تەرمی 15 كۆچبەری كورد لە دەریای ئیجە دۆزرانەوە؛ یەك ژن ڕزگاری بووە

11-10-2018 07:19
مەهاباد، تاكە ڕزگاربووی ڕووداوەكە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

 

پەرەگراف

 

تەرمی 15 كەس لە سەرنشینانی یەختێك دۆزرانەوە كە لە دەریای ئیجە نقوم بوون و سەرجەمیان خەڵكی پارێزگای دهۆكن، ژنێك بەهۆی هێلەكی فریاكەوتنەوە لە ڕووداوەكە ڕزگاری بووە‌و 28 كاتژمێر لەناو ئاودا ماوەتەوە، ئەو ژنە‌ ڕووداوەكە دەگێڕێتەوە.

 

یەختەكە 35 سەرنشینی هەڵگرتووە، سەرلەبەیانیی دوێنێ لە كەناراوەكانی ئیزمیر لە دەریای ئیجە نقوم بووە كاتێك بەڕێوەبووە بۆ دورگەیەك لە یۆنان، تائێستا تەرمی 15 سەرنشین دۆزراونەتەوەو گەڕان بەدوای سەرنشینانی دیكەدا بەردەوامە.

 

مەهاباد ئیسماعیل عەلی، ژنێكی تەمەن 30 ساڵەو خەڵكی زاخۆیە، ئەو تاكە ڕزگاربوونی ڕووداوەكەیەو هاوسەرو 5 منداڵی بێسەروشوێنن.

 

مەهاباد بە گریانەوە ڕووداوەكەی بۆ میدیای توركیا گێڕاوەتەوە، باسلەوەدەكات ئەو هێلەكی ڕزگاربوونی لەبەردابووەو بەوهۆیەوە ڕزگاری بووە، دوای مانەوەی بۆماوەی 28 كاتژمێر لە ئاوەكەدا، تیمەكانی فریاگوزاریی دۆزیویانەتەوەو گەیاندویانەتە نەخۆشخانە، دەڵێت"دوای ژێرئاو كەوتنی یەختەكە نازانم منداڵەكانم چییان لێهات."

 

هاوسەرەكەی مەهاباد بەهەمانشێوە هێلەكی فریاگوزاریی لەبەردابووە، بەڵام تەنها بۆماوەی چەند كاتژمێرێك توانیویەتی لە ئاوەكەدا بمێنێتەوەو دواتر ئەویش لەبەرچاوی مەهاباد ونبووەو چارەنوسی نادیارە.

 

فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق دەڵێت، زۆرینەی سەرنشینانی ئەو یەختە كورد بوون‌و خەڵكی هەرێمی كوردستانن.

 

ئاری جەلال سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، دەڵێت"تا ئێستا تەرمی ١٥ كەس دۆزراونەتەوە كە دانیشتووی پارێزگای دهۆك و قەزای زاخۆن، سەرجەم ناسنامەو ڕەگەزنامەی باری شارستانییەكانیان لەلایەن ئێمەوە پارێزراوە."

 

ئاری جەلال بە ئاژانسی ئانادۆڵوی وتووە، لێكۆڵینەوەو گەڕان بە دوای بێسەروشوێن بووانی ڕووداوەكە بەردەوامە، وتیشی"تا ئێستا تەنها یەك ئافرەت ڕزگار كراوە، كە ئەویش ئافرەتێكی كوردەو دانیشتووی قەزای زاخۆیە، هەموو هەوڵێكمان دەدەین بۆ ئەوەی شتێك لە بارەی چارەنوسی بێسەروشوێنانی ڕووداوەكە بزانین."

 

سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، دڵنیایی بە كەسوكاری قوربانییان دەدات، هەموو كارێك دەكەن بۆ گەڕانەوەی ڕوفاتی قوربانیان، "دوای گرتنەبەری ڕێكارە یاساییەكان و هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە ماوەی یەك هەفتەدا لە ڕێوڕەسمێكدا هەڵدەستین بە گەڕاندنەوەی ڕوفانی قوربانییانی ڕوداوەكە بۆ پارێزگای دهۆك."

 

بەپێی ئامارەكانی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق، لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی داعش تا ئێستا، زیاتر لە 300 هاوڵاتیی عێراق‌و هەرێمی كوردستان لە ڕێگا سەخت‌و دژوارەكانی هەندەران گیانیان لە دەستداوەو لە ڕووبارەكاندا خنكاون، ئاری جەلال دەشڵێت"تەرمی زیاتر لە 160 كەسمان گەڕاندووەتەوە بۆ كەسوكاریان و چارەنووسی زیاتر لە 130 كەس تا ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە لە ڕێگا پڕ مەینەتییەكانی پەناهەندەیی."

 

سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە هەرێم، ئاماژە بە زیادبوونی ڕێژەی كۆچبەری دەكات لە عێراق‌و هەرێم، ئەوەش بە هۆكاری زیادبوونی ژمارەی قوربانییەكان دەزانێت، وتی"بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق دەكەین كە ئەوروپا ئەو بەهەشتە نییە كە ئەوان لە خەیاڵی خۆیاندا دروستی دەكەن، ڕێگا نایاساییەكان نەگرنە بەر و ژیان لە خۆیان و خانەوادەكانیان تێك نەدەن."