بازاڕ و پەروەردەكردن بۆ دەستپێشخەریی داهێنەرانە.

 

زانكۆی تەكنەلۆجی مالیزی(یو تی ئێم) ئەزموونی 100 ساڵی هەیەو یەكێكە لە زانكۆ ناودارەكان، ساڵی ڕابردوو لە ڕیزبەندی 228 هەمینی زانكۆكانی جیهاندا بووە.

 

فاخر شێخ تەیب، خاوەنی كۆمپانیای قەیوان‌و سەرۆكی ئەنجومەنی زانكۆی قەیوان-یو تی ئێم، خۆشحاڵیی خۆی پیشاندا كە توانیویانە یەكێك لە براندەكانی جیهان بهێننە كوردستان كە زانكۆی یو تی ئێمە، وتی"یەكێكە لە زانكۆ هەرەباشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئەم زانكۆیە بەشداری جددی لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری‌و توێژینەوەی زانستی‌و پێشخستنی كۆمەڵگەكەمان دەكات."

 

شێخ فاخر ئەوەشی خستەڕوو، "گونجاوترین نرخ" پەیڕەو دەكەن بۆ كرێی خوێندنی ساڵانەی خوێندكار لە زانكۆكە.

 

قەیوان یەكێكە لە كۆمپانیا گەورەكانی كوردستان كە وەبەرهێنان لە كەرتی پەروەردەو خوێندندا دەكات، بەدەر لەو زانكۆ نوێیە، ئەو كۆمپانیایە خاوەنی 16 ناوەندی پەروەردەو فێركردنە كە لە دایەنگەوە تا قۆناغەكانی دیكەی خوێندن‌و پەروەردەكردن دەگرێتەوەو زۆربەیان لە سلێمانین‌و ناوەندێكیان لە كەلارو ناوەندێكی دیكەیان لە ڕانیەیە.

 

ئەوانە بەدەر لەو 10 قوتابخانەیەن كە بە قوتابخانە توركییەكان ناسرابوون‌و ئێستا كۆمپانیای یونایتد ساینس خاوەندارییان دەكات كە سەربە كۆمپانیای قەیوانە، ئەو 10 قوتابخانەیە 8 یان لە سلێمانی‌و 2 دانەیان لە هەڵەبجەن، 2 دانەكەی هەڵەبجە خوێندن تێیاندا بێبەرامبەرە وەك قوتابخانە حكومییەكان.

 

فاخر شێخ تەیب، خاوەنی كۆمپانیای قەیوان، بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد ئامانجی بەشداریكردنیان لە كەرتی خوێندن بۆ دروستكردنی كێبڕكێیە لە نێوان خوێندنی تایبەت‌و حكومی‌و خودی خوێندنە تایبەتەكانیشدا، وتی"بەوپێیەی پێشكەوتنی كۆمەڵگا پەیوەستە بە سیستمی پەروەردەیی ڕاست‌و دروست لەسەر بنەمای زانستیی."

 

خاوەنی كۆمپانیای قەیوان ئەوەشی خستەڕوو، كەرتی تایبەت تائێستا بەشدارییەكی كەمی هەیە لە بواری خوێندن‌و پەروەردەدا‌و دەكرێت بەشدارییەكە زیاتر بێت‌و جۆرییەتیی خوێندنەكەش باشتر بكرێت، وتیشی"جگە لەم زانكۆیە، تائێستا زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلارمان وەگەڕخستووە لەم كەرتەدا."

 

شێخ فاخر باسیلەوەشكرد، بەراورد بەو وەبەرهێنانەی كردوویانە ئەو داهاتەی دەستیان دەكەوێت قازانجەكەی زۆر نییەو ئەوان قازانجكردنیان بە ئەولەویەت سەیر نەكردووە، وتی"بەڵام هەركارێك قازانج نەكات بەردەوام نابێت، قازانجەكەی بایی ئەوەندەیە یارمەتی بەردەوامبوونی دەدات."

 

خاوەنی كۆمپانیای قەیوان وتیشی"ئەوەندەی پێمانكرابێت دەستمان سووك بووە لەسەر خەڵك، ڕەنگە ساڵانە زیاتر لە سەدان خوێندكار داشكاندنی بۆكرابێ‌و بەخشرا بێت، ئەوەندەی توانیبێتمان هەوڵمانداوە ئاسانكارو ڕێخۆشكەر بین."