ڕۆژانە لە سلێمانی زیاتر لە 2 كەس توشی شێرپەنجەی مەمك دەبن، چۆن بەرەنگاری دەبیتەوە؟

23-10-2018 06:22
پشكنینی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك.

 

پەرەگراف

 

"دایمە بە خەڵك دەڵێم، وەرزش بكەن خۆ پارەی تێناچێت، هیچ نەبێت لەمسەری كۆڵانەكەتانەوە تا ئەوسەری كۆڵان بە خێرایی بڕۆن بەڕێدا ڕۆژانە بۆماوەی نیو سەعات" ئەمە وتەی پزیشكێكی پسپۆڕی شێرپەنجەی مەمكە بۆ هاڵاتیان وەك ڕێگایەك بۆ خۆپاراستن لە توش بوون بەو نەخۆشییە.

 

شێرپەنجەی مەمك بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە لە دونیادا، د.هاژە عەبدوڵا پسپۆڕی نەخۆشییەكە‌و سەرۆكی كلینكی فرەچارەسەری شێرپەنجەی مەمك لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، ئەمڕۆ لە سیمینارێكدا كە پەرەگراف ئامادەی بوو تیشكی خستەسەر نەخۆشییەكەو چۆنێتی خۆپاراستن‌و چارەسەركردن.

 

سیمینارەكە لەلایەن تۆڕی كچانی كوردستان ڕێكخرابوو لە ناو زانكۆی سلێمانی، ئەوەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەك چالاكیی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هاوڵاتیان دەربارەی شێرپەنجەی مەمك، ساڵانە مانگی 10 لە سەرتاسەری دونیا تەرخانكراوە بۆ ئەو نەخۆشییەو بڵاوكردنەوەی زانیاریی لەبارەیەوە.

 

شێرپەنجەی مەمك ناساغییەكە كە خانەكانی مەمك گەشەدەكەن بەبێ كۆنتڕۆڵ كردنیان‌و چەندین جۆری جیاوازی هەیە، باوترین جۆری شێرپەنجەی پلۆكەو كەناڵە(دوو بەشی سەرەكی مەمكن)، شێرپەنجەی مەمك دەتوانێت بڵاوببێتەوە لە دەرەوەی مەمك لە ڕێگەی دەماری خوێن‌و لیمفە دەمارەكان.

 

ساڵی ڕابردوو 14 ملیۆن كەس لە جیهاندا توشی شێرپەنجەی مەمك بوون، پێشبینی دەكرێت ساڵی 2030 ئەو ئامارە بەرزببێتەوە بۆ 21 ملیۆن‌و 700 هەزار كەس، ژمارەی ئەو ژنانەی لە جیهاندا دەكرێت بمرن بەهۆی شێرپەنجەی مەمك تا ساڵی 2030 بەرزدەبێتەوە بۆ دوو ئەوەندەو دەگاتە 3 ملیۆن‌و 200 هەزار كەس.

 

"بە گشتی نزیكەی نیوەی توشبووانی شێرپەنجە(بەهەموو جۆرەكانیەوە) گیان لە دەست دەدەن، لەبەرئەوە ئێمە لە جەنگێكی نەبراوەداین لەگەڵ ئەو نەخۆشییە"د.هاژە عەبدوڵا وای وت.

 

ئەو پزیشكە پسپۆڕە ئەوەشی خستەڕوو، لە هەر 29 چركەیەكدا كەسێك دیاریدەكرێت بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك، لەبەرئەوە زۆر بەربڵاوە، وتیشی"لای ئێمەش، هەفتانە 15 بۆ 18 كەس تەنها لە پارێزگای سلێمانی تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن‌و سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەكەن."

 

د.هاژە كە هاوكات مامۆستایە لە كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەی ژنان زیاتر تووشی نەخۆشییەكە دەبن، بەڵام پیاوانیش بەهەمان شێوە توشی ئەو نەخۆشییە دەبن‌و نەخۆشی پیاویان هەیە لە نەخۆشخانەی هیوا، وتی"لە هەر 8 ژن یەكێكیان توشی نەخۆشییەكە دەبێت، پیاویش لەسەد پیاو یەك دانەیان."

 

نەخۆشییەكە چوار پلەی هەیە، نمرە چوار قورسترینیانە‌و ئەوانەی حاڵەتەكەیان دەبێتە نمرە چوار لەسەدا 27یان ماوەیەكی زۆر دەژین، ئەوەش پێچەوانەی شێرپەنجەكانی دیكەیە، بۆنمونە؛ شێرپەنجەی پەنكریاس لە ماوەی 6 مانگدا كەسی توشبوو دەكوژێت، بەڵام توشبووانی شێرپەنجەی مەمك زۆربەیان زۆر دەژین یاخود چاك دەبنەوە، بەتایبەت ئەگەر زوو پێی بزانرێت‌و چارەسەر بكرێت بەرلەوەی تەشەنە بكات.

