سەرۆكی حكومەت بۆ دوكاندارانی بازاڕی لەنگەی هەولێر: ئەوەی لە توانادا بێت قەرەبووتان دەكرێتەوە‌

25-10-2018 07:02
بەكارهێنانی هەلیكۆپتەر بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكەی لەنگەی هەولێر. وێنە؛ محەمەد عومەر موسەویی.

 

پەرەگراف

 

"دڵنیابن ئەوەی لە توانادا بێت قەرەبووی زیانلێكەوتوان دەكرێتەوە‌"ئەمە پەیامی سەرۆكی حكومەتە بۆ زیانلێكەوتووانی ئاگرە گەورەكەی ئەمڕۆی بازاڕی لەنگەی هەولێر.

 

ئاگرەكە بەجۆرێك فراوان بوو زیاتر لە نیوەی دوكانەكانی بازاڕەكەی بە تەواوەتی سوتاند، لە كۆی 2 هەزارو 400 دوكان، زیاتر لە هەزارو 200یان سوتاون، بازاڕەكە ڕێگای چوونەوە ناوەوەی ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوەی نییە، ئەوەش هۆكاربوو بۆ تەشەنەكردن‌و درەنگ كۆنتڕۆڵ كردنی ئاگرەكە كە لە ناوەڕاستی بازاڕەكەدا كەوتبووەوە.

 

دوكانەكان زۆربەیان جلوبەرگی بالەیان تێدا دەفرۆشرا، لەگەڵ پێداویستی دیكەی دەستی دوو كە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەكرێن، هێشتا لایەنە پەیوەندیدارەكان هۆكاری ئاگرەكەیان ئاشكرا نەكردووە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەوروبەری كاتژمێر 3 كەوتووەتەوەو بە هەوڵێكی چڕی پیاوانی ئاگر كوژێنەوە‌و بەكارهێنانی هەلیكۆپتەر، لەگەڵ بارینی باران، توانرا لە كاتژمێر یەكی دوانیوەڕۆدا كۆنتڕۆڵ بكرێت.

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، نیگەرانیی خۆی بۆ كەوتنەوەی ئاگرەكە پیشانداو دەڵێت"هاوسۆزی زیانلێكەوتوانم. لیژنەیەكی تایبەت بەدواداچوون بۆ زیانەكان‌و گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بۆ دووبارەنەبوونەوەی دەكات‌. دڵنیا بن ئەوەی لە توانادا بێت قەرەبووی زیانلێكەوتوان دەكرێتەوە‌."

 

بەكارهێنانی هەلیكۆپتەر بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكەی لەنگەی هەولێر. وێنە؛ محەمەد عومەر موسەویی.

 

ئاگرەكە زیانی گیانی بەدواوە نەبوو، جگە لە بێهۆشبوون‌و دروستبوونی كێشەی هەناسە بۆ چەند كەسێك بەهۆی دوكەڵەوە، بەڵام زیانی ماددی زۆری بە دوكانەكان گەیاند.

 

"ئەوە دوكانی منە وا ئاگری دەگرێ، بەهەزار دەردەسەری دوكانێكی دانێ، ئەوە خێرە ماڵی دەوڵەمەندی ناسوتێ بەس هی فەقیری دەسوتێ، خوایە هەڵینەگری خوایە" ئەمە وتەی خاوەن دوكانێكی بازاڕی لەنگەی هەولێرە كە بە چاوی پڕ گریانەوە بەدیار سوتانی دوكانەكەیەوە دەردەدڵی خۆی دەكات.

 

ئەو كاسبكارە سوتانی دوكانەكەی بە ڤیدیۆ تۆماركردووەو بڵاویكردووەتەوە، ڤیدیۆكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بە فراوانی بڵاوكرایەوەو زۆركەس وەك پیشاندانی هاوخەمیی بڵاویان كردووەتەوە.

 

ئەو دوكاندارەی بازاڕی لەنگەی هەولێر لە ڤیدیۆكەدا دەشڵێت"لە دەمی ماڵ‌و منداڵی خۆت بگرەوە دوكانی پێبكڕە ئاوا لێت بسوتێنن، وەڵا ئەوەچیە شۆرتە، خێربوو هەمووی هەر شۆرتی كارەبا بوو، خێربوو؟ خێرە بەس دوكانی فەقیری دەسوتێ، ئەوە دوكانی منە، ئەوە جەرگی منە دەسوتێ، ئەوە ڕۆحی منە دەسوتێ، خوایە هەڵینەگری خوایە."

 

هەندێك لە خاوەن دوكانەكان توڕەن‌و ڕەخنەی تووند لە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە دەگرن، ئەوان دەڵێن"تیمەكان لەكاتی خۆیدا نەگەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە" بەڵام بەرگری شارستانیی هەولێر ئەوە ڕەتدەكاتەوە.

 

"لە هیچ ڕووداوێكی ئاگر هاوڵاتی لە تیمەكانی بەرگری شارستانی ڕازی نییەو قەت ناڵێ لەكاتی خۆیدا گەیشتووە، بەداخەوە" ئەمە وەڵامی عەمید شوان عەبدولقادر بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەولێرە بۆ ڕەخنەو گلەیی دوكاندارەكان.

 

عەمید شوان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی"لەبری ئەوەی هاوڵاتیان هاوكارمان بن، زۆربەداخەوە تیمەكانمان لەوانەیە هەندێكیان لێیان درابێت‌و سەیارەكانیشیان شكێندرابێت."

 

ڤیدیۆی دەردەدڵی خاوەن دوكانەكەی بازاڕی لەنگەی هەولێر