كچان لە سلێمانی گوڵ دەبەخشنەوەو پەیامی ئاشتی دەگەیەنن

20-09-2018 07:08

 

پەرەگراف

 

گروپی كچانی كوردستان بە دروشمی "ماندوین، ماندوترمان مەكەن. سلێمانی ئارامی دەوێت. سلێمانی ئاشتەوایی دەوێت" گوڵیان بەخشییەوەو پەیامی ئاشتی‌و ئارامییان گەیاندە خەڵكی سلێمانی و لایەنە سیاسییەکان.

 

گروپەكە سەربەخۆیەو لە نزیكی 50 كچ پێكهاتووە، خۆبەخشانە چالاكیی دەكەن‌و یەكەم چالاكیشیان لەسەر ئەركی خۆیان بووە، گروپەكە دوێنێ لە بەردەم باخی گشتی سلێمانی‌و شەقامی سالم(سەهۆڵەكە) لە ماوەی 2 كاتژمێردا هەزارو 500 گوڵیان بەخشییەوە.

 

"بارودۆخی كوردستان ناخۆشە، قەیران‌و بانگەشەیەو زمانی زبر بەكاردێت، گوڵی سپی نیشانەی ئاشتی‌و ئارامییەو وتمان با گروپەكەمانی پێ بناسێنین‌و گوڵێكی سپیش پێكەشی خەڵك بكەین بۆئەم دۆخە" تاژان بەختیار بەرپرسی ڕاگەیاندنی گروپەكە بۆ پەرەگراف وای وت.

 

 

دوو ڕۆژ بەرلەو چالاكییە، گروپەكە هەمان كاری بۆ قەوارە سیاسییەكان ئەنجامدا، ئەندامانی گروپەكە سەردانی حزبەكانیان كردو بە پێشكەش كردنی گوڵی سپی تەئكیدیان لەسەر پاراستنی ئاشتی‌و ئارامی كردەوە.

 

 

 

ئەندامانی گروپەكە زۆربەیان دەرچووی زانكۆن، لە گروپ‌و ڕێكخراوی دیكەدا كاریان كردووەو ئەزمونیان هەیە، خۆبەخشانە لەم گروپەشدا كۆبوونەتەوە بە ئامانجی خزمەتكردنی ڕەوشی ئافرەتان‌و دژایەتی كردنی توندوتیژی‌و پشتیوانیی خانمان بۆ هەر بیرۆكەو كارێك كە ئەنجامی بدەن.

 

 

بەرپرسی ڕاگەیاندنی گروپەكە باس لەوە دەكات، یەكەم كاریان لەسەر ئەركی خۆیان بووە، بەڵام كاردانەوەی خەڵك زۆر باش بووە بەرامبەر كارەكەیان‌و چەند كەسێك پشتیوانییان بۆ دەربڕیون، وتی" چەند كەسێك هاتن وتیان ئێمە پشتیوانی داراییتان دەكەین، هەبوو دەیوت كچەكەم دەخەمە گروپەكە، هەبوو دەیوت چاپخانەم هەیەو هەرچیتان چاپ كرد لەسەر من."

 

 

 

گروپی كچانی كوردستان خوازیارە لە داهاتوودا بتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری‌و تواناكانی كچان، هەروەها كار بۆ یەكسانی ڕەگەزی‌و كەمكردنەوەی توندوتیژی دەكات لە كۆمەڵگادا.