 

تەمەن ڕۆڵی هەیە لە توشبوون بەو نەخۆشییە، ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان 40 ساڵە لە 250 ئافرەت یەك دانەیان توش دەبێت، بەڵام ئەوانەی 60 ساڵن لە 27 ئافرەت دانەیەكیان توش دەبێت.

 

وەك د.هاژە باسیكرد، سوڕی مانگانە پێش تەمەنی 12 ساڵی‌و هەروەها بەردەوام بوونی سوڕی مانگانە دوای 50 ساڵ، خواردنی حەبی مەنع، گۆشتی سورو خواردنەوەی كحولی، زیادبوونی كێشی لەش‌و وەرزش نەكردن، ئەگەرەكانی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاتر دەكەن.

 

"وەرزش زۆر گرنگە، بەردەوام ببێتە خوو و ڕەوشتی ڕۆژانە، لانیكەم هەفتەی 4 كاتژمێر. ئەوانەی توش بوون‌و چارەسەری كیمایی وەردەگرن هەر یەكەم ڕۆژ پێیاندەڵێم لە ئەمڕۆوە دەستبكە بە وەرزش، وەرزش پێش توشبوون‌و دوای توشبوون‌و كاتی چارەسەر گرنگە" ئەو پزیشكە پسپۆڕە وا دەڵێت، وتیشی"لەسەدا 5 بۆ 10ی نەخۆشەكان ئەگەری هەیە بەشێوەی بۆ ماوە نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەبێت، واتە زۆرینەی زۆری خەڵك خۆی هۆكارە بۆ توشبوون."

 

نیشانەكانی توشبوون بە نەخۆشییەكە

بوونی گرێ‌و كیس لە مەمك‌و بنباڵ یەكێكە لە دیارترین نیشانەكان، بەڵام هەموو گرێ‌و كیسێك نا، چونكە زۆربەیان ئاسایین بەتایبەت لە كچانی گەنجدا، ئەگەر هەست بە گرێ كرا، دەبێت ئەو كەسە سەردانی پزیشك بكات، تاوەكو دیاریبكرێت گرێكە ئاساییە یان نا.

 

 

د. هاژە لەكاتی پێشكەشكردنی سیمینارەكەیدا. وێنە؛ پەرەگراف.

 

د.هاژە تائێستا نزیكەی ٨ هەزار نەخۆشی شێرپەنجەی هەبووەو ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە گێڕانەوەی هیوا بۆ زۆرێك لەو خانمانەی دوچاری نەخۆشییەكە بوون، بە سەدان نەخۆشی ئەو پزیشكە پسپۆڕە دوای وەرگرتنی چارەسەر چاكبوونەتەوە، ئەو وتی"مرۆڤ پێش ئەوەی توش ببێت لە قۆناغێكدایە پێی دەڵێن گواستنەوە(ئینتیقالی) ئەگەر لەو قۆناغە بە نەخۆشییەكە بزانرێت لەسەدا 95 چاك دەبێتەوە."

 

ئەو پزیشكە پسپۆڕە بە گرنگی دەزانێت، هەموو ئافرەتێك لە 20 ساڵییەوە مانگی جارێك خۆی پشكنین بۆ خۆی بكات، باشترین كاتیش 5 ڕۆژ دوای سوڕی مانگانەیە، ئەوانەی سوڕی مانگانەیان تەواو بووە هەموو یەكی مانگێك بكەنە ڕۆژی خۆپشكنین.

 

هەروەها هەموو ئافرەتێكی تەمەن 40 ساڵ دەبێت ئەشیعەیەكی مەمك بگرێت كە پێی دەوترێت (مامۆگرافی)، لە چەند نەخۆشخانەیەكی سلێمانی ئەو پشكنینە هەیە.

 

خانمان چۆن خۆیان بپشكنن مانگی جارێك

بۆ پشكنینی مانگانە پێویست بە سەردانی پزیشك ناكات، بەمجۆرە:

دەستت بەرزبكەرەوەو قۆڵت نزم بكەرەوەو دواتر كەمێك شانت بەرزبكەرەوەو دەست بخەرە كەلەكەت، بەهێواشی بە هەردوولادا بسوڕێ سەرنجی گۆڕانكارییەكانی سنگت بدە، (سەرنجی قەبارەو شێوە – گۆی مەمكت – شێوەی ڕەنگی پێست) ئەگەر گۆڕانكارییەكی نائاساییت بەدیكرد، وەك؛ گۆڕانی قەبارەی مەمك، سووربونەوەی مەمك یان گۆڕانی ڕەنگی پێست، ئاوسانی مەمك، گرێ یاخود بەناوداچوونی گۆی مەمك یان لاربوونەوەی گۆی مەمك‌و ناڕێك وەستانی مەمك. ئەوا سەردانی پزیشك بكە تا بزانرێت ئەو گۆڕانكارییە ئاساییە یان نا.

 

هەروەها وەك د.هاژە وتی، لەپی دەست بەكاردەهێنیت بۆ شێلانی گۆی مەمك‌و سنگت بە شێوەیەكی بازنەیی، ئەگەر هەستت بە گرێ كرد پێویستە سەردانی پزیشك بكەیت(هەموو گرێیەك شێرپەنجە نییەو زۆربەی گرێكان بەتایبەت لە كچانی گەنجدا ئاسایین، بەڵام دەبێت پزیشك بیپشكنێت بۆ ئەوەی دیاریی بكات) بۆ بوونی گرێی بنباڵیش بەهەمان شێوە.

 

پاشان زەخت بخەرەسەر مەمكت، سەرنج بدە ئەگەر خوێن یان شلەیەكی زەردباوی لێهات ئەوا سەردانی پزیشك بكە. هەندێكجاریش پشت ئێشە لە ئافرەتاندا نیشانەیەكە بۆ شێرپەنجەی مەمك بەبێ دەركەوتنی نیشانەكانی دیكە.

 

شێرپەنجەكە ئەگەر بگاتە نیو سانتیم بۆ یەك سانتیم ئەوكات لە پشكنین دەردەكەوێت، ئەوكاتەش مانای وایە ئەو پڕۆسەی دروستبوونی شێرپەنجەیە 5 بۆ 7 ساڵە دەستیپێكردووە، د.هاژە بۆ پەرەگراف وتی"لەبەرئەوە ئەگەر وەرزش بكرێت‌و گرنگی بە خواردن بدرێت، ڕێگرییەكی باشە لە دروست نەبوون‌و تووش نەبوون بە شێرپەنجە، چونكە نەخۆشییەكە بە یەك بازدان دروست نابێت‌و پڕۆسەیەكە ماوەیەكی پێدەچێت."

 

پزیشكەكانی نەخۆشحانەی هیوا لە سلێمانی هەروەك د.هاژە، كەسیان عەیادەی تایبەتیان نییە‌و خۆیان یەكلایی كردووەتەوە بۆ نەخۆشخانەكە، ئەوان یەكەم گروپن لە سەرتاسەری عێراق ئەو بڕیارەیانداوەو جێبەجێیان كردووە، نەخۆشخانەكە ناوبانگێكی باشی هەیە بۆ چارەسەركردنی توشبووانی شێرپەنجە لە عێراق.

 

بە پێچەوانەی كلتوری كۆمەڵگای كوردی، د.هاژە دەڵێت، هەڵەیە بە نەخۆش نەوترێت كە تووشی شێرپەنجە بووە، "لە ئەمەریكا توێژینەوە كراوە ئەوانەی پێیان دەوترێت زۆرتر دەژین‌و باشتر چارەسەرەكان كاریگەریی لەسەریان دەبێت."

 

دەربارەی نەخۆشخانەی هیوا، د.هاژە ئەوەی خستەڕوو، هیوا باشترین دەرمانەكانی دونیای هەیەو دوای ماوەیەكی كەم لە دەرچوونی نوێترین دەرمان لە ئەمەریكاوە دەگاتە لای ئەوان.

 

"شێرپەنجە بە بن گوێی هەر یەكێكمانەوەیەو دەبێت بزانین چۆن تووش دەبین‌و چۆن خۆمان بپارێزین" ئەمە لە كۆتا قسەكانی سیمینارەكەی ئەو پسپۆڕەی شێرپەنجە بوو، لەگەڵ تەئكید كردنەوە لە وەرزش كردن‌و گرنگیدان بە خواردن، هەروەها دوركەوتنەوە لە گۆشتی سورو چەوریی، لەگەڵ زۆر خواردنی سەوزەو میوە.

 

لە كۆتاییدا د.هاژە داوای لە ئامادەبووانی سیمینارەكە كرد چەپڵەیەك لێبدەن بۆ ئەو كەسانەی كە تووشی نەخۆشییەكە بوون‌و دواتر چاك بوونەتەوەو سەركەوتوو بوون‌و لە نەخۆشییەكەیان بردووەتەوە، بە چەپڵە لێدان كۆتایی بە سیمینارەكە هات.